پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، باندێکی گەورەی قاچاخچیکردنیان بە خەڵک دەستگیرکردووە کە لە شەش کەس پێکھاتوون و کە ھاووڵاتییەکی سوری و فەڵەستینییەک و چوار ھاووڵاتی عێراقین.
وتیشی، ئەو باندە پارەیان لە کۆچبەران وەرگرتووە لە پێناو گواستنەوەیان بۆ ئەلبانیا و دواتر گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئاشکراشیکرد، ئەو شەش تۆمەتبارە، لە گوندێکی سەر سنووری ئەلبانیا دەستگیرکراون، بەڵام ھیچ کۆچبەرێک لەگەڵ قاچاخچییەکان نەدۆزراوەتەوە.
پۆلیسی یۆنان ئاماژەی بەوەشکرد، بەدوای حەوت ئەندامی دیکەی باندەکەدا دەگەڕێن کە تا ئێستا شوێنیان نادیارە.
لە ٢٨ی ئەیلولیشدا حەوت ئەندامی دیکەی باندەکە لە ھەمان ناوچە دەستگیرکران و لەو کاتەدا ١١ کۆچبەر بە دەستبەسەرکراوی لە کوخ و شوێنە سەربازییە جێھێڵراوەکاندا دۆزرانەوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵگە رایگەیاند، ژنێک لە کۆی سێ ژن لە جیھاندا روبەڕووی جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی جەستەیی و گێچەڵی سێکسی دەبێتەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن ژن و کچیش لە عێراق مەترسی توندوتیژییان لەسەرە، ٢٦%ی ژنانی عێراقیش رایانگەیاندووە لەسەر دەستی ھاوسەرەکانیان روبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە جیھاندا زیادیکردووە، لە بەغدادیش ژمارەیەکی کەم لە ژنان سکاڵا لەسەر ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمار دەکەن، ئەوانەشی سکاڵا دەکەن دەیانەوێت ناوەکانیان پارێزراو بێت یاخود دەیانەوێت لەگەڵ پۆلیسی ژن قسە بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمڕۆ، بزووتنەوەی حەماس ژمارەیەک بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد بکات، بەوەش کۆی ئازادکراوەکان بەپێی رێککەوتنەکانی نێوانیان دەگاتە ٥٠ ئیسرائیلی.
لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل ژمارەیەکی دیکە لە زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات کە لە ژن و منداڵ پێکھاتوون و کۆی گشتی ئازادکرداوە فەڵەستینییەکانیش دەگاتە ١٥٠ کەس.
ھاوکات دەیان کاروانی ھاوکاری مرۆیی دەگەنە کەرتی غەززە و بەشێکیشیان بەرەو ناوچەکانی باکور بەڕێ دەکرێن، کە یەکەمین جارە ئیسرائیل رێگەدەدات ھاوکاری بگاتە ئەو ناوچانە.
ئەگەرچی ئەمڕۆ ئەو ئاگربەستە کۆتایی دێت کە لە رۆژی ھەینییەوە بۆ چوار رۆژ راگەیەندرابوو، بەڵام بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی دەربڕیوە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و ئازادکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە بارمتەکان، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کرد بۆ ئازاکردنی ١٠ بارمتە بۆ ھەر رۆژێکی ئاگربەستەکە.
رۆنی جاکسن ئەندامێکی کۆمارییەکان لەسەر ویلایەتی تەکساس و پزیشکی پێشوو لە کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بایدن لەو کاتەوەی سەرۆکە زۆر بەخێرایی رەوشی تەندروستی بەرەو خراپی چووە و ناکرێت تا ئەو ماوەیەی ماوێتی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە یاخود چوار ساڵی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک، چونکە وڵات دووچاری مەترسی گەورە دەکاتەوە.
ئەو پزیشکە لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بوش و باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ کاری کردووە و پێشتریش ھۆشداریداوە سەبارەت بە ئاستی ھزر و ھۆشیاری بایدن، تەنانەت داوای کردووە پشکنینی ھزری بۆ بکرێت یاخود لەکێبڕکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ بکشێتەوە.
بایدن تەمەنی ٨١ ساڵە و بە تەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە، مشتومڕ لەسەر تەندروستی ئەو سەرۆکەش لەکاتێکدایە کێبڕکێ و بانگەشەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چڕ بووەتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، حەماس بارمتەیەکی ئەمریکی ئازاد کرد و چاوەڕێش دەکەن ئەو رێکخراوەی بارمتەی زیاتری ئەمریکی ئازاد بکات.
