حکومەتی چین داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە کەمینەکان لە ھەرێمی (شینگ یانگ) لە چین نەکەن، کە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیاوە پێشنیار کراوە، چونکە کۆبوونەوەی لەو جۆرە، ھۆکاری سیاسی لە پشتە.
بڕیارە ڕۆژی چوار شەممەی داھاتوو، باڵیۆزانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکە تاوتوێ بکەن.
وڵاتانی خۆرئاوا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی (شینگ یانگ) بە دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی کەمینەی (ئیگۆر) لە چەند سەربازگەیەکی تایبەت لە ھەرێمەکە، تۆمەتبار دەکەن.
(دیمتری بیسکۆف) وتەبێژی کۆشی کرملن ڕایگەیاند، حکومەتی مۆسکۆ تا ئێستاش سەرقاڵی دیراسەکردنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەیە لە نێوان ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ڕووسیا.
وتیشی، کرملن خوازیارە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەبێت.
لە ١٣ی مانگی نیسانی ڕابردوودا، (جۆو بایدن) سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدابوو.
بە وتەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و ڕووسیا، بڕیارە لە چەند مانگی داھاتوودا، کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان بایدن و پوتن بەڕێوەبچێت.
(ئیرەج مەسجدی) باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران بەردەوام پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی تایبەت بە سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی کردووە لە ناوچەکەدا، بۆ ئەو مەبەستەش تاران پێشوازی لە ھەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
وتیشی، حکومەتی عێراق ڕۆڵی بنیاتنەری بینیوە لە نزیکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان، لە ڕێی گفتوگۆوە.
باڵیۆزی ئێران لە بەغداد وتیشی، تاران بە بایەخەوە لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ھەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران، دەڕوانێت.
خەڵوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان میسڕ و تورکیا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدایە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەم ھەنگاوە لە بەرژەوەندی چەند وڵاتێکدا نییە.
وتیشی، ڕەنگە بە چەند ھۆکارێک لە ڕابردوودا ئاڵۆزیی ھەبووبێت لە نێوان میسڕ و تورکیا، بەڵام بە دڵنیایی کۆتایی بە کێشە و ئاڵۆزییەکان دێت و لە سەرجەم بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قاھیرە ئاسایی دەکەنەوە.
پیشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەیەوێت ھاوپەیمانیی مێژوویی لەگەڵ گەلی میسڕ بە دەستبھێنێتەوە و بەردەوامی پێبدات.
زنجیرەیەک تەقینەوە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی کردە ئامانج، و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ٤٠ کەس کوژران و لانی کەم ٦٠ کەسیش برینداربوون، کە زۆرینەی قوربانییەکان خوێندکارن.
ھێزە ئەمنییەکانیش رایانگەیاند، تەقینەوەکان تیرۆریستی بووە و لە رێگەی ئۆتۆمبیلی بۆمب رێژکراوەوە بووە کە ژمارەیەک خوێندنگەی کچان کراونەتە ئامانج.
تائێستا ھیچ لایەنێک بە رەسمی بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی کابوڵی نەگرتووەتە ئەستۆ.
کۆشکی سپی رایگەیاند، (جۆبایدن) سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە ماوەی باری نائاسایی رەوشی سەربازیی لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کە (عێراق و سوریا)ش دەگرێتەوە، بۆ یەک ساڵی تر درێژ بکاتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، بە درێژکردنەوەی ماوەی باری نائاسایی، ئەمریکا دەستکراوە دەبێت بۆ سزادانی ھەر گروپ و لایەنێک لەو وڵاتانە و بلۆککردنی بانکەکانیان، کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا مامەڵە بکەن.
(جان ئیف لۆردیان) وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە سەردانەکەی بۆ بەیروت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، سیاسییەکانی لوبنان شکستیان ھێناوە لە پێکھێنانی حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازی و بەرگرتن لە ھەرەسھێنانی ئابوری وڵاتەکەیان. وتیشی، سیاسییەکان لە بەردەم (خۆکوژی بە کۆمەڵ)دان.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڕوون بووەتەوە کارەکتەرە سیاسییەکانی لوبنان بەرپرسیاریەتی ئەو ڕەوشە ھەڵناگرن کە وڵاتەکەیانی تێکەوتووە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، فشار بکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە لوبنان.
بەرھەمی گەنمی جوتیارانی کورد لە کۆبانێ، لە لایەن سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانەوە دەستوتێنرێن، جوتیارانیش دەڵێن، تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی فورات و سوتاندنی بەرھەمی گەنم و جۆ، پلانی ھەیە بۆ تینوکردن و بڵاوکردنەوەی برسیەتی لە ڕۆژئاڤای کوردستان.
(عەبدولکەریم عومەر) ھاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری لایەنی ھەرێمی تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانی دارایی داعش و دەڵێت، داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی تر لە سوریا توانا داراییەکانیان وشک نەکراوە و لە لایەن وڵاتێکی ھەرێمییەوە کۆمەک دەکرێن.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ھندستان، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٤١٢ ھەزار و ٢٦٢ کەسی تر توشی کۆرۆنا بون و سێ ھەزار و ٩٨٠ توشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە.
بەو شێوەیەش کۆی گشتی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھندستان ٢١ ملیۆنی تێپەڕاندوە و کۆی گشتی گیانلەدەستدانیش بە کۆرۆنا لەو وڵاتە بۆ ٢٣٠ ھەزار و ١٦٨ بەرز بووەتەوە.
بە وتەی لێپرسراوانی تەندروستی ھندستانیش، ئەوەی لە ئێستادا کێشەی گەورەی بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتەکە دروستکردوە، کەمبونەوەی ئۆکسجینە، کە بەھۆی نەمانی لە نەخۆشخانەکاندا لە بازاڕی رەشدا بە نرخێکی زۆر گران مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەھمەن مورادنیا پارێزگاری سنە رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێران شارەکانی بانە و مەریوانی لەپارێزگای سنە وەک ناوچەی ئازادی بازرگانیی و پیشەسازیی پەسەندکردوە.
وتیشی، ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر دابەزاندنی رێژەی بێکاری و نەمانی دیاردەی کۆڵبەری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات پارێزگارەکانی ئیلام و کراماشانیش ئاماژەیان بەوە کردوە، قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان و شاری میھرانیش لە پارێزگای ئیلام بە ھەمان شێوە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە وەک ناوچەی ئازادی بازرگانیی و پیشەسازیی پەسەندکراون.
پێشتریش ئەم بڕیارە لە پەرلەمانی ئێران پەسەندکرابوو، بەڵام ناوەندنی پاراستنی دەستور پەسەندی نەکردبوو، دواتر ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی ئێران ئەو پرسەی یەکلایی کردەوە و پەسەندیکرد.
سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ھەندێک لە پارێزگاکانی ئێران حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای ھندی تۆمار کراوە، ئەمەش رەوشی ئێران لە رووی ئامارەکانی کۆرۆناوە خراپتر دەکات، چونکە ئەو جۆرەی کۆرۆنا مەترسیدارترینە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو حاڵەتانە ١٠یان لە کۆمەڵگەیەک لە پارێزگای ئازربیجانی خۆرئاوا تۆمارکراوە کە لەلایەن ژمارەیەک ھندییەوە بەڕێوەدەبرێت، لە پارێزگای یەزدیش حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ھندی تۆمار کراوە و لە پارێزگای قومیش ٣ حاڵەتی توشبوون ھەیە.
وەزیری تەندروستی ئێران ئاشکراشیکردوە، جگە لە کۆڤید ١٩، تا ئێستا کۆرۆنای بەریتانی و ھندی و کۆرۆنای ئەفریقای باشوریش لە ئێران تۆمارکراوە.
وەفدی تورکیا و میسڕ بە سەرۆکایەتی جێگرانی وەزیری دەرەوە دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە قاھیرە ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، لە گفتوگۆکاندا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ڕەوشی ناوچەکە بە گشتی و ڕەوشی سوریا و عێراق و لیبیا تاوتوێ کراوە و جەختکراوەتەوە لەسەر بەدیھێنانی ئاشتی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.
ڕوونیشیکردووەتەوە، ھەردوولا ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم گەڕەی دانوستانەکان و ڕێککەوتن لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو دەکەن.