جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی وردەکاری ھێرشەکەی رۆژی پێنج شەممە لە بەغداد کە بەھۆیەوە موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە ئەبو تەقوا یاریدەدەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغداد سەر بە حەشدی شەعبی کوژرا، باسی لەوە کردووە، ھێرشەکەی بە فەرمانی راستەوخۆی خۆی ئەو بووە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانی بۆ پاراستنی ھاوڵاتیانی ئەمریکا لەناوە و دەرەوی وڵاتەکەی و لەکاتی پێویستدا رێکار و رێوشوێنی تریش لە دژی ھێرشەکان دەگرنەبەر.
راشیگەیاندووە، بەو پێیەی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەمریکاشە، دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو جۆرە فەرمانانەی ھەیە لە پێناو توانا و بەرژەوەندی ھێزەکانی ئەمریکا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکەش لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان بووە کە لە ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسکراوە.
ئەحمەد وەحدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، چەند کەسێک کە پەیوەندییان بە کارە تیرۆرستییەکەی کرمانەوە ھەبووە دەستگیرکراون و دەزگا ھەواڵگری و ئەمنییەکان چەند بەڵگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە لەبارەی ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگا ھەواڵگری و ئەمنییەکان و لایەنە یاسایی و تایبەتمەندەکان ئەو پلانەی بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بکەرانی تەقینەوەکە دانراوە جێبەجێی دەکەن.
دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە سەرجەم ئەو کەسانەی دەستییان لەو کارەدا ھەیە دەستگیردەکرێن و زانیاری تەواو لای دەزگا ھەواڵگرییەکان بەردەستە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ھرتسی ھالیڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەرۆکایەتی تیمی لێکۆڵینەوەکە دەکات و وەزیری پێشووی بەرگری و چەند لێپرسراوێکی باڵای دیکەش لە تیمەکەدان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بڕیاریداوە تیمەکە لە نزیکترین کاتدا دەست بەکارەکانی دەکات و لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و ٩٠ رۆژی گەمارۆی سەر غەززە دەکەن.
دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە ئامادەکاریەکانی ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە و شەڕکردن لە کەرتەکە و ھێرشی لەناکاو بۆ سەر حەماس دەکرێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، ئامادەکاری دەکەن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی کەشتی فڕۆکە ھەڵگری جیراڵد فۆرد بۆ ئاوەکانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و جێگیرکردنەوەی لە داھاتوودا.
دەشڵێت، بەردەوامن لە دابینکردنی ئەو ھێزەی کە پێویستیانە بۆ ڕێگریکردن لە ھەر وڵاتێک یان قەوارەیەک کە ھەوڵی پەرەسەندنی قەیرانەکان بدات لە دەرەوەی غەززە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە بەردەوامن لە پاراستنی توانا سەربازییە بەرفراوانەکان لە دەریای ناوەڕاست و سەرتاسەری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و سەرھەڵدانی ھێرشی حوسیەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا کەشتی جیراڵد فۆردی ڕەوانەی ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست کرد، رۆژی دووشەممەی رابردووش ئەمریکا بێ ئاماژەدان بە ھۆکارەکەی کەشتییەکەی لە ناوچەکە کشاندەوە.
بەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور فەرمانیان بە دانیشتوانی دوورگەی یون بیونگ کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەوەش بەھۆی مەترسی ئەو موشەکانەی کە شەوی رابردوو پیونگ یانگ ئاڕاستەی دوورگەکەی کردن.
بەوتەی دەسەڵاتدارانی سیئۆل، شەوی رابردوو بیونۆگ یانگ نزیکەی ٢٠٠ مووشەکی بە دوورگەی یونبیونگی سەر سنوورەوە ناوە کە تەنھا ١٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورەو ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو ھەزار کەس دەبێت.
ھاوکات کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بڕیاریدا بە زیادکردنی بەرھەمھێنانی مووشەکی بالیستیکی، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ کۆریای باشوور و ئەمریکا.
یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ حەماس بۆی نییە بگەڕێتەوە غەززە و بڕیار وایە فەڵەستینیەکان لەوێ دەسەڵات بگرنە دەست بە مەرجێک نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
دەشڵێت، ئیسرائیل نیازی ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ھێزەکانی لە غەززە، بەڵام لە ئێستادا دەنگۆی وەستاندنی شەڕ راست نییە و بەردەوام دەبن.
ھاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل باس لە بوونی ناکۆکی دەکەن لەنێوان بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری لەسەر پلانی وڵاتەکەیان بۆ دوای شەڕ.
لە بەیاننامەیەکدا یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ جۆزێپ بۆرێڵ سەردانی لوبنان دەکات سەردانەکەش بەئامانجی کەمکردنەوەی ململانێکانە لە ناوچەکەدا.
دەشڵێت، بۆرێڵ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی لوبنان کۆدەبێتەوەو تا رۆژی یەکشەممە درێژە بە سەردانەکەی دەدات کە تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنەکان بەھۆی شەڕی غەززەو ئاڵۆزییەکان لە سنووری لوبنان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و زیادکردنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارەکان دەکەن.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆرێڵ جارێکی دیکە جەخت لەسەر گرنگی زیادکردنی ھەوڵە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە دەکاتەوە ئەوەش بە ئامانجی رەخساندنی زەمینەیەک بۆ چارەسەری کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ لە ناوچەکە.
جۆ بایدنی تەمەن ٨١ ساڵ کە ئێستا سەرۆکی ئەمریکایە لە ڕاپرسییەکانی ئەم دواییانەدا لە دوای دۆناڵد ترامپی رکابەریەتی و بڕیار وابوو سبەینێ شەممە لە سێیەمین ساڵیادی ھەڵکوتانەسەر کاپیتۆڵ وتارێک پێشکەش بکات، بەڵام بەھۆی پێشبینی روودانی زریانەوە وتارەکەی ئەمڕۆ خوێندەوە.
جولی شافێز، سەرۆکی تیمی کەمپینی بایدن رایگەیاندووە، کەمپینەکەیان ناوناوە شەڕ لەپێناو رۆحی ئەمریکادا و پێیانوایە ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٠ گەورەترین ھەڕەشە بووە بۆ سەر دیموکراسیەتی ئەمریکا.
لە ٦ی کانووی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا لایەنگرانی ترەمپ ھەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیان رەتکردەوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بە چەند کورسیەک پێش ترەمپ کەوت.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، لەسەر تەقینەوەکەی کرمان ١١ کەسیان دەستگیرکرد کە ئاسانکارییان کردووە بۆ تەقینەوەکە کردووە و یەکێک لەوانەی تەقینەوەکەی ئەنجامداوە خەڵکی تاجیکستانە.
ھاوکات، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، چەند کەسێک کە پەیوەندییان بە کارە تیرۆرستییەکەی کرمانەوە ھەبووە دەستگیرکراون و دەزگا ھەواڵگری و ئەمنییەکان چەند بەڵگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە لەبارەی ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگا ھەواڵگری و ئەمنییەکان و لایەنە یاسایی و تایبەتمەندەکان ئەو پلانەی بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بکەرانی تەقینەوەکە دانراوە جێبەجێی دەکەن.
دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە سەرجەم ئەو کەسانەی دەستییان لەو کارەدا ھەیە دەستگیردەکرێن و زانیاری تەواو لای دەزگا ھەواڵگرییەکان بەردەستە.
ئەمڕۆ ھەینی، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن رایانگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی بومەلەرزەکەی سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٩٢ کەس و ٢٤٢ کەسی تریش بێسەروشوێنن.
دەشڵێت، ژمارەی ھێزەکانی بەرگری شارستانیش بۆ دوو ھێندە زیاد کراون تاوەکو کار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە بکەن کە بێسەروشوێنن.
ئاماژەبەوەشکراوە، چەندین کەس لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و دەیان ھەزار دانیشتووی باشوری ژاپۆنیش بێ کارەبا ماونەتەوە ھەروەھا زیاتر لە ٣٣ ھەزار کەسیش ئاوارەبوون.
ھاوکات، فومیۆ کیشێدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە دۆزینەوەی بێسەروشوێن بوان و بڕی ٣٤ ملیۆن دۆلاریشیان بۆ یارمەتیدانی قوربانیان تەرخان کردووە.
لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ ژاپۆانی ھەژاند و ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی تری جیھانیش ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنی حکومەتی ژاپۆن دەربڕی.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا بڕیارێکی ئیمزاکرد سەبارەت بە پێدانی رەگەزنامەی روسیا بەو بیانیانەی گرێبەستیان ئیمزاکردووە بۆ خزمەتکردن لە ھێزە چەکدارەکانی روسیا و ئەندامانی خێزانەکانیان و بەڵگەنامەکەش لە ماڵپەڕی رەسمی روسیا بڵاوکرایەوە.
لە بڕیارەکەدا ھاتووە، ئەو ھاووڵاتییە بیانییانەی کە پەیوەندیی بە سوپای روسیاوە دەکەن، مافی ئەوەیان ھەیە داوای رەگەزنامەی روسیا بکەن، ھەمان مافیش بۆ ئەو ھاووڵاتییە بیانیانە ھەیە کە دەستیان لە ھێزە چەکدارەکانی رووسیا کێشاوەتەوە.
لە ھێرشە سەربازییەکەی رووسیا کە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆسەر ئۆکراین دەستیپێکرد، مەزەندەی کوشتنی٢٧ ھەزار سەربازی روسیا کراوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا پێیوایە روسیا تووشی لەدەستدانی یەک لەسەر سێی ھێزەکەی بووەو ژمارەی کوژراوان و بریندارانی گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠ ھەزار سەرباز.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە دووری نازانن رەوشی لوبنان بەرەوی خراپی بڕوات و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە پەرەبسێنێت، بە تایبەت دوای کوشتنی ساڵح عروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە بەیروت.
داواشی لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بە زووترین کات لوبنان بەجێبھێڵن و بگەڕێنەوە ئەڵمانیا، یاخود ھەر وڵاتێکی تر کە ئارامە، چونکە رەوشی ناوچەکە بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە و سەقامگیر نییە.
رۆژی سێی ئەم مانگەش حزبوڵای لوبنانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووداوی تیرۆرکردنی عاروری پێشھاتێکی مەترسیدارە و بێ وەڵام تێناپەڕێت.
ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی راگەیەندراوێکیان لە بارەی دۆخی دەریای سور بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن ھەنگاو دژی حوسییەکان بنێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، داوای ھەنگاوی بەپەلە دەکەن دژی ھێرشی نایاسایی و دەستبەسەردا گرتنی کەشتیە بازرگانییەکان و تیمەکانیان، دەشڵێن، حوسییەکان بەرپرس دەبن لە ھەر دەرەنجامێک لە ئەگەری بەردەوام بوون لە ھێرشەکانیان، چونکە ئەو ھێرشانە ھەڕەشەن بۆ سەر ژیان و ئابوری جیھان و بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان.
ھاوکات، جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا باسی لەوەکردووە، مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان و ھاوپەیمان و ھاوبەشەکانیان بکەن و ھەر کارێک دژی حوسییەکانیش بکرێت پێویستە زۆر بە وریایەوە ئەنجام بدرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکاوە راگەیاندوە، ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەگاتە ئیسرائیل و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە دواین پێشھاتەکانی جەنگی غەززە تاوتوێ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی بلینکن تەنھا چەند سەعاتێک دەخایەنێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ئەوە چوارەم جارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری دوو لێپرسراوی ئێرانیەوە رایگەیاند، سەرەڕای بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەھۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، عەلی خامنەئی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە لێپرسراوانی وڵاتەکەی دەکات پشودرێژبن بەتایبەت لەدوای تەقیینەوەکەی کرمان و کوژرانی سەرکردەی حزبولڵای لوبنانی.
وتیشی، خامنەیی داوای لە لێپرسراوانی ئێرانی کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەدوور بگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، خامنەیی فەرماندە سەربازییەکانی راسپاردووە پەیڕەوی پلانی ستراتیژی بکەن و ھەموو ھەوڵێک بدەن بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لەو ھێرشانەی بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەستیان پێکردوە.
جۆن کێربی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا کۆتا پاکێجی گەیاندنی ھاوکاری بۆ ئۆکراین واژۆکردووە، ئەوەی ھەبوو چیتر نەماوەو تەواو بووە، بۆیە ئیدارەی ئەمریکا رەزامەندی کۆنگرێسی پێویستە بۆ تەرخانکردنی پارەی زیادە بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی پشتگیری بۆ ئۆکراینا.
کێربی ئاماژەی بەوەشدا، دوایین پاکێجی ھاوکارییەکان کە لە ٢٧ی کانوونی دووەمدا لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا واژۆ کراوە، ھێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە ئۆکراین.
کۆتایی ساڵی رابردوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆتا پاکێجی ناردنی ھاوکاری سەربازی بە بەھای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراین راگەیاند.
لە ئێستاوە بەدواوە گەر ئەمریکا بیەوێت ھاوکاری رەوانەی ئۆکریان بکات ئەوا پێویستی بە رەزامەندی کۆنگریس دەبێت، بەڵام پێشتر کۆمارییەکان رەتیانکردەوە تا دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ناردنی پاڵپشتی دیکە بۆ ئۆکراین دەرببڕن.