جیهان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داواکاری حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەتکردەوە و رایگەیاند، ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت و بە ھیچ جۆرێک رێگە بە پێشخستنی کاتەکەی نادەن.

وتیشی، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ترسی لەدەستدانی پێگەکانیان ھەیە بۆیە داوای پێشخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا داوا دەکەن ھەڵبژاردنی پیشوەختە ئەنجام بدرێت تاکو تورکیا لەم قەیرانە داراییە رزگاری ببێت تێیکەوتووە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپەش لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی شاری واکیشا لە ولایەتی ویسکۆنسن لە ئەمریکا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێک لە درەنگانێکی شەودا دوای ئەوەی خاڵێکی پشکنینی پۆلیس جێدەھێڵێت، خۆی کردووە بە ناو ئاھەنگێکدا کە  ژمارەیەک ھاوڵاتیدا  لێبووە  و بەھۆیەوە زیاتر لە ٤٠ کەس برینداربون کە ١٢یان منداڵن و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تاڵیبان جارێکی تر بڕیارێکی دیکەی دژی بە لێدوانەکانی سەرەتای ھاتنە سەر دەسەڵاتی دەکرد و لە رێگەی وەزارەتی چاکە و رێگریکردن لە خراپە سەرجەم کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی ئاگادار کردوەتەوە چیتر ئەو فیلمانە پەخش نەکەن کە ژن رۆڵیان تێدا دەبینێت.


ئەو وەزارەتە بڕیاریشداوە سەرجەم ئەو ژنانەی لە کەناڵەکانی راگەیاندن کار دەکەن دەبێت ببنە باڵاپۆش و راشیگەیاندوە، ئەوە تەنھا بڕیارێک نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینییە و پێویستە جێبەجێی بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"جۆن کیربی" وتەبێژی "پنتاگۆن" رایگەیاند،  "لوید ئۆستن" وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ "جومعە عیناد" وەزیری بەرگری عێراق لە "بەحرەین" کۆبۆتەوە و رایگەیاندووە کۆتایی ئەمساڵ ئەرکە جەنگییەکاینان لە عێراق کۆتایی دێت. 
"ئۆستن" جەختیشی کردۆتەوە لەوەی ھێزەکانیان لەسەر داواکاری حکومەت لە عێراق دەمێنێتەوەو ھاوکاری پێشکەشی ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و پابەندیشن بە ئەنجامکانی دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەڕێوەچوو. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
نوسینگەی ناوخۆیی سەر بەرێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، زیاتر لە 75 كۆچبەری نایاسایی كە لە بەلەمێكدا بوون لە دەریای ناوەڕاست هەوڵی گەیشتنیان بە ئەوروپا داوە، گیانیان لەدەستداوە. راشیگەیاند توانیویانە 15 كۆچبەر رزگار بكەن و بۆ شاری "زوارە" گواستراونەتەوە. 
بەپێی ئامارەكان، ئەمساڵ هەزار و 300 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، لە دوای لەناوبردنی حكومەتی "موعەمەر قەزافی"یشەوە، لیبیا بۆتە خاڵی تێپەڕبوونی كۆچبەرانی نایاسایی لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا. 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب و دەرعا و حەمە و حمس، ١٩ کەس بەھۆی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕەوە گیانیان لە دەستداوە، لەناو قوربانیەکانیشدا ھەشت منداڵ و سێ ژنیان تێدایە.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو تەقەمەنییانەی لە کێڵگە و ڕێگا و تەنانەت لە باڵەخانەکاندا لە شەڕی دەیان ساڵەی سوریادا ماونەتەوە، سەدان کەسی مەدەنیان کوشتووە و ھەزاران کەسی تریشیان بریندار کردووە.


ھەروەھا مەزەندە دەکرێت بەھۆی ئەو شەڕە سەختەی کە لە ساڵی ٢٠١١ لە سوریا دەستیپێکرد تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەس گیانیان لە دەستدا بێت و ملیۆنان کەسی تریش ئاوارە بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە لیبیا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕۆژێکدا ٧ کەس خۆیان کاندید کردووە و ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە ٣٠ کەس، بڕیاریشە سبەینێ ٢٢ی مانگ دەرگای خۆ کاندیدکردن دابخرێت. تا ئێستاش کاندیدبوونی "سەیفولئیسلام قەزافی" کوڕی "موعەمەر قەزافی" مشتومڕێکی زۆری لەو وڵاتە دروست کردووە.


لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەوە، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی لیبیا کراوەتەوە، بڕیاریشە ٢٤ی کانونی یەکەم ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و مانگی کانونی دوەمی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە تارانی پایتەختی ئێران و لە دادگایەکی سەربازییدا ١٠ تۆمەتباری روداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، بۆ یەکەمجار دادگایی کران، بەشێک لە خانەوادەی قوربانیانی روداوەکەش لە بەردەم دادگا گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.


بەرەبەیانی ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی سەر بە ھێڵی ئاسمانی ئۆکراین بە ١٧٦ سەرنشینەوە، دوای بەرزبونەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران بە دوو موشەک خرایەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا، چەند رۆژێک دواتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، فڕۆکەکە بەھەڵە لەلایەن ھێزەکانیانەوە خراوەتە خوارەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕۆبێرت مالی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە کۆنفرانسی مەنامە ڕایگەیاند، بڕیارەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەستکەوتەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی پەکدەخات.


