رۆژنامەی ھائارتسی ئیسرائیل رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ناوەندە جیاجیاکانی ناوخۆیی ئیسرائیل بەڕێوەدەچن، ئەگەری ئەوە ھەیە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا، ھەریەکە لە ئیندۆنیزیا و سۆماڵ و مۆریتانیا پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە.
ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، بە بۆنەی تیپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئیبراھمی، کە ھەریەکە لە بەحرەین و ئیمارات و سودان و مەغریب پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، پێدەچێت تەلئەبیب لەگەڵ ھەریەکە لە ئیندۆنیزیا و سۆماڵ و مۆریتانیاش، ڕێککەوتنی ئاشتی ئیمزا بکات.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠ و بە چاودێری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی ڕێککەوتنی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین و ئیمارات ئیمزا کرا.
ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژ لە دوای رۆژ کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە بەرەی خۆرئاوا، بەشێوەیەک رەوشەکە بەرەو ئەوە دەچێت لە کۆنترۆڵ دەربچێت و ئەوەش کارەساتی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
وتیشی، لەو شەڕە بەردەوامەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین براوە و دۆڕاو نییە، بەڵکو تەنھا زیان ھەیە و ھاوڵاتیانی مەدەنیش قوربانی یەکەمن، بۆیە پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی ھەڵوێست و ھەنگاوی جدی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان.
ئەمریکا و کۆریای باشور لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بڵاویانکردەوە، ئەگەر کۆریای باکور پەنا ببات بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەوا ھەموو توانا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی واشنتۆن دەستەبەر دەکرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەڕەشە سەربازییەکانی کۆریای باکور.
لەر ِاگەیەندراوەکەدا، واشنتۆن پابەندبوونی خۆی پیشانداوە بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی لەگەڵ کۆریای باشور، بۆ داڕشتنی پلانی سەربازیی ھاوبەش، بە توانای ئەتۆمی سنوردار بەرپەرچی ھەڕەشەکانی کۆریای باکور بدەنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەردوو وڵات ڕێککەوتوون بۆ ئەنجامدانی ڕاھێنانی ھاوبەش لە سەر بەکارھێنانی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی جۆری ئێف ٣٥ و فڕۆکەی بۆمبھاوێژی جۆری بی ٥٢ لەپێناو بەھێزکردنی ئاسایشی ھەرێمایەتی لە نیمچە دورگەی کۆریا.
پێشتر رۆژنامەی (زە سەن) لەزاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی کرملین ئاماژەی بەوەکردبوو، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە مۆسکۆ ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی روسیا دراوە و ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری ( لیمۆزین)ە بە بۆمب ھێرشیکراوەتەسەر، بەڵام پوتن بەبێ زیان ڕزگاری بووە.
بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، لە رابردوودا پێنج جار ھەوڵی تیرۆرکردنی ڤلادیمێر پوتن دراوە، ھەربۆیە لەئێستادا گروپێک لە باشترین نیشانشکێنەکانی پاسەوانی دەکەن.
ھەرچەندە دوێنێ ھەردوو سەرۆک کۆبوونەوەیەکی کورتیان ئەنجامدا، بەڵام ئەمڕۆ پوتن و ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی تەواوەتی دەکەن و گفتوگۆ لەبارەی رەوشی ئۆکراین و ھەناردەی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە دەکەن.
روسیا لە میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین نیگەرانە و ئاماژەکانی راگرتنی رێککەوتنەکە بەدەرکەوتوون، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس) ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکی روسیا رایگەیاند، پێویستە دانەوێڵەی ئۆکراین سەرەتا رەوانەی وڵاتانی ھەژاربکرێت. جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی ھەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر پەینی کشتوکاڵی وڵاتەکەی.
زیلینسکی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ (ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین) سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە کیێڤ رایگەیاند، وڵاتەکەی وەڵامێکی ئەرێنی لە ئیسرائیلەوە پێنەگەیشتووە لەبارەی رادەستکردنی سیستمی بەرگری مووشەکی.
وتیشی، پێشتر ئەمریکا و ئەڵمانیا بەڵێنیاندابوو سیستمەکە بۆ وڵاتەکەی بنێرن، بەڵام تائێستا بەدەستیان نەگەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆبایدن فەرمانی کردووە بە ناردنی قۆناغێکی دیکەی ھاوکاری سەربازی بە بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراین.
سەرۆک کۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیای قەتەر ڕایگەیاند، ئەوان زۆر دڵخۆش دەبن بە ھاتنە کایەی حکومەتێکی بەھێز لە عێراق، پێویستە عێراقییەکانیش لەئێستاوە ڕێگەنەدەن بە بوونی ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا.
ڕەئیسی جەختیکردووە، ژمارەیەک وڵات پەیوەندییان پێوەکردوون سەبارەت بەوە دەستوەردان بکەن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە و ھیچ دەستوەردانێک بکەن، چونکە پێیانوایە ئەو بابەتە پەیوەستە بە خودی عێراقییەکانەوە.
دەربارەی گفتوگۆکانی وڵاتەکەشی لەگەڵ سعودیە، ڕەئیسی دووپاتیکردووەتەوە، گفتوگۆکان بە ناوبژیوانی عێراق لە بەغداد بەردەوام دەبێت و، تائێستاش پێنج گەر لە وتوێژەکان بەڕێوەچووە.
لەکۆتایی وتەکانیدا دەربارەی بارودۆخی ناوچەکە سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ھێزە دەرەکییەکان لێگەڕێن دەتوانرێت کێشەکانی ناوچەکە چارەسەربکرێن.
ڕۆژانە ھەزاران کەس لە ھاوڵاتیانی بەریتانیا بە ڕیز دەوەستن بۆ ئەوەی بۆ دواجار چانسی ئەوەیان ھەبێت ماڵئاوایی لە شاژنەکەیان بکەن.
میدیاکانی ئەو وڵاتە لە زاری سەردانیکەرانەوە بڵاویانکردەوە، خێزانی بەریتانی ھەیە ماوەی ١١ کاتژمێر لە ڕیزدا وەستاوەن، بۆ ئەوەی چانسی چوونەژورەوەیان پێبدرێت، تا بتوانن دوا ماڵئاوایی لە تەرمەکەی شاژن بکەن.
یەکێک لەو ھاوڵاتیانە بە بی بی سی وتووە، چوونە ژورەوەی، ھەستی شانازیکردنی بۆ دروستکردووە، چونکە ھاوڵاتییەکی بەریتانییە و توانیوویەتی بۆ دواجار ماڵئاوایی لە شاژنی وڵاتەکەی بکات.
بڕیاریشە تابووتی شاژن تا بەیانی ڕۆژی دووشەممە بەکاتی بەریتانیا لە ھۆڵی وێستمنستەر بمێنتەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین ھاوڵاتی بەریتانی بتوانن دوا ماڵئاوی لێبکەن، بەر لەوەی بەخاکبسپێردرێت.
رۆژنامەی ئیتحادی ئیماراتی لە زاری باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ڕەوشی چەند ڕۆژی ڕابردووی عێراق بۆ ئەوان مایەی شۆکبووە، پێویستە سەرکردە عێراقییەکان دووربخرێنەوە لە ھەر ھەڵخلیسکانێک بۆ بەرپابوونەوەی توندوتیژی، ھەروەک چۆن لەچەند ھەفتەی رابردوو ھاتە ئاراوە.
باربارا لیڤ داوای لە سەرکردە عێراقییەکان کردووە، لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ یان بەجیا جیا، گفتوگۆی ھەمەلایەنە دەستپیبکەن، بۆ ئەوەی ھیوا و متمانەی ملیۆنان عێراقی لەبەرچاو بگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمیانی سەردانەکەی بۆ بەغداد و ھەولێر، ھەموو ئەو عێراقیانەی کە دیداری لەگەڵ کردوون، پێیانوابووە ئەم ڕەوشە بەردەوام نابێت و پێویستە گوێ لە دەنگیان بگیرێت.
دووپاتیشکردووەتەوە، سیاسەتی ڕاشکاوانەی واشنتۆن پشتیوانیکردنە لە بەرقەرارکردنی سەروەریی و ئارامی و ئاسایش لە عێراقدا.
پۆلیسی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە لەناوچەی لیستەر سکوێری لەندەن ڕوویداوە، لەکاتێکدا ئەو دوو پۆلیسە تووشی پیاوێک بوون کە چەقۆیەکی پێبووە.
ھەردوو پۆلیسەکە ئەفسەرن و بەپەلە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، چاوەڕواندەکرێت لەسەر وردەکاری ڕووداوەکە قسە بکەن.
پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ڕووداوەکە گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە، بەڵام ھێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردترن لەسەر ھێرشەکە.
پۆلیسی بەریتانیا دەشڵێت، بەھیچ شێوەیەک وەک ڕووداوی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ ھێرشەکەدا ناکەن.
ئەو ڕووداوە لە کاتێکدایە، کە بەھۆی ھاتنی ھەزاران ھاووڵاتی بۆ دوا ماڵئاوایی لە تەرمی شاژنە ئلیزابێسی دووەم، شاری لەندەن قەرەباڵغیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی ڕوسیا لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، بەھۆی شکشتەکانی ئەم دواییەی جەنگی ئۆکراین، ئەنجومەنی دۆما بەنیازە سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بانگھێشتی لێکۆڵینەوەیەکی داخراو بکات.
سەرچاوە پەرلەمانییەکەی ڕوسیا ئاشکرایکردووە، بریارە دووشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی دۆما بانگھێشتی وەزیری بەرگری بکات، چونکە بابەتەکە پەیوەندیی بە پرسیاری ھاوڵاتیانەوە ھەیە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەھۆی ھێرشی لەناکاو و پێچەوانەی ئۆکراین لە ڕۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە، سوپای ڕوسیا دووچاری شکست و پاشەکشەی قورس بووەوە و زیاتر لە چوار ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی لەدەستدا، ئەوەش وایکرد سەرکردایەتی سوپای ڕوسیا ڕووبەڕووی ڕەخنە و گلەیی زۆر ببێتەوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی -کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران بە ٢٠ سەرنشینەوە لەئاوی ناوچەی چەشمێ سەربە شاری ئەزمیری تورکیا ژێرئاوکەوت و ١٤ کەسیان لەلایەن ھێزی دەریاوانی تورکیا رزگارکران و تەرمی پێنج کۆچبەریشیان دەرھێنران و کۆچبەرێکیش بێسەروشوێنە. تائێستاش پۆلیسی ئێشکگری دەریایی تورکیا ناسنامە و ڕەگەزنامەی پەنابەرەکانی ئاشکرانەکردووە.
ھەروەھا رۆژی پێنجشەممە رەنج پشدەری رۆژنامەنووس بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەلەمێک بە زیاتر لە ٧٣ کۆچبەرەوە لە ئاوی ئیجە لەنێوان یۆنان و تورکیا نقوم بووە و بەھۆیەوە ١١ کەس خنکاون، کە ٧ یان منداڵن و ١٨ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست و باکوری خۆرئاوای ئەفریقا لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا ڕایگەیاند، ئەنقەرە بووەتە یەکێک لە وڵاتە متمانەپێکراوەکان لە ھەناردەکردنی غاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەبێ بچڕان.
پوتن وتیشی، ٢٥% ئەو غازەی لە ڕێگەی تورکیاوە ھەناردە دەکرێت پارەکەی بە رۆبڵ دەدرێت و تورکیاش ئەرکەکانی خۆی بۆ ھەناردەی غاز بۆ ئەوروپا وەک خۆی جێبەجێکردووە.
لەبارەی ھەناردەی گەنم و خۆراک لە رێگەی تورکیاوە، پوتن جەختیکردەوە، دەتوانن لە رێگەی تورکیاوە گەرەنتی ھەناردەی گەنم و خۆراک بکەن بۆ جیھان بە تایبەت بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکا باشور و ئەفریقا.
سەرچاوەکانی ھەوڵی روسیا ئاشکرایانکردووە، ئەرمینیا و ئازربایجان دوای ھەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە نێوانیان.
وەزیری بەرگری ئەرمینیاش ئاشکرایکردووە، لەسەر سنورەکان دەنگی تەقە نابیسرێت.
پێشتر نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا کوژرانی ١٠٥ سەربازی لە پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردووی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ ئازربایجان راگەیاند و ئەو وڵاتەشی تۆمەتبارکرد بە داگیرکردنی ١٠ کیلۆمەتر لە خاکی ئەرمینیا.
حکومەتی ئازەریایجانیش تەرمی ١٠٠ سەربازی رادەستی ئەرمینیا کردووەتەوە کە لە پێکدادانەکاندا کوژراون.
ماوەی چەندین ساڵە بەھۆی ناکۆکیان لەسەر خاوەندارێتی ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ ناو بەناو شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان سوپای ئەرمینیا و ئازربایجان روودەدات.
رەنج پشدەری رۆژنامەنووس بڵاویکردەوە، بەلەمێک بە ٦٦ کۆچبەری نایاساییەوە لە ئاوەکانی نێوان یۆنان و تورکیا نقوم دەبێت و بەھۆیەوە ١١ کەس دەخنکێن.
راشیگەیاند، ئەو کۆچبەرانە لە دوای دیپۆرتکردنەوەیان لە یۆنان ھێزەکانی تورکیا بەھانایانەوە نەچوون و بەلەمەکەیان کون بووە، کە حەوت کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن و ١٨ کەسیش بێسەروشوێنن.
ھاوکات بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، باوکێک دەردەکەوێت کە مناڵەکەی لەئاوەکەدا خنکاوە و ھەوڵی ھێنانە دەرەوەی تەرمەکەی دەدات، ئەو ڤیدیۆیەش بە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەشی ھێزی دەریاوانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، کۆچبەرەکان لوبنانی بوون و بە نیازی گەیشتن بوون بۆ ئیتاڵیا، گەشتەکەشیان لە ١٠ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە.