بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر فەرمانی بە  دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) کردبوو سەرکردەکانی حەماس لەھەرکوێیەک بن، بە ئامانجیان بگرن و بیانکوژن.

بەڵام رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلیی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ناتانیاھۆ بەڵێنی بە قەتەر داوە کە سەرکردەکانی حەماس لەو وڵاتەدا بە ئامانج ناگیرێن، ئەوەش پێش مەرجی سەرەکی قەتەر بووە بۆ ئەوەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا ببێتە نێوەندگیر.

لەسەر ئەو پرسە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی جیاواز وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە و رایگەیاند، لەماوەی ئاگربەستیشدا بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس بەردەوام دەبێت.

لەلایەکی تریشەوە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە وەفدێکی قەتەری سەردانی ئیسرائیلیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەردەوامیی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ ئاستەنگ کردووە.