وتیشی، ئەگەر تاران بەو خێراییەی ئێستا ھەنگاو بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکەی بنێت، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ھیچ سوودێکی نابێت و گفتوگۆکانیان لەو بارەیەوە ئەنجامی نابێت.


دوای چەندین مانگ لە ھەڵپەساردنی دانوستانەکانی ڤییەننا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە، بڕیارە ٢٩ی ئەم مانگە دانوستانەکان بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا دەستپێبکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، بە ھەموو شێوەیەک بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ بە تیرۆرست ناساندنی بزوتنەوەی حەماس ئیدانە دەکەن و ناتوانرێت بەو شێوەیە و بە پشتگوێخستنی ڕاستییەکان مافی گەلی فەڵەستین پێشێل بکرێت.


ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بەشداری سەرجەم پێکھاتە سەرەکییەکانی فەڵەستین، تاکە ڕێگەچارەی سیاسییە بۆ ئەو وڵاتە.


ڕۆژی ھەینی لیز تراس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی خستووەتە ناو لیستی گروپە تیرۆرستییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" ڕایگەیاند، حکومەتی ئەنقەرە بە مەبەست بەھای لیرە دادەبەزێنێت، بۆ ئەوەی دراوی بیانی زیاتر بچێتە نێو تورکیا، ئەوەش پێی دەوترێت وڵات فرۆشتن.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەھۆی خراپی ڕەوشی ئابورییەوە، ھاووڵاتیانی تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ملیۆنان کەس لە نۆرەی کڕینی نانی ھەرزاندا چەند سەعاتێک چاوەڕێ بکەن.


جەختیشیکردووەتەوە، بۆ دەربازبوون لەو ڕەوشەی ئێستای تورکیا، باشترین کار بکرێت داواکردنی ھەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە، ڕەوشەکە بەرەو باشتر ببەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕۆبێرت مینیندێز ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای لە جۆو بایدنی سەرۆکی وڵاتەکەی کردووە لە ئەگەری بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ڕووسیا بەرامبەر حکومەتی ئۆکراین بە تایبەتیش لەسەر سنورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، سزای نوێ و توند بەسەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی ڕووسیادا بسەپێنێت.


یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)ش ڕایگەیاند، زۆر بە وردی چاودێری حکومەتی ڕووسیا دەکەن لە کۆکردنەوەی ھێز لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراین کە ئەوەش پێشێلکارییە و لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراویش حکومەتی مۆسکۆ بەرپرسیار دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە شاری ڕۆتەردام لە ھۆڵەندا خۆپیشاندان دژی بڕیارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی توند بەڕێوەچووە و بەھۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبووە و ژمارەیەک خۆپیشاندەریش برینداربوون.


چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حکومەتی ھۆڵەندا چەند ڕێکارێکی نوێی تەندروستی دەرکرد و بڕیاریدا ئەو کەسانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، نەتوانن سەردانی فەرمانگە حکومییەکان بکەن.


لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا دوو ملیۆن و ٣٩٩ ھەزار و ٨٤٩ کەس لە ھۆڵەندا تووشی کۆرۆنا بوون و ١٨ ھەزار و ٩٠٠ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ھێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسداران لە کەناراوەکانی پارسیان لە پارێزگای ھۆرموزگان دەستی بەسەر کەشتییەکی ھەڵگری سوتەمەنی قاچاخدا گرتووە و ١١ کارمەندی کەشتیییەکەش بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی پارسیان کراون.


ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییەکە ھەڵگری ١٥٠ ھەزار لیتر گازوایلی قاچاخ بووە، تا ئێستاش نازانرێت کەشتییەکە سەر بە چ وڵاتێکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە، ھەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکانی ئەمریکایە و گەڕانەوەشیان بۆ دانوستانەکانی ڤیەننا ھەر بۆ ئەو مەبەستەیە.


ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئەمریکا پیشانیداوە ناتوانێت پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ئیمزای سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەو شێوەیەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن، جێی پشتبەستن و بایەخ نییە، بۆیە ئاساییە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران و تیمی دانوستانکار جەخت لە وەرگرتنی گەرەنتی پێویست بکەنەوە.


پێشتریش ئێران ڕایگەیاندبوو، بە مەرجێک دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤیەننا کە ئەمریکا گەرەنتی ئەوە بدات جارێکیتر لە ڕێککەوتنەکان ناکشێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، ھەرچەندە بڕیاری باش و بەسود لە چوارچێوەی پێدانی ڤاکسین بۆ پاراستنی گیانی خەڵک دەرکراوە، بەڵام بەردەوامبون لە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان پێویستە و نابێت بەھیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێن.


ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و پرۆسەکەش بەردەوامە، پێویستە قەدەغەی ھاتوچۆی شەوانە لە شارەکان ھەڵبگیرێت.


سەرۆک کۆماری ئێران داواشی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی وڵاتەکی کرد، بە وریاییەوە کۆنتڕۆڵی ھاتوچۆی گەشتیاران لە سنورەکان بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...330331332333334...414