وتیشی، دەیەوێت ئاگربەست بکرێتە دەرفەتێک و ھاوکاری مرۆیی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێت.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر فەرمانی بە دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) کردبوو سەرکردەکانی حەماس لەھەرکوێیەک بن، بە ئامانجیان بگرن و بیانکوژن.
بەڵام رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلیی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ناتانیاھۆ بەڵێنی بە قەتەر داوە کە سەرکردەکانی حەماس لەو وڵاتەدا بە ئامانج ناگیرێن، ئەوەش پێش مەرجی سەرەکی قەتەر بووە بۆ ئەوەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا ببێتە نێوەندگیر.
لەسەر ئەو پرسە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی جیاواز وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە و رایگەیاند، لەماوەی ئاگربەستیشدا بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی تریشەوە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە وەفدێکی قەتەری سەردانی ئیسرائیلیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەردەوامیی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ ئاستەنگ کردووە.
کۆمپانیای ئیمپر بۆ ئاسایشی دەریایی بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە کەنداوی عەدەن دەستیبەسەردا گیراوە، ئەو کەشتییەش لەلایەن ملیاردێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەنداریەتی دەکرێت.
ھەرچەندە تائێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە دەستبەسەرداگرتنەکە رانەگەیاندووە، بەڵام ھەفتەیەک لەمەوبەر حوسییەکانی یەمەن دەستیانبەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا گرت.
حوسییەکانی یەمەن ھەڕەشەی ئەوەشیان کردبوو کە ئەگەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەوام بن، کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کەنداوی عەدەن و دەریای سور بە ئامانج دەگرن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی یەکشەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و فڕۆکەخانەی سەربازی ئەلمێزیان بۆردومانکرد، لە ئەنجامیشدا خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق راگیران.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای مانگێک لە بۆردومانکردنی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلەب، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق دەستپێبکاتەوە.
پێش بۆردومانەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە گەشتەکانی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رێگرییان کردوە لە ھێرشی ئۆکراین بۆسەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان.
دەشڵێت، ھێرشەکان ئاڕاستەی مۆسکۆ و ناوچەی وتولا و کالوگا و بریانسک کراون، بەڵام سەرجەمییان پوچەڵ کراونەتەوە.
پێشتریش فەرماندەی ھێزەکانی مۆسکۆ رایگەیاندبوو، ھێزەکانی بەرگری ئاسمانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانیان لە چەند ناوچەیەکی مۆسکۆ خستوەتە خوارەوە.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، ١١ ئەمبوڵانس و سێ پاس و قەرەوێڵەیەکی پزیشکی تەخت گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شیفا لە پێناو ھاوکاری زیاتری ئەو نەخۆشخانەیە ، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی سەختی بەخۆیەوە بینیووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە ئاگربەستەکە زیاتر بخایەنێت، دەزگاکانی فریاگوزاریی مرۆیی دەتوانن ھاوکاری زیاتر بۆ غەززە بنێرن.
وتیشی بەھۆی راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا ١٣٧ بارھەڵگر ھاوکارییان گەیاندۆتە غەززە.
کەتیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە، رایگەیاند، قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دواخستووە، تاکو ئەوکاتەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوانیان، راشیگەیاند، ئازادکردنی کاروانی دووەمی بارمتەکان، پەیوەستە بە پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێگەدان بە چوونی بارھەڵگری ھاوکارییەکان بۆ باکووری غەززە.
بڕیاروابوو ئێوارەی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی رۆژی دووەمی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس ٥٦ دیلی یەکتریان ئازاد بکەن، بەجۆرێک ئیسرائیل ٤٢ بارمتەی فەڵەستینی و حەماس ١٤ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکەن، وتەبێژێکیش بەناوی سوپای ئیسرائیلەوە رایگەیاند، ھۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئازادکردنی بارمتەکان، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتنی گەیشتنی بارھەڵگری ھاوکارییەکان بۆ غەززە.
رۆژی ھەینی ئاگربەستی نێوان حەماس وئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ٣٩ بارمتەی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ کران، ھەروەھا ١٠ ھاووڵاتیی تایلەندی و یەک ھاووڵاتیی فلیپینیش لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.
