لەم مانگەدا ١٩ کەس لە سوریا بەھۆی پاشماوەکانی شەڕ گیانیان لە دەستداوە
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
٣١٢
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب و دەرعا و حەمە و حمس، ١٩ کەس بەھۆی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕەوە گیانیان لە دەستداوە، لەناو قوربانیەکانیشدا ھەشت منداڵ و سێ ژنیان تێدایە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو تەقەمەنییانەی لە کێڵگە و ڕێگا و تەنانەت لە باڵەخانەکاندا لە شەڕی دەیان ساڵەی سوریادا ماونەتەوە، سەدان کەسی مەدەنیان کوشتووە و ھەزاران کەسی تریشیان بریندار کردووە.
ھەروەھا مەزەندە دەکرێت بەھۆی ئەو شەڕە سەختەی کە لە ساڵی ٢٠١١ لە سوریا دەستیپێکرد تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەس گیانیان لە دەستدا بێت و ملیۆنان کەسی تریش ئاوارە بوون.