جیهان

ئوسامە حەمدان فەرماندە لە بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، درێژەدان بە جەنگی غەززە ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەخاتە بەردەم رەوشێک کە ناتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت. 

وتیشی، بە ھەموو شێوەیەک ئاگربەستی کاتیی لە غەززە رەتدەکەنەوە، رێککەوتنیش لەسەر ئاگربەست پەیوەستە بە رازیبوونی ئیسرائیل بە داواکارییەکانیان. 

ئەو لێدوانەی فەرماندەکەی حەماس لە کاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رازی نابن بە داواکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس، چونکە کۆمەڵکوژی و کارەساتی زیاتری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لێدەکەوێتەوە. 

جەختیشیکردەوە لەوەی، بەردەوامی بە جەنگ دەدەن و سوپای ئیسرائیل لەماوەی چەند مانگێکدا سەردەکەوێت نەک چەند ساڵێک. 

بەڵام ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھێشتا گەشبینە و وتویەتی، دەرفەت ھەیە بۆ رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قۆناغی دوای شەڕ بەبێ حەماس دەبێت لە کەرتی غەززەو دووپاتیکردەوە لەماوەی چەند مانگێکی تردا سەرکەوتن بەدەست دەھێنن لە غەززە.
وتیشی، ھەوڵەکانی سوپا چڕکراونەتەوە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززەو سوپاش فەرمانی خۆئامادەکردن بۆ گواستنەوەی بۆ ناو رەفەح وەرگرتووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، لە وەرچەرخانێکی مێژووییدان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتیشیکردەوە، نەرمی نواندن بۆ داواکارییەکانی حەماس دەبێتە کارەسات بۆ ئیسرائیل، ھەربۆیە جێبەجێی ناکەن.

ئەو وتانەی ناتانیاھۆ دوای کۆبونەوەی ھات لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە وەک ھەوڵێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززەو ھێورکردنەوەی دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبووبونەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سینتکۆم" بڵاویکردەوە، چەکدارانی حوسی شەش مووشەکی بالیستیان ئاڕاستەی دوو کەشتی کردووە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە یەکێک لە کەشتییەکان زیانێکی کەمی بەرکەوتووە بەڵام قوربانی لێنەکەوتووەتەوە. 

بەپێی راگەیەندراوەکە، سیان لە مووشەکەکان ئاڕاستەی کەشتی "ئێم ڤی ستار ناسیا" کراوە، کە کەشتییەکی یۆنانییە و ئاڵای مارشاڵی بەسەرەوەیە و بە کەنداوی عەدەندا تێپەڕیوە. 

 سێ مووشەکەکەی دیکەش دەیانویست کەشتی "ئێم ڤی مۆرنینگ تاید" بکەنە ئامانج، کە سەر بە بەریتانیایە و ئاڵای بربادوسی لەسەرە و لە باشوری دەریای سور کاردەکات. 
لە دوای ھێرشەکانیش، یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەکان بەرپرسیارێتی لەو ھێرشانە راگەیاند. 

لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی غەززە، حوسییەکان دەیان ھێرشیانکردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور و دەریای عەرەب، چونکە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ھەیە. ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیاش چەندین بۆردوومانیان بۆ سەر پێگەی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە و مووشەکەکانیان تەقاندووەتەوە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە دانیشتنێکدا، پڕۆژەیاسایەکی کۆمارییەکانی رەتکردەوە، کە داوای ١٧.٦ ملیار دۆلار کرابوو بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری سەربازی ئیسرائیل. 

دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران رایانگەیاند، دەیانەوێت دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەکی گشتگیر بدەن کە ھاوکاری پێشکەشی ئۆکراینیش بکات و بودجەی زیاتر بۆ ئاسایشی سنورەکان و ھاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی تەرخان بکات. 

ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن ٢٥٠ ئەندامی ئەنجومەنەکەوە دەنگی بەڵێی وەرگرت و ١٨٠ ئەندامی دیکە بە نەخێر دەنگیان لەسەردا و بە گشتی رەتکرایەوە، چونکە بە رێکارێکی خێرا خرابووەڕوو، کە پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان ھەبوو. 

مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش وتی، ئەو پڕۆژەیاسایە لە ئەنجومەنی پیرانەوە بە مردوویی گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە گفتوگۆکانی نێوان سعودیە و ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل جەختیانکردووەتەوە کە ھیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت، ئەگەر بێتو دان بە دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆدا نەنرێت و ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە رانەگیرێت.

 ھەروەھا ریاز داوای کردووە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ھەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایش، بە زووترین کات دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن کە پایتەختەکەی قودس بێت، تا بەو شێوەیە گەلی فەڵەستین مافەکانی خۆی وەربگرێت و ئاشتی بەدیبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی رابردوو بلینکن لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل و بڕیارە ھەوڵەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بخاتەگەڕ. ھەروەھا وەڵامی حەماس لەسەر ئەو ئاگربەستە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر و میسر پێشنیازکراوە بخرێتەڕوو، کە تایبەتە بە ئازادکردنی بارمتەکان بەرامبەر بە ئاگربەست لە غەززە. 

بەر لە ئیسرائیل، بلینکن سەردانی سعودیە و میسر و قەتەری کرد و لەگەڵ ھەریەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ماتیو میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەی میسردا ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان کە لای حەماسن تاوتوێ کراوە. لە سعودیەش، جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی دابینکردنی ھاوکاریە مرۆییەکان بۆ غەززە و رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ.  

ئەو سەردانەی بلینکن پێنجەمین سەردانێتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەوکاتەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە. 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردوومانی شاری حومسی لە ناوەندی سوریا کردووە و بینایەک کراوەتە ئامانج و بەتەواوەتی رووخاوە، بەھۆشیەوە چوار کەس کوژراون کە دووانیان ھاووڵاتی مەدەنین و تیمەکانی فریاگوزاریش سەرقاڵی بەھاناوەچوونی ئەو کەسانە بوون کە لەژێر داروپەردووی بیناکەدا بوون. 

حکومەتی دیمەشقیش ئەو بۆردوومانەی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، بۆردوومانەکە لە سەعات ٣ی بەیانی بووە و ژمارەیەک کوژرا و برینداری مەدەنی لێکەوتووەتەوە.   

لە ماوەی چەند ساڵی رابردووە تائێستا، ئیسرائیل سەدان جار بۆردوومانی سوریای کردووە و ئەو شوێنانەی کردووەتە ئامانج کە نزیک لە ئێران و حزبوڵا و سوپای سوریان، بەڵام بۆردوومانەکان لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی غەززە چڕتربوونەتەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەڕی غەززە تاکو لەناوبردنی تەواوی بزووتنەوەی حەماس بەردەوام دەبێت و ئیسرائیل سەرکەوتنی گەورە لە شەڕەکەدا بەدەستدەھێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆی ٢٤ی گروپی سەر بە بزووتنەوەی حەماس، ١٨ گروپیان لەناوبراون، وتیشی، ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە غەززە چەند مانگێک دەخایەنێت بەڵام ساڵێک ناخایەنێت.

ھاوکات، یواف غالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەناوەڕاستی کەرتی غەززە و نزیک دەروازەی رەفەح فراوانتردەکەن، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ھاوسنوورن لەگەڵ میسڕ.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بڵاویکردەوە، سەعات ٦:٠٠ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی بەغداد، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێک سەبارەت بە دۆخی عێراق سازدەکات.

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوە ماوە راپۆرتی خۆی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەبارەی رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق.

ئەو کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدایە شەوی ھەینی ٣ی شوبات، ئەمریکا ھێرشیکردە سەر ٨٥ پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا، لە وەڵامی ئەو ھێرشەی کە مانگی رابردوو کرایە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بووە ھۆی کوژرانی ٣ سەرباز و برینداربوونی نزیکەی ٤٠ی دیکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لەسەر ھەوڵەکانیان تا ئەوکاتەی دوا ھاووڵاتی کە خانووەکەی تێکچووە یان ڕووخاوە، بیگوازنەوە بۆ ماڵێکی ئاسوودە، بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی شارەکانیان دروست بکەنەوە، بیبووژێننەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ھەتا ئەوکاتەی کە ھاووڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیاندا بە ئاسوودەیی و ئارامی نەژین، لەسەر ھەوڵەکانیان بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە بەردەوام دەبن.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، وێرانکارییەکی زۆر لە ١١ پارێزگادا ھاتەئاراوە کە بە کۆنترین ناوچەی ژیانی مرۆڤایەتی ھەژماردەکرێت، لەگەڵئەوەشدا ئەو کارەساتە گەورەیە خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە یەکگرتوویی، برایەتی و یەکسانی نێوان گەلان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ھێرشەکەی رۆژی ھەینی رابردوو، جۆن کێربی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندبوو، ئەمریکا پێش ئەنجامدانی ھێرشەکە عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، لەکاتێکدا رۆژی دووشەممە فیدانت باتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو لێدوانەی رەتکردەوە دووپاتیکردەوە، واشنتۆن ھیچ کات عێراقی لەو ھێرشە ئاگادارنەکردبوویەوە.

دواتر جۆن کێربی، لە راگەیەندراوێکدا داوای لێبوردنی کرد سەبارەت بەو لێدوانە ھەڵەیەی رابردووی و پەشیمان بوویەوە.

رۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ئوردن، بە درۆن ھێرشی کرایەسەرو بەھۆیەوە سێ سەرباز کوژران و ٤٠ی دیکە برینداربوون، واشنتۆنیش بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپەکانی سەر بە ئێران و لە تۆڵەی ھێرشەکەدا رۆژی ھەینی رابردوو، ٨٥ ئامانجی لە عێراق و سووریا بۆردومانکرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماری رۆژانەی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بڵاویکردەوە و ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ١٠٧ کەس بەھۆی ھێرشەکانەوە لە غەززە کوژران و ١٤٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

باسی لەوەشکردووە، لە چوار مانگی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ٢٧ ھەزار و ٥٨٥  کەس کوژران و ٦٦ ھەزار و ٩٧٨ کەسی دیکەش برینداربوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپرسییەکەی تۆڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە بواری سیاسەت و ھەڵسەنگاندنە کەسییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسێی ئابووری  زیاتر لە ٢٠ خاڵ لە پێش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوەیە و لە بواری مامەڵکردنیش لەگەڵ دۆسێی کۆچبەران ترەمپ ٣٠ خاڵ لە پێش بایدنەوەیە و لە بورای چالاکی و توانای کەسیشەوە بایدن ١٦ خاڵ لە دوای ترەمپە، ھاوکات ئاستی جەماوەری بایدن بە رێژەی ٣٧٪ کەمبووەتەوە بەتایبەتیش بەھۆی سیاسەتەکانی لە بەرامبەر شەڕی غەززە و ھاوکاریکردنی ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان دەرکەوتووە ترەمپ پێنج خاڵ لە پێش بایدنەوەیە بەشێوەیەک لە سەرجەم بوارەکاندا ٤٧٪ی ئەمریکییەکان پشتیوانی ترەمپ دەکەن و ٤٢٪ش پشتیوانی بایدن دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای ھەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، بلینکن پێنجەم جارە سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات، یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی لە سعودیەوە دەستیپێکرد، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و خستنەڕووی پێشنیازی ئەمریکا بۆ دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان.

پێش سەردانەکە، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی وەڵامدانەوەی بەپەلە بۆ پێداویستییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە کردەوە و رایگەیاند، دەبێت ڕێگرییەکان بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان نەمێنن.

لای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان داواکارییەکی پێشکەشکردووە و ئەوانیش بەھیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن.

نەتانیاھۆ بەبێ ئەوەی داواکارییەکەی حەماس ئاشکرابکات، جەختی لەوەکردەوە کە دەبێت مەرجەکان ھاوشێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشوو بن.

ناتانیاھۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، زەبرێکی کوشندە لە حەماس و حزبوڵا و حوسیەکان دەدات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی ئۆرۆمتەوەستی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و بارەگاکەی لە شاری جنێفە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا رەوشی کەرتی غەززە سات لە دوای سات بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بەرەو خراپتر دەچێت، ژمارەیەک لە وڵاتان ھاوکارییە داراییەکانی تایبەت بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین کە بە ئۆنروا ناسراوە راگرتووە، ئەوەش پێشێلکردنێکی مەترسیداری پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بەتایبەتیش بۆ پاراستنی گەلی فەڵەستین لە کۆمەڵکوژی.

راشیگەیاندووە، بەردەوامبوونی ئەو وڵاتانە لە راگرتنی ھاوکارییە داراییەکان بۆ ئۆنراوا سەماندنی پیلانگێڕی و بەشداربوونە لەو کۆمەڵکوژییانەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی خالق ئەبوبەکری تەمەن ٣٧ ساڵ و عەلی ئەبوبەکری تەمەن ٣٠ ساڵ و ناسر بەری تەمەن ٤٣ ساڵ و کۆڵبەرێکیش بە ناوی ھێمن بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری ھەنگەژاڵی شاری بانە برینداربوون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر کۆڵبەرە بریندارەکان رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی شاری بانە کراون.

ھاوکات بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو ٥٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بوونە قوربانی، لەو ژمارەیەش ٦ کەسیان گیانیانلەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5758596061...420