چەند سەرچاوەیەکی سعودی رایانگەیاندووە، ریاز قەدەغەکردنی حەج تاوتوێ دەکات لە زیارەتکارانی وڵاتانی دەرەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە و ھۆکارەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی کۆرۆنا گەڕێنراوەتەوە.

بەر لە رێکارەکانی کۆرۆنا، ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس دەچوونە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و داھاتەکەشی بۆ ئەو وڵاتە دەگەیشتە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار.

"محەمەد بن سەلمان" جێنشینی سعودیەش پلانی وابوو بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی عومرەکان و حاجیان بگەیەنێتە ١٥ ملیۆن و بۆ ساڵی ٢٠٣٠ بۆ ٣٠ ملیۆن زیادی بکات، بەڵام لە ئێستادا ئەو پلانانە بۆ پێشوازیکردن لە حاجیانی دەرەوەی وڵات راگیراوە و تەنھاش رێگە بەو حاجیانەی ناوخۆی سعودیە دەدرێت حەج بکەن، کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە یاخود بەر لە ٦ مانگ چاکبوونەتەوە، کۆتوبەندیش لەسەر تەمەنی حاجیانی ناوخۆ دادەنرێت.