سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە، ھەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکانی ئەمریکایە و گەڕانەوەشیان بۆ دانوستانەکانی ڤیەننا ھەر بۆ ئەو مەبەستەیە.


ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئەمریکا پیشانیداوە ناتوانێت پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ئیمزای سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەو شێوەیەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن، جێی پشتبەستن و بایەخ نییە، بۆیە ئاساییە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران و تیمی دانوستانکار جەخت لە وەرگرتنی گەرەنتی پێویست بکەنەوە.


پێشتریش ئێران ڕایگەیاندبوو، بە مەرجێک دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڤیەننا کە ئەمریکا گەرەنتی ئەوە بدات جارێکیتر لە ڕێککەوتنەکان ناکشێتەوە.