حوسییەكان بە شەش مووشەك دوو كەشتییان لە دەریای سور و كەنداوی عەدەن كردە ئامانج
لاڤە
٧ی شوباتی ٢٠٢٤
١٩٧
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سینتکۆم" بڵاویکردەوە، چەکدارانی حوسی شەش مووشەکی بالیستیان ئاڕاستەی دوو کەشتی کردووە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە یەکێک لە کەشتییەکان زیانێکی کەمی بەرکەوتووە بەڵام قوربانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سیان لە مووشەکەکان ئاڕاستەی کەشتی "ئێم ڤی ستار ناسیا" کراوە، کە کەشتییەکی یۆنانییە و ئاڵای مارشاڵی بەسەرەوەیە و بە کەنداوی عەدەندا تێپەڕیوە.
سێ مووشەکەکەی دیکەش دەیانویست کەشتی "ئێم ڤی مۆرنینگ تاید" بکەنە ئامانج، کە سەر بە بەریتانیایە و ئاڵای بربادوسی لەسەرە و لە باشوری دەریای سور کاردەکات.
لە دوای ھێرشەکانیش، یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەکان بەرپرسیارێتی لەو ھێرشانە راگەیاند.
لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی غەززە، حوسییەکان دەیان ھێرشیانکردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور و دەریای عەرەب، چونکە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ھەیە. ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیاش چەندین بۆردوومانیان بۆ سەر پێگەی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە و مووشەکەکانیان تەقاندووەتەوە.