وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاند، بنکەی "گوندی خەزرا" کە دەکەوێتە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا و سوپای ئەمریکا و کەلوپەلی سەربازی ئەمریکای تێدایە، بە سێ مووشەک کراوەتە ئامانج و مووشەکێکی تریش بە دووری ٥ کیلۆمەتر لە بنکەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی نەبووە. 

میدیاکانی روسیاش لە باسی ئەو بۆردومانە رایانگەیاندووە، ئەو ھێرشە مووشەکییە گەورەترین بووە بۆ سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا کە دەکەوێتە ناو کێڵگەی نەوتی "عومەر" لە ریفی دێرەزوور و دەنگی تەقینەوەی بەھێزیش بیستراوە.

سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیکەی ٢٨ بنکەی سەربازییان لە سوریا ھەیە و بەسەر سێ پارێزگادا دابەشبوون، بەشێوەیەک لە حەسەکە ١٧ بنکە و لە دێرەزوور حەوت و لە حومس دوو بنکەیان ھەیە.