بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، ئامانج لە دانپێدانانی ئەمریکا بەو کۆمەڵکوژیەدا ئەوە نیە کە بەرپرسیارێتیەکەی بخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە زاری وەزیری دەرەوەی چاوش ئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەو بڕیارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی رەتدەکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش رایگەیاند، بە سیاسیکردنی رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەنی سێیمەوە و بەکارھێنانی وەک ئامرازێک بۆ دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی تورکیا سودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت.
وتیشی، ئێمە ڕێگە نادەین بە نەمانی کلتوری پێکەوە ژیانی ھاوبەشی نێوان تورک و ئەرمەن کە سەدان ساڵ بەردەوام بووە و ئەوەی تورک و ئەرمەن کۆدەکاتەوە تەنیا بەرژەوەندی نییە بەڵکو پەیوەستبوونێکی پتەوە بە دەوڵەت و بەھا باڵاکان .
(کێنێس ماکێنزی) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ھێشتا ھەڵویستەکانی تاران ھەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام ناتوانن ئەمریکا پەلکێشی ھەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بکات. وتیشی، لە ئێستادا ئێران نیەتی نیشانداوە بۆ دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
(ماکێنزی) ھۆشداریشدا لە ھەرەسھێنانی سوپای ئەفغانستان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە وڵاتە و ڕایگەیاند، گومانی تێدا نییە ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە دوای کشانەوەیان بەردەوام نەبێت، سوپای ئەفغانستان ھەرەس دەھێنێت.
ھاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لە بارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و گرنگی بەشداریکردنی نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەری سیاسی لە سوریا.
جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا پشتیوانی ئەمریکای بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ ھەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە نوستوەکانی داعش دووپاتکردەوە.
جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی بەشداریکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ھەر پڕۆسەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی نھێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرایکردووە، ئێران ژمارەی ئەو سێنتەرفیوژانەی کەمکردووەتەوە کە تایبەتن بە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ڕێژەی لە سەدا ٦٠.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئێستا ئێران لە دوو یەکە تەنھا یەک یەکەی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەھێنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوابەدوای تەقینەوەکەی ئەم دواییە لە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، عەلی ڕەزا زاکانی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەو تەقینەوەیەدا ھەزاران ئامێری سێنتەرفیوژ لەو وێستگەیە لەکارکەوتوون.
واشنتۆن دی سی کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھیچ کورسییەکی نە لە ئەنجومەنی نوێنەران و نە لە ئەنجومەنی پیراندا نییە، ئەلینۆر ھۆڵمز نۆرتن نوێنەری واشنتۆنیش لە کۆنگرێسی ئەمریکا مافی دەنگدانی نییە.
موحسین دەھنەوی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەو ھێزە پتەوەی کە ئیسڕائیل باسی دەکات، تەنھا بە مووشەکێکی کۆنی ئێران داڕما و شپرزە بووە، بەرامبەر مووشەکە نوێ و پێشکەوتووەکانی ئێران چی دەکەن.
وتیشی، ئەو مووشەکەی ئاڕاستەی وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا لە ئیسرائیل کرا، جۆرێکی کۆنی مووشەکی ئێران بووە.
پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەو مووشەکەی ئاڕاستەی وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا کراوە لە دووری ٢٠٠ کم لە وێستگەکەوە، لەناو سوریاوە ئاڕاستەکراوە.
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە پارێزگای سنە ڕایگەیاند، تا ئێستا (٧) ھەزار کەس دۆزی یەکەمی ڤاکسینیان پێدراوە، (١٢٥) ھەزار بە ساڵاچووش کە مەترسی زیاتریان لەسەرە، تا ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر بە ساڵاچووان ڤاکسین وەربگرن، ڕێژەی مردن لەناو ئەو توێژە لە (٧٠٪) کەم دەکات.
تەندروستی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، بە چەند قۆناغێک سەرجەم ھاوڵاتیانی ئێران کە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە، ڤاکسین وەردەگرن.
ڕێکخراوی بەھاناوەچوونی ئەوروپا ڕایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە (١٣٠) سەرنشینی تێدابووە لە کەناراوەکانی لیبیا لە دەریای ناوەڕاست ژێر ئاوکەتووە، تا ئێستا تەنھا تەرمی (١٠) کۆچبەر دۆزراونەتەوە و (١٢٠)یشیان بێسەروشوێنن.
ڕێکخراوی بەھاناوەچوونی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆچەبەرەکان ھەوڵیانداوە بە نایاسایی بگەنە کەناراوەکانی ئەوروپا و تا ئێستاش ناسنامەی قوربانییەکان نادیارە.
(چاک شومەر) سەرۆکی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، (جۆو بایدن) دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە ڕەسمی دانبنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمنەکان وەک تاوانێکی جینۆساید، دەشڵێت سبەینێ ئەمریکا دان بەو ڕاستیەیدا دەنێت و ساڵیادی ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە.
ساڵی (٢٠١٩)ش کۆنگرێس، بڕیارێکی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان پەسەندکرد.
لە قامیشلۆ شەڕ و پێکدادانەکانی ئاسایشی ڕۆژئاڤا و چەکدارانی بەرگری نیشتیمانی سەر بە حکومەتی سوریا بەردەوامە و تا ئێستا ژمارەیەک کەس کوژراون و برینداربوون، (حایس جریانە) سەرۆک ھۆزی (بەنی سەعب)یش، کە گەورەترین ھۆزی عەرەبە لە ناوچەکە و بەشداری کۆبوونەوەکانی ئاگربەست بووە، بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژرا.
(کێنیز مەکێنزی) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکایش ڕایگەیاند، ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن بۆ ھێورکردنەوەی ڕەوشی قامیشلۆ.
وتیشی، ھێزەکانی سەر بە سوپای سوریا ھەوڵیانداوە ھەڵبکوتنە سەر کێڵگە نەوتییەکان کە سەرچاوەی داھاتی ھەسەدەن، بەڵام ئەمریکا دەستپێشخەری بە پەلەی نابێت.
کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بایدن لە پەیوەندییەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندیی دوو قۆڵی بونیادنەر، کە بوارەکانی ھەماھەنگی فراوان و ئیدارەدانی کارای ناکۆکییەکان بگرێتەوە.
رونیشیکردووەتەوە، ھەردوو سەرۆک رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت .
ھاوکات ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا بایدن بە ئەردۆغانی وتووە سورە لەسەر داننان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان.
بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاژانسەکەیان وتووە، بایدن رۆژی شەممە راگەیەنراوێک لەیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بڵاودەکاتەوە و دەستەواژەی جینۆساید بۆ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بەکاردەھێنێت.
وەزیری بەرگری ڕووسیا لە وتەیەکدا بۆ سوپای وڵاتەکەی لە دوورگەی کریما ڕایگەیاند، ھاوپەیمانی ناتۆ جموجۆل و چالاکییە سەربازییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە نزیک سنورەکانی ڕووسیا زیادکردووە.
وتیشی، بە وردی چاودێری مانۆڕ و جموجۆڵە سەربازییەکان و گواستنەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی ناتۆ دەکەن، بۆ وڵاتانی بەڵکان و خۆرھەڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی ھاوسنوری ڕووسیا.
داواشی لە سوپای وڵاتەکەی کرد لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ ھەر ڕووداو و پێشھاتێکی چاوەڕواننەکراو.