دەسەڵاتدارانی ئۆکراین رایدەگەیەنن، روسیا گەورەترین ھێرشی بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کردوەتە سەر کیێڤی پایتەخت و برینداربونی چەند ھاوڵاتییەکی لێکەوتوەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کییڤی پایتەختی ئۆکراین ھێرشی بەرفراوانی کراوەتەسەر بە درۆنی بۆمبڕێژراو و بوەتەھۆی برینداربونی پێنج ھاوڵاتی لە ناویاندا منداڵێکی ١١ ساڵ ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھێرشەکە بە درۆنی ئێرانی ئەنجامدراون و چەند ناوچەیەکی کیێڤ بۆردومان کراوە.
ڤیتالی کلیچکۆ، پارێزگاری کییڤ دەڵێت، نزیکەی ٤٠ درۆن ھێرشییان کردوە و تەقیونەتەوە.
ھاوکات وەزیری وزەی ئۆکراین رایگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشە بەرفراوانەوە نزیکەی ٢٠٠ باڵەخانە و ٧٧ یەکەی نیشتەجێبون لە کیێڤ کارەبایان بڕاوە.
نوسینگەی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا کە بەبۆنەی رۆژی جیھانی روبەڕبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەشداوە، ساڵی ٢٠٢٢ لە سەرانسەری جیھاندا ٨٩ ھەزار ژن و کچ بە ئەنقەست کوژراون.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو ئامارەش جێگەی نیگەرانییە چونکە لە ٢٠ ساڵی رابردودا بەرزترین ئاماری کوشتنی ژنانە و مانای وایە تائێستاش جیاکاری رەگەزی و توندوتیژی دژنان بەردەوامی ھەیە.
بەگوێرەی ئامارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا ئەنجامداوە، ٥٥٪ی توندوتیژییەکانیش لەلایەن ئەندامانی خێزان و ھاوسەرانەوە بەرامبەر ژنان ئەنجام دراوە.
حکومەتی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مانگی سوری نێودەوڵەتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دەستپێدەکات و لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانیان، ٣٩ دیلی فەڵەستینی ئازاد دەکەن و دەیانگێڕنەوە بۆ غەززە.
وتیشی، بارمتەکانی خۆیشیان دەستبەجێ رەوانەی پێنج نەخۆشخانەی ئیسرائیل دەکەن بۆ پشکنینی تەندروستییان.
حکومەتی ئیسرائیل حەماس بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی مووشەک ئاڕاستەی وڵاتەکەی کراوە بۆیە لەگەڵ حەماس لەگفتوگۆدایە بۆ راگرتنی شەڕ و زیادەڕۆییەکان لەکەرتی غەززە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، لە چاوپێککەوتنێکدا ئەوەی خستوەتەڕو، بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە ٣١ی ئازاری ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت، بە رەسمی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا ناکەن بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگاکان ھەماھەنگیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا چیتر بەرگەی نائومێدکردن ناگرن بۆیە پێویستە لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا ھاوکاری لەنێوان حیزبەکاندا ھەبێت، چونکە ئامانجی دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن یەکە و دەیانەوێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا حکومڕانییان نەکات.
حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٩ دوایین ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجامدرا و تیایدا ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆکایەتی جەھەپە و پشتیوانی ناڕاستەوخۆی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، توانی زۆرینەی دەنگی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە بەدەستبھێنێت.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای وڵاتەکەیان وەک ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنییدا ٣٩ فەڵەستینی زیندانیکراوی بۆ زیندانی عوفەری نزیک رامەڵە گواستەوە.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی تەندروستیی ئامادەکردووە تا ئەو بارمتانەی رادەستی دەکرێنەوە دەستبەجێ پشکنینیان بۆ بکات و دواتر بۆ دیداری کەسوکارییان رەوانەی پێنج نەخۆشخانەی ئیسرائیلیان دەکات.
بەسەرپەرشتی مانگی سوری نێودەوڵەتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆش لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی، ٣٩ دیلی فەڵەستینیش ئازاد دەکرێن و دەیانگێڕنەوە بۆ غەززە.
ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس چوار رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلیی و ١٥٠ بارمتەی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن.
ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەکاتێکدایە نزیکەی ٥٠ رۆژ شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامی ھەبوو، سەعاتی ٧:٠٠ ی بەیانی ئەمڕۆش بە کاتی غەززە، ماوەی ئاگربەستەکە کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە.