لە قەزای شارەزوور نزیكەی هەزار كەس بە هۆكارێكی نادیار تووشی سكچون و رشانەوە بوون و گوماندەكرێت هۆكارەكەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە بێت، لیژنەیەكی تەندروستی سلێمانیش لێكۆڵینەوەی لەو بارەیەوە دەستپێكردووە.

بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا سامپڵی ئاویان وەرگرتووە و پشكنین دەكەن و تا ئەنجامی پشكنینەكان دەرنەچێت ناتوانن هۆكاری تووشبوون بە سكچوون و رشانەوەكە بە روونی ئاشكرا بكەن.

هاوكات لیژنەیەك  لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە ئەنجامبدات و هۆكارەكان دەستنیشانبكات. هەروەها لەلایەن تەندروستی سلێمانی پزیشكی پسپۆڕ و پێداویستی پزیشكی رەوانەی قەزای شارەزوور كراون بۆ ئەوەی رەوشەكە كۆنتڕۆڵبكەن.