ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکردووە، تا ئێستا ھیچ پلانێک دانەنراوە بۆ کۆبوونەوەی چوار قۆڵی نێوان روسیا و سوریا و تورکیا و ئێران، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
پێشتریش، ئەلکساندەر لاڤرینتیڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی، نەخشەڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ھێشتا ئامادە نییە، ھیچ لایەکیش رێککەوتنی لەسەر نەکردووە.
لە ١٠ی ئایاری ساڵی رابردوو، یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی روسیا و تورکیا و سوریا و ئێران ئەنجامدرا، بەڵێنیاندا بە ئامادەکردنی رەشنوسێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران داوای لە گروپە چەکدارەکانی کردووە لە سوریا چالاکییە سەربازییەکانی دژی سەربازگەکانی ئەمریکا رابگرن، بە تایبەت لە دێرەزوور کە چەند سەربازگەیەکی ئەمریکی تێدایە .
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە عێراقیش کەتائیبی حزبوڵای عێراقی بریاریدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ھێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا رابگرێت.
پێشتریش گروپی چەکداری کەتائیبی حزبوڵا لە عێراق ھێرشەکانی بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا راگرت.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاندووە، تەنھا لەماوەی ٢٤ سەعاتدا سوپای ئیسرائیل بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە ١٦ کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە ١٥٠ کەس کوژراون و ٣١٣ کەسی تریش برینداربوون، کە تائێستاش ژمارەیەکیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکاندان چونکە بەھۆی چڕی بۆردومانەوە تیمە فریاگوزارییەکان ناتوانن تەرمەکان دەربھێنن و بەھانای بریندارەکانەوە بچن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە سەرەتای ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە کە نزیکەی ١٢٠ رۆژە بەردەوامە، تائێستا ٢٦ ھەزار و ٩٠٠ کەس کوژران و ٦٥ ھەزار و ٩٤٩ کەسیش برینداربوون کە زۆربەی کوژراو و بریندارەکانیش ژن و منداڵن.
جەھانبەخش سەنجابی، بەرپرسی ژووری بازرگانی ھاوبەشی ئێران و عێراق رایگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا سەرەڕای گەمارۆکان ھەناردەی ئێران بو عێراق ٣٠% زیادیکردووە و ٢٥%ی بازاڕی عێراق لە دەست بازرگانانی ئیرانیدایە. ئەوەش ناشارێتەوە کە گەمارۆکان تێچوویەکی زۆری بۆ بازرگانانی ئێران دروستکردووە.
بە وتەی سەنجابی، بازرگانانی ئێران لە ھەر دۆلارێکدا ١٨٠ دینار زیان دەکەن، چونکە بانکی ناوەندی عێراق دۆلار بە بازرگانانی ئێران نادات.
ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەڕای ھەموو گرفتەکان، ھەناردەی ئێران بۆ عێراق بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ھەناردەی ئێران بۆ عێراق ١٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین پێشوازی لە گەڕانەوەی ٢٠٧ سەربازی ئۆکراینی کرد کە لەلایەن سوپای روسیاوە دەستبەسەر کرابوون.
لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندوو، نزیکەی ١٩٥ سەربازی روسیا ئازادکراون.
ھەروەھا بەڵێنی ئەوەی داوە کە تەواوی سەربازە دیلەکانی روسیا بگەڕێنێرێنەوە و ئازاد بکرێن.
ئەوەش پێنجەمین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی لەو جۆرەیە لەنێوان ھەردوو وڵات، تا ئێستاش سێ ھەزار و ٣٥ سەربازی دیلی ئۆکراینی لەو نێوەندەدا ئازاد کراون.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئوردن داوە، جەختیشیکردەوە ئێران بەرپرسە لەو ھێرشە و ئەمریکا نایەوێت شەڕی بەرفراوان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵبگیرسێت.
ھاوکات کەناڵی "ئەلجەزیرە" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتێکی نێوەندگیرەوە زیاتر لە پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە، سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جەختیلەوەکردووەتەوە، نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران ھەڵبگیرسێنێت، بەڵام ھۆشداری داوە لەوەی، فراوانبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، ھەڵوێستی توندی ئەمریکای بەرامبەر ئێران لێدەکەوێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی ئێران ھۆشدارییەکانی ئەمریکایان ڕەتکردووەتەوە و جەختیان لەوەکردووەتەوە، بەئامانجگرتنی خاکی ئێران ھێڵی سوورە و وەڵامی توندیان دەبێت بۆ ھەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لەوشێوەیە، جەختیشیانلەوەکردووەتەوە، کە ئێران شەڕی لەگەڵ ئەمریکا ناوێت.
