ناتانیاھۆ: سوپای ئیسرائیل لە غەززە ناکشێتەوە تا ئەوکاتەی ئامانجەکانمان بەدی نەیەت
کوردسات نیوز
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
١٩٧
لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل ھێزەکانی لە کەرتی غەززە ناکێشێنێتەوە و ھەزاران دەستگیرکراوی فەلەستینیش ئازاد ناکات.
ناتانیاھۆ ھەموو جۆرە دەنگۆیەکی سەبارەت بە ھەندێک مەرجی رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەبێ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانیان، کۆتایی بەم شەڕە ناھێنن، ئەمەش بە واتای نەھێشتنی حەماس و گەڕاندنەوەی ھەموو بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نەکات.
ئەو وتانەی ناتانیاھۆ دوای لێدوانێکی ئیسماعیل ھەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ھات کە ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، بزووتنەوەکە پێشنیازی پاریسیان بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
ھەنیە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەولەویەت کۆتاییھێنانە بە ھێرشی سەربازی ئیسرائیل و کشانەوەی تەواوەتی ھێزەکانی لە غەززە، وتیشی، سەردانی قاھیرە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارزەکەی پاریس.
پێشتر نوسینگەی ناتانیاھۆ رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە لە پاریس لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکی، میسری، قەتەری و ئیسرائیل سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە "بنیاتنەر بووە" بەڵام ھێشتا ناکۆکی لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە.