پێنج کۆچبەری دیکە لە دەریای ئیجەدا خنکا
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
٩٩٤
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی -کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران بە ٢٠ سەرنشینەوە لەئاوی ناوچەی چەشمێ سەربە شاری ئەزمیری تورکیا ژێرئاوکەوت و ١٤ کەسیان لەلایەن ھێزی دەریاوانی تورکیا رزگارکران و تەرمی پێنج کۆچبەریشیان دەرھێنران و کۆچبەرێکیش بێسەروشوێنە. تائێستاش پۆلیسی ئێشکگری دەریایی تورکیا ناسنامە و ڕەگەزنامەی پەنابەرەکانی ئاشکرانەکردووە.
ھەروەھا رۆژی پێنجشەممە رەنج پشدەری رۆژنامەنووس بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەلەمێک بە زیاتر لە ٧٣ کۆچبەرەوە لە ئاوی ئیجە لەنێوان یۆنان و تورکیا نقوم بووە و بەھۆیەوە ١١ کەس خنکاون، کە ٧ یان منداڵن و ١٨ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست و باکوری خۆرئاوای ئەفریقا لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.