بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەربەستەکانی بەردەم پارێزەران بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەوروپا کۆبوونەوە و دوابەدوای کۆبونەوەکە باربارا سپینێلی، ئەندامی کۆمەڵەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە تورکیا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بھێنێت.
داواشیکرد، ڕێگە بە پارێزەرانی ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکەی دورگەی ئیمرالیی بدرێت، سەردانی زیندانەکە بکەن.
ئاشکراشیکرد، داوایان لە کۆمیتەی (سی پی تی) کردووە، بەزووترین کات سەردانی دورگەی ئیمرالی بکات و لە نزیکەوە لە دۆخی زیندانییان بکۆڵێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەوان، ئەوەی لە ئیمرالی ڕوودەدات، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لەئێستادا لەسەر ئاستی سەربازی پەیوەندیی سنوردارییان لەگەڵ ئەمریکا ھەیە و ھەمیشە بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییانە ئامادەن.
روونیشیکردەوە، ئەمریکا بە سیفەتی چاودێر بانگھێشتی کۆبوونەوەکانی ئەستانە کراوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە.
ئەمریکا و روسیا وەک دوو وڵاتی خاوەن پێگە لە سوریا لەسەر ئاستی سەربازی پەیوەندییان ھەیە بۆ رێگری لە ھەر بەریەککەوتنێکی سەربازی.
"بلینکن" لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی، دەبوو ئێستا ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە، بەڵام لەبری ئەوە ئەمریکا و گەلی ئێران ماتەمین و دڵتەنگن بەو رووداوە.
"بلینکن" داواشی لە حکومەتی ئێران کرد، کۆتایی بە سیستمی چەوساندنەوەی ژنان بھێنێت و رێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات.
پێشتر، کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووداوەکە کارێکی تۆقێنەرە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد توندوتیژییەکان دژ بەو ژنانە رابگرن کە پەیڕەوی ئازادییە بنەڕەتییەکانیان دەکەن، داواشیکرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەشکەنجەی ژینا ئەمیینان داوە و بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێریت لیلیان گەورە دیبلۆماتکاری ئیسرائیلی کە لە دوو ساڵی رابردوودا لێپرسراوی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بووە لە ئەنقەرە، وەک باڵیۆزی نوێی ئیسرائیل لە تورکیا دەستبەکاردەبێت.
ئێریت لیلیان دەبێتە یەکەمین باڵیۆزی ئیسرائیل لە تورکیا، دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ بەھۆی کوژرانی ژمارەیەک ھاووڵاتیی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل داخست و باڵیۆزی ئیسرائیلیشی لە وڵاتەکەی دەرکرد.
تورکیا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەرەسمیی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان رایگەیاند و بڕیاریاندا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەنقەرە و تەلئەبیب بکەنەوە.
نزیکەی ١٥٠ سەرکردەی جیھان لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری دەکەن، کۆبوونەوەکەش لەکاتێکدایە کە بەھۆی داگیرکاری روسیا لە ئۆکراین دابەشبوونی گەورە لە ئەوروپا و جیھان دروستبووە، بەشێوەیەک لە جەنگی ساردەوە ئەو دابەشبوونە رووینەداوە.
لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، سەرکردەکانی جیھان بەھۆی کۆرۆناوە لەر ِێی ڤیدیۆوە وتارەکانیان پێشکەشکرد، بەڵام ئەمساڵ رێوشوێنەکانی کۆبوونەوەکە ئاساییدەکرێت و سەرکردەکان لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارەکانیان پێشکەش دەکەن.
بۆریل ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە ، ھەموو ھەوڵێکیانداوە بۆ ئەوەی ھانی لایەنەکان بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە ھیچ ئەنجامێک، ئەوەش بەھۆی کۆتا وەڵامی ئێران لەبارەی ئەو پێشنیازەی خراوەتە بەردەمی.
راشیگەیاندووە، لە سێ مانگی رابردوودا ھەنگاوەکان لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی نزیکببوونەوە، بەڵام لەچەند ھەفتەی رابردوودا ھیواکان کەمبوونەتەوە.
ھەروەھا رێکخەری سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی ناکەن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھیچ پێشڕەوییەک لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ھەبێت و پێشی وانیە کە ھیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی ئێران ئەنجامی ھەبێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا ھەوڵدەدات لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بە قەیرانی جەنگی ئۆکراین بھێنێت، وتیشی، تورکیا سیاسیەتێکی ھاوسەنگی ھەیە و گوێ لە ھەردوولا دەگرێت.
ئەردۆغان جەختیشیکردەوە، دەیانەوێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە ئەنقەرە کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرێت، ھەرچەندە دەزانن ئەو بابەتە لەئێستادا ئەستەمە، بەڵام بێھیواش نەبووە لە رێکخستنی دیدارێک لەنێوان ئەو دوو سەرۆکەدا.
ئیدارەی ناوچەی لۆھانسکی ئۆکراین، کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای روسیادایە رایگەیاند، لە رۆژانی ٢٣ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە، راپرسی دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکەیان وەک بەشێک لە خاکی روسیا بناسێندرێت.
راشیگەیاند، یاسایەکیان لەبارەی ئەنجامدانی ئەو راپرسییەوە دەرکردووە، ھاوکات ئیدارەی ناوچەی خیرسوون رایگەیاند، رەزامەندیان دەربڕیووە لەسەر ئەنجامدانی راپرسی لە ناوچەکەیان بۆ ئەوەی بخرێتە سەر روسیا.
روسیا لەچوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی لە ٢٤ی مانگی شووباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، ناوچەکانی خیرسوون و لۆھانسک و دۆنێتسکی لە باشووری ئۆکراین کۆنترۆڵکردووە و ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی راپرسی لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی ئۆکراین بکات.
