میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی ھاوتا قەتەرییەکەی لە واشنتن کۆبوونەتەوە و دوو ڕێککەوتنی گرنگ و ستراتیژییان ئیمزا کردووە، بە پێی یەکێک لەو ڕێککەوتنانەش قەتەر بەرپرسیاریەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان وەرگرتووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە لێدوانێکدا قەتەری بە ھاوبەشێکی گرنگی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە وەسفکرد و ڕایگەیاند، بەڵێنیان داوە بە ھاوکاری یەکتر ھەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵکی ئەفغانستان بدەن.
عەبدوڵاھیان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەگەر لایەنەکانی تر بە شێوەیەکی ئەرێنی و جددی بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا، دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا بگەنە ڕێککەوتن، چونکە تاران نایەوێت لەم خولەی دانوستانەکاندا بگاتە ڕێگەیەکی داخراو.
سوربوونی ئێرانیشی لەسەر مەرجەکانی ڕابردوو دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەندە بە ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و گرەنتیکردنی نەکشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نزیکەی ھەزار و ١٩٠ کۆچبەری نایاسایی لە ڕێی ڕێڕەوی مانشەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و ئەوەش بۆ یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرە لە کۆچبەران توانیویانە لە ڕۆژێکدا بچنە ناو ئەو وڵاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لەو ڕۆژەدا ٣٣ حاڵەتی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە خنکان و دەستگیرکردنیان تۆمارکراوە.
حکومەتی فەڕەنساش ڕایگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێگەیان لە ٩٩ کۆچبەری نایاسایی گرتووە، لە ڕێی ئەو وڵاتەوە بگەنە بەریتانیا.
لێپرسراوانی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە، لە بەردەوامیی ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە سنورەکانی بێلاروس، لە ئێستادا بەرەوپێشچوونێکی باش ھەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵندا، ئەوەش لە دوای ئەوەی تورکیا گەشتکردنی ھاوڵاتیانی سێ وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی بۆ بێلاروس قەدەغەکردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە، دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیدا بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە گەشتکردنی ھاوڵاتیانی چەند وڵاتێک بۆ بێلاروس، قەدەغەکردنی گەشتەکانیش لەلایەن تورکیاوە، ئەنجامی دانوستانەکانە.
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی ڕەوشی ئەو کۆچبەرانەی لە سنورەکانی بێلاروس گیریانخواردووە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ڕەوشەکە جێی نیگەرانییەکی گەورەیە و ڕووسیا و بێلاروسیشیان لە نیگەرانییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و پێیان وتوون قەیرانی کۆچبەران لە بێلاروس، کێشەیەکی گەورەیە.
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بێلاروس دەیەوێت کۆچبەران وەک چەکێکی سیاسی بەکاربھێنێت و ھەوڵ دەدەن ڕێگە چارەیەک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ھەزاران کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن، لە سنورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵندا گیریان خواردووە و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیش نیگەرانیی لە ڕەوشی ئەو کۆچبەرانە دەربڕیوە.
نوێنەرانی هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و نەرویژ و ئیستۆنیا و ئێرلەندا و ئەلبانیا، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، راگەیاندراوێكی هاوبەشیان لەبارەی رەوشی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، حكومەتی بیلاڕوس و سەرۆكەكەی بەشێوەیەكی رێكخراو خەڵك و كۆچبەران و ژیانیان بۆ مەرامی سیاسی دەخاتە مەترسیەوە و پشێوی لەسەر سنوورەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كە هاوسنوورن لەگەڵدا دروستكردووە.
هاوكات ستیڤن دوجاریك وتەبێژی سكرتێری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، هەزاران كەس دەیانەوێت لە رێگەی پۆڵەنداوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا .
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، تیمە فریاگوزارییەکان لە شارۆچکەی مەرمەریسی سەر بە پارێزگای موغڵا، ٢٠ کۆچبەری نایاساییان لە خنکان ڕزگار کرد.
لێپرسراوانی تورکیا دەڵێن، کۆچبەرەکان لەلایەن یۆنانەوە بە زۆر ڕەوانەی سنورە ئاوییەکانیان کراون و دوای ڕزگار کردنیان براونەتە بەڕێوبەرایەتی کاروباری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکە.
شەوی پێنجشەممەش بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە بە ١٢ سەرنشینەوە نقوم بوو و سەرجەمیان کورد بوون، لە ئەنجامدا چەند کەسێکیان گیانیان لە دەستدا کە یەکێکیان ژنێکی خەڵکی ھەولێر بوو.
نازم عومەر نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بۆ عێراق بۆ ھێورکردنەوەی رەوشی سیاسی بووە، لەو سەردانەشدا پەیامی بە لایەنە سیاییەکانی عێراق داوە بە ئەنجامی ھەڵبژاردن رازی ببن، چونکە ئەوە سیاسەتێکی دروستە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێتەوە کەواتە ھەمان دەرگا بۆ لایەنەکەی تر دەکرێتەوە، ئەو کێشمە کێشمە بەردەوام دەبێت کە لە زیانی خەڵکی عێراقە.
وتیشی، داوای لەلایەنە کوردییەکان کردوە، کورد نەکەوێتە ناو بەرداشی ململانێی شیعە بەشیعە، بەڵکو شیعە بە تەوافوق و زۆرینە لەناوخۆیاندا ڕێک دەکەون، ئەوکات کوردیش پشتیوانی ئەو لایەنە بکات کە دەتوانێت نوێنەرایەتی زۆرینەی شیعە و عێراق بکات، چونکە کورد ناتوانێت بچێتە ھیچ بەرەیەک دژی بەرەکەی تر بوەستێتەوە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ھێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بۆ سەر باکوری پارێزگای ئیدلب، لانیکەم سێ ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، بەھۆی ھێرشەکەوە نزیکەی پێنج کەس کوژراون کە لە ناویاندا منداڵ ھەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا ئاڵۆزییەکانی نێوان حکومەتی سوریا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکانی ئیدلب پەرەی سەندووە و چەند جارێک ئاگربەستی نێوان ئەو دوو لایەنە پێشێلکراوە کە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو ئیمزا کرا.
سەمین فەلاحی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەرەکان لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند، پاش ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانیان لە چالاکی ژمارەیەک بازرگانی مادەی ھۆشبەر، توانیویانە دەست بەسەر ٢٠ کیلۆ مادەی ھۆشبەردا بگرن و حەوت کەسیش دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای بەھاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە دوو تۆن و ٧٥٠ کیلۆ مادەی ھۆشبەر لە کرماشان دەستی بەسەرداگیراوە، کە ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تا ئەمکاتە، ٢٨٪ زیادیکردووە.