بڕیارە ئەمڕۆ "رەئیسی" بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگاتە نیویۆرک، بەر لە بەجێھێشتنی "تاران"، "رەئیسی" وتی، ھیچ پلانێک نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا.
باسی لەوەشکرد، ئەو وڵاتانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون لە یەکتر نزیکبوونەتەوە و بەوەش سیاسەتی سەپاندی سزای ئەمریکا شکستیھێناوە.
وتیشی، ئێران جدییە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی، بەڵام دەبێت گرەنتیان ھەبێت کە ئەمریکا جارێکی دیکە لەو رێککەوتنە ناکشێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بڵاویکردەوە، ھیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی "رەئیسی" و لێپرسراوانی ئەمریکا لە نیویۆرک نییە، بەڵام بە دووریشی نەزانی لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆبوونەوە سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی بکرێت.
"گۆتێرێس" لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا، لەئێستادا ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا و "ڤۆلۆدمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکراین دوورە و ئەگەری ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاشتیش لەنێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر لاوازە.
بە وتەی گۆتێرێس، پێویستە کەشێکی لەبار بڕەخسێت بۆ بەدیھێنانی ئاشتی بەپێی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی، ئامادەیشی پیشاندا بۆ ئاسانکاری بۆ کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکە، بەڵام بەو مەرجەی ھەردووکیان ویستی گفتوگۆیان ھەبێت.
گۆتێرێس لە تویتەر نووسیوویەتی، ساڵێک تێدەپەرێت بەسەر دوورخستنەوەی کچان لە خوێندنی ناوەندی لە ئەفغانستان، ئەوەش زیانێکی گەورەی پێگەیاندوون کە لە جیھاندا ھاوشێوەی نییە.
داواشی لە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان کردووە خوێندنگاکانی ناوەندی بۆ کچان بکەنەوە و رێگەیان پێبدەن بەردەوامی بە پڕۆسەی خوێندن بدەن.
دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە ئەفغانستان، بزوتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١دا بڕیاریدا بەداخستنی خوێندنگاکانی ناوەندی کچان و تائێستا ھەوڵەکان بۆ دووبارەکردنەوەی خوێندنگاکانی کچان سەرکەوتوو نەبوون.
دوای ھەڵپەساردنی رێککەوتنی ئاسانکاری ڤیزا لە نێوان یەکێتی و ئەوروپا و روسیا، لەکاردانەوەی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، لە وڵاتانی لیتوانیا و لاتیڤیا و پوڵەنداو ئیستۆنیا بڕیاری رێگری لە سەردانی ھاووڵاتیانی رووس چووە بواری جێبەجێکردنەوەو رێگەنادرێت ھاووڵاتی روسی ھەڵگری ڤیزای شینگن بۆ بازرگانی و وەرزش و چالاکی رۆشنبیری بچنە وڵاتەکانییان.
کایا کالاس سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا داوای لە وڵاتانی تری ناوچەی شینگن کرد بڕیاری قەدەغەی سەردانی وڵاتانی رووسیا جێبەجێبکەن.
"ڤیکتۆریا نۆلاند" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاندووە، بۆ یەکەمین جار باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە روسیا ژن دەبێت ، بێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات ، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن تۆڕی ھەواڵی سی ئێن ئێنەوە بڵاوکراونەتەوە،جۆ بایدن پلانی ھەیە "بین تریسی" کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەرمینیا، بۆ روسیا بگوازێتەوە و ئەو ئەرکەی پێ ببەخشێت.
بە پێی دەستوری ئەمریکا، دیاریکردنی لێپرسراوان بۆ پۆستە باڵاکان، لەنێویشیاندا باڵیۆزەکان، پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس ھەیە.
بۆ بەشداریکردن لە بەخاکسپاردنی شاژن ئیلیزابێسی دووەم، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیھان لە نێویاندا "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا و خانمی یەکەمی ئەمریکا گەیشتوونەتە بەریتانیا.
ھاوکات "جەستن ترۆدۆ" سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و "ئەنتۆنی ئەلبانیز" سەرۆک وزیرانی ئوسترالیا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
میدیاکانیش بڵاویانکردۆتەوە، گەورەترین پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیا دانراوە، کە پلانی ھاوشێوە لە دوای جەنگی دووەمی جیھانییەوە دانەنراوە.
راشیانگەیاند، چەندین نیشان شکێن لە سەربانی ماڵەکان لە لەندەن دادەنرێن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕێتەوە.
ماکرۆن لە رێوڕەسمێکدا کە لە ساڵیادی یەکەم سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە پاریس بەڕێوەچوو، ناوی حزبەکەی لە ( کۆماری بۆ پێشەوە) گۆڕی بۆ ( ڕاپەڕین)، لە وتەیەکیشدا وەک سەرۆکی فەخری حزبەکە رایگەیاند، ئەگەر یەکگرتوو نەبن توندڕەوەکان سەردەکەون.
ماکرۆن لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کە مانگی نیسانی رابردوو بەڕێوەچوو، سەرکەوتنی بەرامبەر مارین لوپێنی رکابەریدا بەدەستھێنا، بەڵام لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا زۆرینەی رەھای لەدەستدا، سەرۆکی فەرەنسا ساڵێک بەر لە گەیشتنی بە کۆشکی ئیلیزێ، پارتەکەی دامەزراندوە و ئامانج لە گۆڕینی ناوی حزبەکەی ئامادەکارییە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٧.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئیدارەی بایدن، دیبلۆماتکارێکی سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامای بەناوی ( تینا کایدانۆ) وەک نوێنەری تایبەت بۆ خێراکردنی رێوشوێنەکانی داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆ دامەزراندوە.
رونیشیکردووەتەوە، بایدن نزیکبووەتەوە لە جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن کە داخستنی گرتووخانەکەیە، کە لە ساڵی یەکەمی ئیدارەکەیدا بۆ دوورکەوتنەوە لە مشتومڕە سیاسییەکان کەمتر گرنگی پێدابوو.
گرتووخانەی گوانتانامۆ بەشێکە لە پێگەیەکی سەربازی ئەمریکا لە سەر خاکی کوبا و دوای ھێرشەکانی ١١ی سێبتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ی بەرپرسیارانی ھێرشەکەی بۆ گواستراتەوە، گرتوخانەکە لە ٤٠ یەکە پێکھاتوە کە ھەیەکەیان ٧ زیندانی لەخۆ دەگرێت.
(تێدروس ئەدھانۆم) بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە لێدوانێکدا ھۆشداریدا لە رەوشی مرۆیی پاکستان و بەدووری نەزانی لە دەرئەنجامی ئەو لافاوە وێرانکەرەی وڵاتەکەی گرتەوە، کارەساتی دووەم کە شەپۆلێکی فراوانی نەخۆشی و مردنە، سەرھەڵبدات.
رونیشیکردەوە، بەھۆی نەبوونی ئاوی پاک و پەککەوتنی دامەزراوە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان، ھەزاران ئاوارەی ناو کەمپەکان رووبەڕووی چەندین جۆر نەخۆشی بوونەتەوە.
ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوو، شەپۆلێکی بارانبارینی وەرزی و لافاو، پاکستانی گرتەوە و بەھۆیەوە ١٥٤٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار خانووش رووخان و ژێرئاو کەوتن.
بە پێی میدیا ڕەسمییەکانی سوریا، ٧ ھەزار و ٣٤٨ ناوەند لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی سوریا ئامادەکراون بۆ دەنگدان و ٥٩ ھەزار و ٤٩٨ کاندیدیش کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی ١٩ ھەزار و ٨٦ کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریاش رایگەیاندووە، رێگەنادەن بە بەڕێوەچوونی ئەو ھەڵبژاردنە لە ناوچەکانی ژێر دەستیان.
لە سوریا ھەزار و ٤٧٠ یەکەی ئیداری ھەیە و بەسەر ١٤ پارێزگا و ١٥٨ شار و ٥٢٧ شارۆچکە و ٧٢٦ شارەوانی دابەش کراون.
بڕیارە ھەڵبژاردنەکە سەعات ٧ی ئیوارە کۆتایی بێت و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکانیش زیاتر لە ٨ ملیۆن ھاووڵاتی سوری لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپان.
(عەبدولحەکیم واعر) نوێنەری رێکخراوی فاو لە باکوری ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەراست رایگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا جیھان رووبەرووی ئاڵنگاری فرەلایەن بۆتەوە کە لێکەوتەی مەترسیدارییان بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی چەندین وڵات ھەبووە.
رونیشیکردەوە، کۆرۆنا و جەنگی ئۆکراین کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی خۆراکی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و عێراق و لوبنان و یەمەن بە تایبەت ھەبووە و بۆتەھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی کاڵاکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، رێکخراوی فاو ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ھاوکاریکردنی وڵاتانی زیانلێکەوتوو و ئیدارەدانی قەیرانەکان.
ئاژانسی ھەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بە موشەک ھێرشی کردووەتە سەر دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت و بەھۆیەوە پێنج سەربازی سوریا کوژراون، رونشیکردووەتەوە، ھێرشەکان فڕۆکەخانەی دیمەشق و چەند خاڵێکی سەربازیی باشوری پایتەختیان کردووەتە ئامانج و جگە لە کوژرانی ئەو پێنج سەربازە، زیانی مادی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، ھێرشەکەی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری مەزاری سەیدە زەینەب و کەسوەی ریفی دیمەشقی کردووەتە ئامانج.
سوپای سوریاش رایگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە بەشێکی زۆر لەو موشەکانەی خستووەتە خوارەوە بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێک لە بارەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین پەسەندکرا و بەپێی بڕیارەکەش، رێگە دەدرێت زیلینسکی لە رێگەی وتارێکی ڤیدیۆیی تۆمار کراوەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
لەکۆبوونەوەکەدا لە کۆی ١٩٣ وڵات، ١٠١ وڵات بە بەڵێ دەنگیاندا و ٧ وڵاتیش لە دژی بوون کە پێکھاتبوون لە روسیا و سوریا و کۆریای باکور و ئەریتریا و کوبا و نیکارگوا، عێراق و ئێران و چەند وڵاتێکی تریش دەنگیان نەدا.
گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەناو وڵاتانی عەرەبیدا رۆژ لە دوای ڕۆژ جیابوونەوەی ھاوسەران لە زیادبووندایە و بەتایبەتیش داواکاری ژنان بۆ جیابوونەوە زۆر زیاترە لە داواکاری پیاوان بۆ جیابوونەوە، باسی لەوەشکردووە، لەکاتێکدا لە وڵاتانی عەرەبی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی ھاوسەران زۆر زیادیکردووە، لە وڵاتانی ئەوروپا پێچەوانەیە و جیابوونەوەی ھاوسەران بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیکردووە.
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست باس لەوەش دەکات، بە پێی ئەو داتا و زانیارییانەی کۆیان کردوونەتەوە، زۆرترین حاڵەتەکانی جیابوونەوەی ھاوسەران لە ناو وڵاتانی عەرەبی، لە سعودیە تۆمار دەکرێت بە شێوەیەک لە ھەر سەعاتێکدا لەو وڵاتە، ٧ حاڵەتی جیابوونەوەی ھاوسەران تۆمار دەکرێت.
وێندی شێرمەن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بە بنبەست گەیشتووە و لە ئێستاشدا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە، سەرەڕای ئەوەش، ئیدارەی جۆ بایدن پێی وایە کاربکرێت بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان.
ئاشکراشیکرد، وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکانی ئەوروپا زۆر توند بووە، لە کاتێکدا ئامانج لە گفتوگۆکان کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیمزاکراوی ساڵی ٢٠١٥یە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ لێی کشایەوەتەوە.
ئەو ھەڵوێستەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ھەفتەی ڕابردوو، ھەریەکە لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، گومانی خۆیان نیشاندا لە پابەندبوونی ئێران بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەرامبەر ھەڵگرتنی سزاکان.
ماریۆ دراگی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەنجانی باران بارینی زۆر و دروستبوونی لافاو لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتەکە، تا ئێستا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، سات لە دوای ساتیش زیانە گیانییەکان زیاتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە فریاگوزارییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئیتالیا لە ھەوڵی بێوچاندان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوەوە گیریانخواردووە.
دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ھەندێک لە شارەکانی ئیتاڵیا داوایان لە ھاوڵاتیان کردووە، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و بچنە نھۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەکان.
ئاژانسی فرانس پرێسیش بڵاویکردەوە، لە ھەندێک ناوچەی ئیتاڵیا، نزیکەی ٤٠٠ ملیمەتر باران باریوە.