وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بریارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ئەنتۆنی بلینکن سەردانی بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک بکات لە باشوری رۆژھەڵاتی تورکیا، کە لەئێستادا بووەتە جێگای گەیاندنی ھاوکارییەکان بە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیا.
ئەم سەردانەی بلینکین بە یەکەم سەردانی دادەنرێت بۆ تورکیا لە دوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بڕیاریشە لەسەردانەنەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە.
ئەنتۆنی بلینکن بەسەردانێک ئەمرۆ گەیشتە ئەڵمانیان و بریارە رۆژی ھەینی و شەممە بەشداری کۆنگرەی میوشن بۆ ئاسایش لەو وڵاتەدا بکات.
لە دوای بومەلەرزەکەوە، ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی رەوانەی تورکیا کردەوە و بڕی ٨٥ ملیۆن دۆلاریشی وەک بەشی یەکەمی ھاوکاریەکان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
روبرت گۆمیز وتەبیژی پۆلیسی تەکساس رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە مۆڵێک لە ئیل باسوی ولایەتی تەکساسی ئەمریکا کەسێک کوژراوە سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
راشیگەیاند، لەسەر ئەو رووداوە کەسێکیان دەستگیرکردووە، بەڵام گوماندەکەن کەسێکی دیکەشی لەگەڵدابووبێت، بۆیە گەڕان بەدوایدا دەستیپێکردووە.
ئەو رووداوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە لە رووداوێکی تەقەکردندا لە زانکۆیەکی ویلایەتی "میشیگن" لە ئەمریکا سێ کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون و تەقەکەرەکەش خۆی کوشت.
لە تورکیا کەمپینێک بەناوی تورکیا یەک دڵە بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە راگەیەنرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە کەمپینەکە رایگەیاند، لەگەڵ ھەموو ئەو ھاوکاریانەی لە کەمپینەکەدا کۆدەکرێتەوە، ھەر بڕە پارەیەک کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەوە دەخرێتە سەر ھەژمارەکانی ئافاد، بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بەکاردەھێندرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەیەکی کورتدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەموکوڕی و بەربەستەکانی یەکەم رۆژیان تێپەڕاندووە و بە ھەوڵ و کاری ٢٥٠ ھەزار کارمەند و تەواوی گەلەکەیان کارەکان خێرا کراوە.
وتیشی، سەرەتا کاری گەڕان و رزگارکردن تەواو دەکەن، یەک کەس لەژێر داروپەردوودا ناھێڵن و لەگەڵئەوەشدا بە شێوەیەک بەڕێوەیدەبەین کە ھیچ کەسێک لە خزمەتگوزارییەکانی خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون بێبەشنەبێت.
ئەردۆغان راشیگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە لەو شوێنانەی کە کارە سەرەتاییەکانی تێدا کۆتاییھاتووە بناغەی ٣٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دادەنێن و دەست بە درووستکردنی دەکەن، دوپاتیشیکردەوە، ئامانجیانە لەبری ھەر بینایەکی رووخاو، دەستبکەن بە درووستکردنی یەکەکان کە لە ماوەی یەکساڵدا خەڵک بتوانێت بە متمانەوە تیایدا بژین.
فڕۆکەخانەی میونخ ھەینی داھاتوو ھەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە ٧٠٠ گەشتی ڕاگەیاند بەھۆی مانگرتنی کارمەندانی زەمینی و ئەمنی، لەکاتێکدا شارەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
ھاوکات سەندیکای کرێکارانی کەرتی خزمەتگوزاری (ڤێردی)، داوای لە کرێکارانی حەوت فرۆکەخانەی ئەو وڵاتە کرد بۆ ماوەی ٢٤ سەعات مانگرتن راگەیەنن.
بەرێوەبەری فرۆکەخانەی فرانکفۆرتیش رایگەیاندوە، ئەو پێشھاتە زیانێکی گەورە بە گەشتی ئاسمانی دەگەیەنێت.
لە ھەریەک لە بەلژیکا و فەرەنساش کرێکارانی کەرتی ئاسمانی مانگرتیان راگەیاندوە و کرێکارانی فەرەنسا دژی ھەموارکردنەوەی سیستمی خانەنشینی ھاتوونەتە دەنگ.
نیکۆلا ستۆرجن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک سەرۆک وەزیران و و سەرۆکی پارتی نەتەوەی سکۆتلەندی کە گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە راگەیاند.
راشیگەیاند، لە دڵ و مێشکیدا دەزانێت کە ئەمە کاتە راستەکەیە و دەبێت چیتر لەو پۆستەدا بەردەوام نەبێت.
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ رۆژی پێنج شەممە سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای تورکیا کۆ دەبێتەوە.
ستۆڵتنبێرگ لە لێدوانێکدا رایگەیاندوە، لە ئەنقەرە ھەوڵًدەدات پشتیوانی بۆ پەسەندکردنی ئەندامبوونی سوید و فنلەندا بەدەست بێھێنت، لەگەڵ ئەوەی تورکیا و ھەنگاریا بە بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە نارازین بەڵام سەرۆکی ناتۆ رایگەیاندوە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێش بچێت.
ھەوڵەکانی ستۆڵتنبێرگ لە کاتێکدایە، کە تورکیا پێشنیازی کردوە، داواکاریی فنلەندا بەبێ سوید پەسەند بکرێت، بەڵام ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە ھەردوو وڵاتی دراوسێ پێکەوە ئەندامێتییان پەسەند بکرێت.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە بەردەوامی ھەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو، دادگای شۆڕشی ئەھەواز لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان سزا لەسێدارەدانی بەسەر شەش زیندانیی سیاسی عەرەب لە زیندانی شیبان سەپاندووە.