کۆبونەوەکە بەبەشداری نوێنەرانی ھەردوو وڵات بەڕێوەچوو ، بریاریشە تا رۆژی ھەینی بەردەوامیی بە کۆبونەوەکان بدرێت و تێیدا تاوتوێی سکاڵایەکی ئێران دەکرێت کە سەبارەت بە سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە تۆماریکردووە .
دادگای دادی نێودەوڵەتی لە ١٣ ی شوباتی ٢٠١٩ دا ، داواکارییەکی ئەمریکای رەتکردەوە کە سەبارەت بە نایاسایی بوونی سکاڵاکەی ئێران تۆماری کردبوو ، بریاریشیدا بە رەسمی کار لەسەر سکاڵاکەی ئێران بکات .
بە بەشداری سەرۆکی نزیکەی ١٥٠ وڵات، ٧٧ەمین لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستیپێکرد، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، عێراق بە رەوشێکی سیاسی ناھەمواردا تێپەڕێت و ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان لایەنەکانی ئەو وڵاتەدا ھەیە، وتیشی، ئاڵۆزییەکانی عێراق ھەڕەشەن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری.
لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیش گۆتێرێس وتی، گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ھێشتا زۆر دوورە، جەختیشیکردەوە، جیھان بە ئاڵۆزی و قەیرانی جیاجیادا تێدەپەڕێت و پێویستە ھەموان بە گفتوگۆ ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدەن و خۆیان لە شەڕ و بەکارھێنانی ھێز بە دوور بگرن.
(نانسی پیلۆسی) سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا رایگەیاند، کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان نیگەرانی کردون بە تایبەتیش ئەو کێشە ئەمنیانەی لەسەر سنورەکان بۆ ئەرمینیا دروستبووە.
وتیشی، واشنتۆن بەھەموو شێوەیەک ئامادەیە ھاوکاری (یەریڤان) بکات بۆ پاراستنی وڵاتەکەی بە تایبەتیش بەھێزکردنی سنورەکانی و رێگرتن لەو ھێرشانەی دەکرێنە سەریان.
لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی ئازربایجان سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکای بۆ ئەرمینیا ئیدانە کرد و دەڵێت، واشنتۆن جگە لە دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە ھیچ مەبەستێکی دیکەی نییە و ئەو سەردانەش ھێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان قوڵتر دەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاند، بنکەی "گوندی خەزرا" کە دەکەوێتە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا و سوپای ئەمریکا و کەلوپەلی سەربازی ئەمریکای تێدایە، بە سێ مووشەک کراوەتە ئامانج و مووشەکێکی تریش بە دووری ٥ کیلۆمەتر لە بنکەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی نەبووە.
میدیاکانی روسیاش لە باسی ئەو بۆردومانە رایانگەیاندووە، ئەو ھێرشە مووشەکییە گەورەترین بووە بۆ سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا کە دەکەوێتە ناو کێڵگەی نەوتی "عومەر" لە ریفی دێرەزوور و دەنگی تەقینەوەی بەھێزیش بیستراوە.
سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیکەی ٢٨ بنکەی سەربازییان لە سوریا ھەیە و بەسەر سێ پارێزگادا دابەشبوون، بەشێوەیەک لە حەسەکە ١٧ بنکە و لە دێرەزوور حەوت و لە حومس دوو بنکەیان ھەیە.
(زیلینسکی) رایگەیاند، دوای ئەو پێشڕەوی و سەرکەوتنەی لەماوەی رابردودا بەدەستیانھێنا، ھێرشی پێچەوانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شار و شارۆچکەکان بەردەوامە و بە خێرایی بەرەو باکوری رۆژھەڵاتی وڵاتەکە دەڕۆن.
وتیشی، ئەو پێشڕەوییە ئامادەکاری بووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارە سەرەکییەکانی (ماریۆپوڵ و "میلی توپۆڵ و خیرسون) ، بەڵێنیشیدا بە کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئۆکراین.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا ئۆکراین زیاتر لە ٦ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە باشوری رۆژھەڵاتی وڵاتەکە لە دەستی روسیا کۆنترۆڵکردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش دەڵێت، روسیا بە ئامانجکردنی ژێرخانی مەدەنی بە موشەکی دوورمەودا بە درێژایی ھەفتەی رابردوو زیاترکردووە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەھەموو شێوەیەک خۆیان بەپشتیوان و ھاوکاری تایوانن دەزانن و ئامادەشن لەھەموو دۆخێکدا بەرگری لێبکەن، جەختیشیکردەوە، بەروونی پەیامیان ئاراستەی چین کردووە ئەگەر ھێرش بکاتە سەر تایوان دەستەوەستان نابن و بەھەموو شێوەیەک بەرگری لە تایوان دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خۆکاندیدکردنەوەشی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی وتی، ھێشتا زووە بۆ بڕیاردان و تائێستاش ئەو بابەتەی یەکلایینەکردووەتەوە و دڵنیا نییە خۆی بۆ خولی داھاتووی وڵاتەکەی کاندید دەکاتەوە یاخود نا.
ناوەندی ئاشتەوایی ڕوسیا کە سەربە سوپای ئەو وڵاتەیە رایگەیاندووە، دوای ماوەیەکی زۆر لە چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر بارەگایەکی سەرەکی تیرۆریستانی بەرەی نوسرە لە گوندی شێخ یوسف سەربە پارێزگای ئیدلب، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بارەگاکەیان بۆردوومانکردووە.
ئاشکراشیکردووە، لەو بۆردومانەدا ٤٥ تیرۆریستی بەرەی نوسراوە کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون و بارەگاکەشیان بە تەواوەتی وێران بووە.