سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەربازێکیان لە کەتیبەی ئەندازیاری لە شەڕەکانی باشوری کەرتی غەززە کوژراوە کە تەمەنی ٢٤ ساڵە و سەربازی یەدەگ بووە.
راشیگەیاندووە، بە کوژرانی ئەو سەربازە، کۆی گشتی ئەو سەربازە ئیسرائیلیانەی لە ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە بەھۆی جەنگی غەززەوە کوژراون گەیشتۆتە ٥٦٢ سەرباز .
ستیڤان دوژرایک، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانە لە مەترسییەکانی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکات رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، داوا لە ھەمووان دەکەن کار بۆ کەمکردنەوەی تێچووی مرۆیی و دارایی زیادبوونی گرژییەکان بکەن لە ناوچەیەکەدا، کە خۆی لە بنەڕەتدا دوور لە ئاسایش و ئارامییە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی ئەو ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشیان کردوەتەسەر چەند پێگەیەکی سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا، وتیشی، وەڵامی ئەمریکا سەرەتایەکە و بەردەوام دەبن لە ھێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی دیاریکراون.
دەشڵێت، ئەمریکا بە دوای ئاڵۆزیدا ناگەڕێت لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت ئازاریان بدەن، پێویستە بزانن ئەگەر ئازاری ھەر ئەمریکیەک بدەن وەڵامی توندیان دەدرێتەوە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاش وتی، بەرگەی ئەوە ناگرن ھێرش بکرێتەسەر ھێزەکانیان و رێکاری پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا و ھێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان دەگرنەبەر.
کۆشکی سپیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پێش ئەوەی ھێرشبکەنەسەر ناوچە سنورییەکان، حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردوەتەوە.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی بایدن ھەست بەوە بکات کە ستراتیجیەتەکەیان بۆ رازیکردنی ئێران سەرکەوتوو نەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو لەناوچون دەبات و زیان بە سەقامگیری ھەرێمی دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەمریکا دژی ھەر ئەو ھەوڵێک بوەستێتەوە کە زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت و وەڵامی ھەڕەشە و مەترسیەکان دژی ھاوپەیمانەکانیشی بدرێتەوە.
وتیشی، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بایدن خەبەری بێتەوە و ھەست بەوە بکات سیاسەتەکەی بەرامبەر ئێران شکستی ھێناوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٦٠ ھێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازی و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ھاوکات، تۆجەر ویکەر، سیناتۆری ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر بارەگا سەربازیەکان دەکات، بەڵام کاتەکەی درەنگە و دوای چەندین ئاگادارکردنەوەی ئێران ئینجا ھێرشەکە ئەنجامدراوە کە ئەمەش رێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەو گروپانە ئامادەسازی بکەن.
لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا ھێرشی کردەسەر بارەگای گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ ئەوەی ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا بوەستێنن.
وتیشی، لە ئەگەری بەردەوامی ھێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت.
دەشڵێت، بایدن بە وردی لێکدانەوەی بۆ بابەتی ھێرشەکەی سوریا و عێراق کردووە و نەیویستوە پەلە بکات، بەڵام ئەگەر ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بن ھیچ بژاردەیەکی بۆ نامێنێتەوە و راستەخۆ ھێرش دەکاتە سەر ئێران.
بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی (ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیی) بۆ کۆنترۆڵکردنی کامپی ھۆڵ و سنووردارکردنی چالاکی شانەکانی داعش، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشی کردوەتەسەر خاڵێکی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەھۆیەوە چوار ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیانلەدەستداوە و ژمارەیەکیش برینداربوون.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئامانجی ھێرشەکان رێگریکردنە لە ھێزە ئەمنییەکان کە لە ھەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش لە کامپی ھۆڵ، کە تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە چالاکییەکانی رفاندن و دەستوەردان دەکات، کە شانەکانی داعش دەیانەوێت ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی دروستبکەن.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاندووە، لەماوەی ٢٤ سەعاتدا سوپای ئیسرائیل بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتیغەززە ١٢ کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە ١٠٧ کەس کوژراون و ١٦٥ کەسی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە سەرەتای ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، تائێستا ٢٧ ھەزار و ٢٣٨ کەس کوژران و ٦٦ ھەزار و ٤٥٢ کەسیش برینداربوون کە زۆربەی کوژراو و بریندارەکانیش ژن و منداڵن.
گروپی چەکداری مقاومەی ئیسلامی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی بەرپەچدانەوەی ھێزی داگیرکەری ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، بە درۆن ھێرشیانکردووەتەوە سەر بنکەی خەراب جیر لە سوریا، کە ھێزەکانی ئەمریکای تیادا جێگیرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە ئامانجگرتنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، وەڵامێکە بۆ ئەو ستەم و زوڵمانەی ئیسرائیل بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.
مقاومەی ئیسلامی جەختیلەوەشکردووەتەوە، لە ھەڵوێستەکانیان بەردەوام دەبن بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی جموجوڵەکانیان لە ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەک دەربڕینی ناڕەزاییەک دژی ھێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند بارەگایەکی سەربازیی و مەدەنی، وەزارەتی دەرەوە دەیڤد بیکەر کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بانگھێشت دەکات لە کاتێکدا کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاداشتێکی ناڕەزایی دژی ھێرشەکەی ئەمریکا لە عەکاشات و قائیم لە سنوری ئەنبار رادەستی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بۆردومانەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کۆدەبێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای وڵاتی روسیا بەڕێوەدەچێت، لە کۆبوونەوەکەشدا بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەناوچەکە تاوتوێ دەکرێت، کە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات بە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانیان.
پێشتریش، روسیا وەکو یەکەم ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایکرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنەکە لەسەر بۆردومانەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەڕێوەبچێت.
کەناڵەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیازەکەیان لە سەردانەکانی دواییندا خستووەتەڕوو، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر نیشان نەداوە.
بەپێی پلانەکە، سوپای ئەمریکا مەشق بەو لایەنانە دەکات لە کەرتی غەززە بۆ پێکھێنانی ھێزێکی پۆلیس بۆ دوای جەنگ لەبری ھێزی چەکداری دیکە.
کەناڵەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو لایەنانەی دەخرێنە نێو پلانەکەوە، بە بزووتنەوەی حەماسەوە نابەسترێنەوە و دانیشتووی کەرتی غەززە دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی باڵای فەلەستین پێشنیارەکانیان بۆ ناوی ئەو لایەنانەی لە غەززە پێشکەش بە بەرپرسانی ئەمریکی کردووە کە دەتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن، دەشڵێت: ئەو لایەنانەی کە ڕاھێنانیان پێدەکرێت کاردەکەن بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی ناوخۆیی.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت وەڵامی ئەمریکا بۆ کوژرانی سێ سەربازەکەی لە ئوردن لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا دەستپێبکات.
رونیشیکردەوە، پێدەچێت ھێرشەکان لەسەر چەند ئاستێک بن لەناویاندا ھێرشی سەربازی و ھەنگاوی دیکە کە دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، لە ئاماژەیەدا بۆ ئەوەی واشنتن نایەوێت گرژی زیاتر لە ناوچەکە پەرەبسێنێت.
ھاوکات کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی لە زاری کاربەدەستانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، پلانەکان پەسەند کراون سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی واشنتۆن دوای ئەوەی سێ سەربازی ئەمریکی لە ھێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئوردن کوژران.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەشوھەوا ھۆکارێکە کە کاریگەری لەسەر کاتی ھێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکان ھەیە، چونکە واشنتۆن پێی باشترە ئەو ھێرشانە ئەنجام بدات کاتێک مەودای بینین روون بێت بۆ ئەوەی زیان بە ھاوڵاتیانی مەدەنی نەگەیەنێت.
بەپێی رۆژنامەکە، ھەفتەی رابردوو، بە سەرپەرشتی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە، خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا بەدووربگرن، بەڵام ئامادەکاریی بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێک کە بکرێتە سەریان.
بەپێی نیویۆڕک تایمز، ئێران نایەوێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە، بەڵام ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەی ئەمریکا بەڵێنیداوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بیکاتە سەر ئێران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئێران سەرجەم گروپە چەکدارەکان و سیستەمی بەرگری وڵاتەکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و سەکۆی ھەڵدانی مووشەکی بالیستیشی بە درێژایی سنووری عێراق جێگیرکردووە.
بەپێی ئاژانسی رەسمی سوریا، بۆردومانەکە سەعات ٤:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر چەند پێگەیەک لە باشوری دیمەشق و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریاش وەڵامی ھێرشەکەی داوەتەوە.
ھاوکات روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دوو پێگەی حزبوڵای لوبنان بووە لە باشوری دیمەشق و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری، لەمساڵدا ئیسرائیل ھەشت جار بۆردومانی سوریای کردووە و بەھۆیەوە ١٥ پێگە خاپورکراون و ٢١ سەرباز کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
سوپای کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی ھەینی، کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی لە جۆری کروز ئاڕاستەی کەناراوەکانی رۆژئاوا کردووە، ئەمەش چوارەمین جارە لەماوەی زیاتر لە ھەفتەیەکدا ئەو وڵاتە مووشەک بەرەو کەناراوەکانی رۆژئاوا ھەڵبدات.
ھاوکات، کۆریای باکوور ڕایگەیاند، ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی کەناراوەکانی رۆژئاوای دەکات، مووشەکی ستراتیژین، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ڕەنگە مووشەکەکان توانای ئەتۆمییان ھەبێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، سەرەتای ھەفتەی رابردوو کۆریای باکوور ھەڵدانی مووشەکێکی نوێی لەجۆری کروز تاقیکردەوە و کیم جۆن ئون سەرۆکی ئەو وڵاتەش ئامادەی ھەڵدانی مووشەکەکە بوو.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەوی ھەینی چەند پێگەیەکی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە سوریا لە ھەردوو ناوچەی ئەبولکەمال و مەیادین بۆردومانکران و لە ئەنجامیشدا بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان شەش چەکدار کوژراون.
ئەشی خستوەتەڕوو، لەلایەکی دیکەشەوە بارەگای ھەردوو گروپی چەکداری فاتمی و زەینەبیە لە دەوروبەری دیمەشق بۆردومانکراون، ھاوکات سنورەکانی نزیک باشوری لوبنانیش بۆردومان کراون.
ھەرچەندە میدیاکانی سوریا دەڵێن، ھێرشەکان لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام دراون، بەڵام لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت، ھێرشەکانی سوریا لەلایەن واشنتۆنەوە ئەنجامنەدراون.