یاساکە بە دەنگی زۆرینەی ٢٨٠ پەرلەمانتارانی وڵاتەکە پەسەندکرا و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکە دەکرێت و دوای ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ووڵاتەکەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە یاساکەدا ھاتووە، بەخێوکردنی سەگ و سەربڕینی بەمەبەستی خواردنی و بازرگانی پێکردن و دابەشکردنی قەدەغەیە و لەساڵی ٢٠٢٧ەوە جێبەجێدەکرێت و ئەو کەسەی سەگ سەردەبڕێت رووبەڕووی سزای زیندانی دوو بۆ ساڵ دەبێتەوە و غەرامەکەشی زیاتر لە ٢٢ ھەزار دۆلارە.
ھەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی خواردنی گۆشتی سەگ ڕووبەڕووی بەرھەڵستییەکی توندبوونەتەوە لەلایەن جوتیاران و کرێکارانی پیشەسازی گۆشتی سەگەوە و دژی بڕیارەکە وەستاونەتەوە، بەڵام چالاکوانان و ئاژەڵدۆستان پشتیوانی لە بڕیارەکە دەکەن.
خواردنی گۆشتی سەگ لە نێو گەنجان و دانیشتووانی شارەکانی کۆریای باشوور بە بەراورد بە خەڵکی گوندەکان زۆر کەمە و توێژینەوەکان دەریان خستووە کە زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتە چیتر حەز بە خواردنی گۆشتی سەگ ناکەن.
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لۆید ئۆستن لە نەخۆشخانەوە بەشێوەیەکی زۆر باش بەردەوامە لە راپەڕاندنی کارەکانی.
وتیشی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا چاوەڕێی گەڕانەوەی ئۆستن دەکات بۆ پنتاگۆن و رێزی ئەوەش دەگرێت کە ناوبراو بەھۆی دۆخی تەندروستییەوە، ناتوانێت وەک پێویست راپۆرتەکانی بۆ کۆشکی سپی بەرزبکاتەوە.
لە ھەفتەی رابردوەوە وەزیری بەرگری ئەمریکا رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، دواتریش ئۆستن رایگەیاند، دۆخی تەندروستی باشە و دوای چاکبوونەوەی رایگشتی لە ھۆکاری نەخۆشییەکەی ئاگادار دەکاتەوە.
بە پێی ئامارێک کە لەلایەن ئاژانسی ھەواڵی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، بەھۆی ئەو بومەلەرزەیەی رۆژی ١ ی ئەم مانگە ناوچەکانی ناوەڕاستی ژاپۆنی ھەژاند ، تا ئێستا ١٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە ، سەدان کەسیش بێ سەرو شوێنن و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و رزگاکردنیان بەردەوامە.
بە وتەی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە، سەرباری تێپەربونی زیاتر لە ھەفتەیەک بەسەر بومەلەرزەکەدا ، بەڵام تا ئێستا قەبارەی زیانەکان بە تەواوی نەزانراوە ، ئەوەش بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی لە رێگا و تۆڕەکانی پەیوەندییدا دروستبووە، بەتایبەت لە ھەریەک لە شارەکانی واجیما و سوزو ، بەڵام لە پارێزگای ئیشیکاوا زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ خانوو روخاون و ٥٩ ھەزار خێزان بەبێ ئاو و ١٥ ھەزار خێزانیش بێ کارەبوون.
سەردانەکەی بلینکن بۆ تەلئەبیب، لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەدایە کە بۆ وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامی داوە و پێش گەیشتنشی بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، وتەی لێپرسراوانی ئەو وڵاتانەی سەردانی کردوون دەگەیەنێت بە لێپرسراوانی ئیسرائیل و لەگەڵیان تاوتوێی ئاڕاستەی داھاتووی جەنگی غەززە دەکات.
بلینکن باسی لەوەشکرد ، لە سەردانەکەیدا بۆ ھەریەک لە تورکیا و ئوردن و قەتەر و ئیمارات و سعودیە ، دڵنیابونەتەوە لەوەی کە ئەو وڵاتانە ھەوڵی رێگریکردن لە فراوانبوونی ئالۆزییەکانی نێوان و ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس دەدەن و دژی فراوان بوونی ئالۆزییەکانن .
عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتۆتە ٤٣ ملیۆن و ٣٢٤ ھەزار کەس و رێژەی دانیشتوانی ناوچە شارستانیەکان لە سەدا ٦٩.٩ و دانیشتوانی گوندەکانیش لە سەدا ٣٠.١ بووە.
رونیشکردۆتەوە لە سەدا ٤١ ی دانیشتوانی عێراق تەمەنیان لە ١٥ ساڵ کەمترە و رێژەی لە سەدا ٥٧ ی دانیشتوانەکەش تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵدایە ، رێژەی لە سەدا ٣ ی دانیشتوانی وڵاتەکەش تەمەنیان سەرو ٦٥ ساڵە .
موحسین کەریمی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواوکردوە بۆئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کاڵایان بۆ ھەناردە دەکەن یاخود کاڵایان لێوە ھاوردە دەکرێت، سەرجەم مامەڵەکان بە تمەن رایی بکرێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی ھەژموونی دۆلار لەسەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
وتیشی، ھەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ عێراقیش ھەمان مامەڵە دەکەن و لە قۆناغی یەکەمیشدا کە بۆ شەش مانگی داھاتووە، سەرجەم سەرمایەدارانی ئێران دەتوانن مامەڵە ئابوری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق بە تمەن رایی بکەن.
بەپێی ئامارێک کە لەلایەن لێپرسراوانی ژاپۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، بەھۆی ئەو بومەلەرزەیەی رۆژی ١ ی ئەم مانگە ناوچەکانی ناوەراستی ژاپۆنی ھەژاند ، تا ئێستا ١٦١ کەس گیانیانلەدەستداوە ، ١٠٣ کەسیش بێ سەرو شوێنن و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و رزگاکردنیان بەردەوامە .
ھەربەپێی ئامارەکان ، بەھۆی بومەلەرزەکەوە تەنھا لە ویلایەتی ئیشیکاوا نزیکەی ٥٦٠ کەس بریندار بوون .
رۆژی ١ ی ئەم مانگە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧,٥ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەکانی ناوەراستی ژاپۆنی ھەژاند ، بومەلەرزەکە بە یەکێک لە بەھێزترین ئەو بومەلەرزانە ھەژمار دەکرێت کە لە دوای ساڵی ٢٠١٦ ەوە ئەو وڵاتەی ھەژاندووە .
بە پێی رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، ناتانیاھۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا رایگەیاندووە، دووچاری پەتای دزەکردنی زانیارییەکان بوون، بۆیە ھەر کەسێک ئامادەی کۆبوونەوەکانی وەزارەت و دانوستانە ئەمنییەکان بێت، ئەو تاقیکردنەوەیەی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ئەو لێدوانەی ناتانیاھۆ دوای ئەوە دێت کە روماڵێکی میدیایی و رۆژنامەوانی فراوان کرا لەسەر کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەبارەت بە ھەڵوێستی ئیسرائیل لەسەر غەززە بۆ دوای قۆناغی جەنگ.
میدیاکانی ئیسرائیل بەشێک لە کۆبوونەوەکەیان بە راستەوخۆ گواستەوە کە دەبوو داخراو بێت، کۆبوونەوەکەش مشتومڕی توندی ئەندامانی حکومەت و لێپرسراوانی سوپای لێکەوتەوە.
ھێرتسی ھالیڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تائەو کاتەی بزوتنەوەی حەماس بمێنێت و بە یەکجاری لەناوی نەبەن، شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت ئەگەر بە درێژایی ئەمساڵیش بێت، چونکە پێویستە ئەمە دوایین شەڕی ئیسرائیل بێت لەگەڵ حەماس بۆئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بە ھەڕەشە و مەترسییەکانی بھێنێت کە بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ ھەموو ئیسرائیلییەکان.
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوت-ی ئیسرائیلیش ئاشکرایکردووە، تێچووی شەڕ لە دژی بزوتنەوەی حەماس لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە تائێستا بووەتە مایەی نیگەرانی و شۆکبوونی سەرجەم دانیشتووان و ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیل، چونکە بەپێی ئامارەکان تائێستا تێچووی ئەو شەڕە گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار.
ترەمپ رەخنەی ئاڕاستەی ئۆستن کرد بەھۆی ئەوەی مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ چەند رۆژێک رانەگەیەندووە و داواشی کرد لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.
ترەمپ، ئۆستنی بە شکستخواردوو ناوبردووە، چونکە ئەرکی پیشەیی بەجێنەگەیاندووە، بەر لە نەخۆشکەوتنیشی ئەدای باش نەبووە.
بە وتەی ترەمپ، ئۆستن ماوەی ھەفتەیەک بێسەروشوێن بووە و تەنانەت جۆ بایدن نەیزانیوە لە کوێیە.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، ئۆستن ھێشتا لە نەخۆشخانەیە، شاردنەوەی ئەو بابەتەش لەلایەن پنتاگۆنەوە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی شەفافیەت نییە و نەخۆشی و مەترسیدارییەکەی نازانرێت، لەکاتێکدا کە ئەمریکا بە دەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت.
ئەنالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ھاوتا ئیسرائیلییەکەی لە قودس داوای لە ئیسرائیل کرد جەنگەکەی دژی حەماس ھێواشتر بکاتەوە و زیاتر خۆڕاگر بن، چونکە ناکرێت نەھامەتی خەڵک بەوشێوەیە بەردەوام بێت.
وتیشی، پێویستە سوپای ئیسرائیل ھەوڵی زیاتر بدات لە پاراستنی مەدەنییەکان لە غەززە و بەشێوەیەک روبەڕووی حەماس ببێتەوە کە فەڵەستینییەکان نەھامەتی نەبینن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ھۆشداریدا لە داواکاری چەند وەزیرێکی ئیسرائیلی بۆ گەڕانەوەوەی جولەکەکان بۆ غەززە و ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان، جەختیشی کردەوە لەوەی غەززە دەگەڕێتەوە بۆ فەڵەستینییەکان و نابێت خەڵکەکەی لە غەززە دەربکرێن.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای سەردانەکەی بۆ قودس، بچێتە میسر و چاوی بە سامح شوکری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بکەوێت، دواتریش دەچێتە لوبنان.
ئاژانسی بەهاناوەچون و خستنەسەركاری پەنابەرە فەلەستینییەكان "ئۆنروا" رایگەیاندووە ، بەهۆی گرژی و ئالۆزییەكانی كەرتی غەززەوە تا ئێستا 142 كارمەندی نەتەوەیەكگرتوەكان كوژراون و ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە مێژووی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەدا.
بەپێی ئامارێکی نوێ، لە ماوەی ٩٤ رۆژی رابردووی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ٧٧ ڕۆژنامەنووس کوژراون کە سیانیان لوبنانین و چواریان ئیسرائیلی و ئەوانی دیکەیان فەڵەستینین.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان کە بە (سی پی جەی) ناسراوە، ئەم ئامارە بەراورد لەگەڵ شەڕەکانی دیکەی مێژوو لە ڕووی ژمارە و کاتەوە بە تۆمارێکی پێوانەیی دادەنرێت، چونکە لە ماوەی جەنگی جیھانی دووەمدا ٦٦ رۆژنامەنووس لە ماوەی شەش ساڵدا کوژراون، لە جەنگی ڤێتنامیشدا کە ماوەی ٢٠ ساڵی خایاند، تەنھا ٦٣ رۆژنامەنوس کوژران.
لە شەڕی ناوخۆی عێراقیش کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بوو، ٣٢ رۆژنامەنووس کوژران، لە شەڕی ئۆکراینیش کە لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢وە دەستی پێکردووە، تا ئێستا ١٧ رۆژنامەنووس کوژراون.
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئێلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا دەستی لەکارکێشایەوە و سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا گۆڕانکاری لە کابینەی ئێستای حکومەتدا دەکات.
بۆرن لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتوەتە دەست چەند گۆڕانکارییەکی کردووە، لەوانەش درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی. دژی ئەو بڕیارەش فەڕەنسییەکان ناڕەزاییان دەربڕی و خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان ئەنجامدا.
بۆرن لە مانگی کانوونی یەکەمی٢٠٢٣شدا پڕۆژەیاسایەکی ئامادەکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد، کە تیایدا رێگە بە دەرکردنی کۆچبەران دەدات. دژی ئەو پرۆژەیاساش چەند لێپرسراوێک لەناو حکومەت و پەرلەمان ناڕەزاییان دەربڕی.
میدیا جیھانییەکان باس لەوەدەکەن، پێدەچێت گابرێل ئاتالی تەمەن ٣٤ ساڵ کە وەزیری پەروەردەیە، لە بری بۆرن پۆستی سەرۆک وەزیران بگرێتە دەست.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل ١٧ تاوانی کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجامداوە، بەھۆیانەوە ٢٥٠ کەس کوژراون و ٥١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە سەرەتای ھێرشەکانەوە تا ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ ھەزار و ٨٤ کەس لە غەززە کوژراون و ٥٨ ھەزار و ٩٢٦ کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەردا ١٣ ھەزار کەس لە ئیسرائیل برینداربوون، کە سێ ھەزار و ٤٠٠ کەسیان سەربازبوون.
رێکخراوی رزگارکردنی منداڵان کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رەوشی منداڵان لە کەرتی غەززە ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ئامارێکی رێکخراوی یونسێف تایبەت بە منداڵان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، تائێستا لەو شارە ھەزار منداڵ قاچێک یان ھەردوو قاچیان لەدەستداوە.
راشیگەیاندووە، بەپێی ئەو ئامارە رۆژانە لە کەرتی غەززە لانیکەم ١٠ منداڵ قاچەکانیان لەدەستدەدەن و زۆربەی ئەو نەشتەرگەریانەشی بۆ منداڵان کراوە بەبێ بێھۆشکردن ئەنجامدراوە لەبەرئەوەی ھیچ پێداویستییەکی تەندروستی لە غەززە نەماوە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە جەختیشیکردووەتەوە، نەھامەتی و کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر منداڵانی غەززە بەشێوەیەکە پێشبینی ناکرێت و لە جیھاندا وێنەی نییە.