کەتائیبی حزبوڵا لە عێراق ھێرشەکانی بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا ھەڵپەسارد
کوردسات نیوز
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
١٬٢٨٧
گروپی چەکداری کەتائیبی حزبوڵا لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی پابەندبوونیان بە بنەما مرۆییەکانەوە و بە مەبەستی لە شەرمەزارنەکردنی حکومەتی فیدراڵ، بڕیاریانداوە سەرجەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا ھەڵپەسێرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جیاواز لە بەئامانجگرتنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە ڕێگەی دیکە بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەلی غەززە، داواشی لە چەکدارەکانی کردووە، تەنھا بەرگری بکەن لەبەرامبەر ھەر ھێرشێکی ئەمریکا، کە بکرێتە سەریان.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی عێراقی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بڕیارەکەی حزبوڵا دوای پەیوەندی چڕی حکومەتی عێراق ھاتووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و گروپە چەکدارە عێراقییەکان بۆ رێگرتن لە گرژی زیاتری دوای ھێرشەکەی ئوردن.
ھاوکات، ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی راگەیەنراوەکەی کەتائیبی حزبوڵا ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە سوریا و عێراق دەگرنەبەر و لێپرسینەوەش لە ھەر گروپێکی چەکداری دەکەن، کە ھێرش بکاتە سەریان.