٢٧ی ئەم مانگە، بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری ئوردن و سوریا بە درۆن بۆردومانکرا و لەئاکامدا سێ سەربازی ئەمریکی گیانیانلەدەستدا، زیاتر لە ٣٠ سەربازی دیکەش برینداربوون و ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبارکرد.
نوسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران سەر بە وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردەوە، لە سێدارەدانی ئەو چوار ھاووڵاتییە کوردە پێشێلکردنی روونی مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، لە لێپرسینەوە لە ئێرانیش لەوبارەیەوە بەردەوام دەبن.
راشیگەیاند، ئیدانەی لە سێدارەدانی ئەو چوار ھاووڵاتییە کوردە دەکەن، کە پێشتریش روبەڕووی ئەشکەنجە و دادگایی ناداپەروەر بوونەتەوە.
ئەو چوار زیندانییەی لە سێدارەدراون کوردن و پێکھاتوون لە موحسین مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ، محەمەد فەرامەرزی ٢٨ ساڵ، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ و پژمان فاتیحی ٢٩ ساڵ.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئەو چوار کەسە دۆسیەکەیان ناڕوون بووە و لە ماوەی ١٨ مانگی دەستبەسەربوونیاندا لە ھەبوونی پارێزەریش بێبەشکرابوون، ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بوون و لە ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە گوندی "یەنگەجە" لە نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئورمییە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرابوون.
وتیشی، دەزگای ھەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمریکا کار دەکەن لەسەر لێکۆڵینەوە لەو تاقیکردنەوە مووشەکییە، بە چڕیش چاودێری چالاکییەکانی کۆریای باکوور دەکەن.
تاقیکردنەوەی مووشەکی کرووز ناچێتە چوارچێوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە بەسەر کۆریای باکوور سەپاندوویەتی، لەکاتێکدا تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی لە چوارچێوەی سزاکاندایە.
ئەوەش سێیەمین جارە کە کۆریای باکوور لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا مووشەکی کرووز تاقیدەکاتەوە.
عەلی مەناز ساڵی ١٩٩٣ لە پارێزگای سەمسوری باکوری کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی ھەوڵدان بۆ دابەشکردنی تورکیا دەستگیر کرا و سزای ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ کەمکرایەوە.
دوای ئازادبوونیشی لە زیندان عەلی مەناز وتی، ئیرادەی خۆی و ھاوڕێکانی لە زیندان زۆر باشە و ھاوڕێکانی سڵاویان بۆ خەبات و بەرخودانی گەلی کورد ھەیە، ئومێدەواریشە ھەمووان لەسەر ئەو خەباتە بەردەوام بن.
رۆژی سێشەممە دادگای پاکستان سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ھەریەک لە عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و شا مەحمود قوڕەشی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی پاکستاندا سەپاند.
ئەو دوو لێپرسراوە لەسەر "دزەپێکردنی بەڵگەنامە نھێنییەکانی دەوڵەت" سزادران، بە تۆمەتی ئەوەی عیمران خان نامەیەکی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتۆن ئاشکراکردووە کە تیایدا باس لەوەکراوە واشنتۆن تێوەگلاوە لە دورخستنەوەی لە پۆستەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا.
دوورخستنەوەی عیمران خان لە ژیانی سیاسی لە کاتێکدایە مانگی شوباتی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە پاکستان بەڕێوەدەچێت.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، ئیسرائیل پێنج جار ھێرشی کردووەتە سەر خاکی سوریا، ھێرشەکانیش سیانیان ھێرشی ئاسمانی و دووانەکەی دیکەشیان زەمینی بوون و بە زۆری ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای دیمەشقیان گرتووەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ھێرشەکاندا ١١ بنکەی سەربازی و کۆگای چەک و تەقەمەنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج و بەھۆیانەوە، ٢٣ کەس کوژراون، لە نێویاندا ھاوڵاتییەکی مەدەنی ھەیە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕوانگەی سوری ڕاشیگەیاندووە، ئیسرائیل لە بۆردومانەکانی ئەم دواییەیدا، زیاتر لە پارێزگایەکی لەیەک کاتدا کردووەتە ئامانج.
سەزای تەمەلی، جێگری سەرۆکی دەم پارتی باسی لە لێدوانەکانی باشاک دەمیرتاش کرد سەبارەت بە کاندیدکردنی بۆ گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و وتی، داواکاری باشاک دەمیرتاش ھەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەوان، بەڵام دەیانەوێت ھەموان داواکاری پێشکەش بکەن و دواجار کۆمیسیۆنەکانیان بڕیاری کۆتایی دەدات لەوبارەیەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، لە ٣١ی ئازاری داھاتوو بە بەشداری ٣٦ پارتی سیاسی بەڕێوەبچێت.
لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل ھێزەکانی لە کەرتی غەززە ناکێشێنێتەوە و ھەزاران دەستگیرکراوی فەلەستینیش ئازاد ناکات.
ناتانیاھۆ ھەموو جۆرە دەنگۆیەکی سەبارەت بە ھەندێک مەرجی رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەبێ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانیان، کۆتایی بەم شەڕە ناھێنن، ئەمەش بە واتای نەھێشتنی حەماس و گەڕاندنەوەی ھەموو بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نەکات.
ئەو وتانەی ناتانیاھۆ دوای لێدوانێکی ئیسماعیل ھەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ھات کە ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، بزووتنەوەکە پێشنیازی پاریسیان بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
ھەنیە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەولەویەت کۆتاییھێنانە بە ھێرشی سەربازی ئیسرائیل و کشانەوەی تەواوەتی ھێزەکانی لە غەززە، وتیشی، سەردانی قاھیرە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارزەکەی پاریس.
پێشتر نوسینگەی ناتانیاھۆ رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە لە پاریس لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکی، میسری، قەتەری و ئیسرائیل سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە "بنیاتنەر بووە" بەڵام ھێشتا ناکۆکی لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە.
نووسینگەی ئاماری نیشتمانی بەڕیتانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئاکامی زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی کۆچبەران، پێشبیندەکەن ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٣٦ شەش ملیۆن و ١٠٠ ھەزار زیادبکات و بگاتە ٧٣ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ساڵی ٢٠٢٢، ژمارەی کۆچبەران لە بەریتانیا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە، کە ٧٤٥ ھەزار کۆچبەر بووە و لەو کاتەشەوە ئامارەکە بە بەرزی ماوەتەوە.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بلاویانکردەوە، ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا و"ھەسەدە" و"یەپەژە" لە ٢٧ی ئەم مانگە قۆناغی سێھەمی ئۆپەراسیۆنی"مرۆیی و ئەمنی" لە کەمپی ھۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا ٣١ ئەندامی داعش دەستگیرکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە٨٠٪ی کەمپەکە پشکنینی بۆ کراوە، لە یەکەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا، ھێزە بەشداربووەکان دەستیان بەسەرچەندیین میندا گرتووە، ھەروەھا دوو ئەندامی داعش دەستگیرکرا و تونێلێکیش دۆزراوەتەوە، لە دووەم رۆژیشدا ٢١ کەس بە تۆمەتی ھاوکاری شانە نوستووەکانی داعش دەستگیرکران.
ھەروەھا لە سێیەم رۆژدا، کارەکانی گەڕان و پشکنین لە بەشی کۆچبەران بەردەوام بووە و چەندین پەناگەی نوێیدۆزراوەتەوە و ھەشت ئەندامی داعش دەستگیرکراون، دەستیش بەسەر ئاڵای داعش و چەندین دراوی کانزایی و بۆمبی دەستیدا گیراوە.
گروپی چەکداری کەتائیبی حزبوڵا لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی پابەندبوونیان بە بنەما مرۆییەکانەوە و بە مەبەستی لە شەرمەزارنەکردنی حکومەتی فیدراڵ، بڕیاریانداوە سەرجەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا ھەڵپەسێرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جیاواز لە بەئامانجگرتنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە ڕێگەی دیکە بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەلی غەززە، داواشی لە چەکدارەکانی کردووە، تەنھا بەرگری بکەن لەبەرامبەر ھەر ھێرشێکی ئەمریکا، کە بکرێتە سەریان.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی عێراقی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بڕیارەکەی حزبوڵا دوای پەیوەندی چڕی حکومەتی عێراق ھاتووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و گروپە چەکدارە عێراقییەکان بۆ رێگرتن لە گرژی زیاتری دوای ھێرشەکەی ئوردن.
ھاوکات، ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی راگەیەنراوەکەی کەتائیبی حزبوڵا ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە سوریا و عێراق دەگرنەبەر و لێپرسینەوەش لە ھەر گروپێکی چەکداری دەکەن، کە ھێرش بکاتە سەریان.