ئاماژەی بەوەشکراوە، ھەر لەو زیندانە شەش کەسی تر سزای ٥ ساڵ بۆ ٣٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە زیندانی شاری ئیلامی رۆژھەڵاتی کوردستایش، ئارین کوخایی بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر پشتگوێخستنی دۆسیەی، لێوەکانی دورییەوە و مانی لە خواردن گرت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھێراناش بڵاویکردەوە، لە رۆژی یەکشەممەوە تا سێشەممە ٨ کەس لە زیندانەکانی ورمێ و کەرەج و گورگان و قەزوین بەتۆمەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددی ھۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات بری ٣٩٧ ملیۆن دۆلار کۆبکرێتەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو پێنج ملیۆن ھاووڵاتییە سوریەی کە بەھۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
گۆتێرێس ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بڕە پارە پێویستییەکانی ئەو کەسانە تەنھا بۆ ماوەی سێ مانگ پڕدەکاتەوە.
ھاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختیکردووەتەوە لەوەی دەبێت بەشار ئەسەد پابەندی بەڵێنەکانی بێت لەسەر کردنەوەی دوو دەروازەی سنوری لەگەڵ تورکیا بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران کە چاودێری پێگەیەکی سەرەکی نەوتی دەکرد لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا خراوەتە خوارەوە.
تائێستاش لێپرسراوانی ئێران ھیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە نەداوە.
ئەمریکا و ئێران لە سوریا ئۆپراسیۆن بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان ئەنجام دەدەن، ئەمریکا پشتیوانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات و ئێرانیش ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق ھەیە.
سەردانەکەی رەئیسی لەسەر بانگھێشتی شی جینپینگ سەرۆکی چین ئەنجامدرا و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، ئەوەش بۆ یەکەمجارە دوای ٢٠ ساڵ سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی چین دەکات.
لە سەردانەکەیدا، ئیبراھیم رەئیسی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ شی جینپینگ و لێپرسراوانی باڵای چین ئەنجام دەدات و پێشبینیدەکرێت ژمارەیەک رێککەوتن و لێکتێگەیشتن ئیمزا بکەن.
"مارتن گریفیس" رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ "بەشار ئەسەد" سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و رایگەیاند، "ئەسەد" رەزامەندیداوە نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێی دوو دەروازەی سنوریی دیکەوە لە تورکیاوە بۆ ماوەی سێ مانگ ھاوکاریی بگەیەنێت، جەختیشیکردووەتەوە لە گرنگی گەیاندنی ھاوکارییەکان بەشێوەیەکی خێرا و بەپەلە بۆ تەواوی ناوچەکانی وڵاتەکە بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و ھێزەکانی تریشەوە.
پێشتریش، "ئەسەد" لەگەڵ "تیدرۆس ئەدھانۆم" بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی گەیاندنی ھاوکارییە پزیشکییەکان بۆ سوریا.
بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانیش جەختیکردبووەوە لەوەی، لەچەند رۆژی داھاتوودا کاروانێکی تری ھاوکاری رەوانەی باکوری سوریا دەکەن.
کردنەوەی ئەو دوو دەروازەیە لەدوای ئەوە دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری دابوو لە خراپی رەوشی مرۆیی باکور و رۆژئاوای سوریا و رایگەیاندبوو دانیشتوانی ئەو ناوچانەی بومەلەرزە زیانی پێگەیاندوون لە دۆخێکی مرۆیی خراپدان و ئەگەر بە زووترین کات تەواوی دەروازە سنورییەکان نەکرێنەوە، ناتوانرێت ھاوکاری پێویست بۆ زیانلێکەوتووان دەستبەربکرێت.
ھێزەکانی پۆلیسی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، پیاوێکی رەشپێست بە دەمامکەوە لەناو زانکۆیەکی شاری "لانسینگ" لە ویلایەتی "میشیگن" تەقەی کردووە، تائێستاش لانیکەم سێ کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، کە برینەکانیان سەختە و مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.
ھەر بەھۆی رووداوەکەوە دەوام لە زانکۆکە بۆ ماوەی ٤٨ سەعات راگیراوە و داوا لە خوێندکاران کراوە بۆ ھیچ مەبەستێک نەچنە زانکۆکەوە.
تائێستاش ھێزەکانی پۆلیس ھیچ روونکردنەوەکەیان سەبارەت بە تەقەکەرەکە و پاڵنەری پشت ئەو رووداوەوە رانەگەیاندووە.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، لەمدواییانەدا ھیچ جۆرە دانوستانێکیان سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێرانییەکان نەکردووە و ھیچکات لە ئەجێندایاندا نەبووە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەوباریەوە بکەن.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و پەیوەندیان لەگەڵ لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن، نێد پرایس رایگەیاند، دەیانەوێت گوێ لە سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، پەیوەندی سەربازیی تاران و مۆسکۆ ھەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئۆکراین و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دیکەش دروستدەکات، بۆیە ھەرچییەک لەدەستیان بێت دەیکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پەیوەندییە و رێگە لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازیی لە ئێرانەوە بۆ روسیا دەگرن.
کریس ھیبکینز سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئۆکلاند باری نایاسی لە وڵاتدا بەھۆی دروستبوونی گەردەلول و لافاو بۆ کاتێکی نادیار راگەیاند.
راشیگەیاند، ھەرچەندە زۆر زووە باس لە زیانەکانی ئەو گەردەلوول و لافاوە بکرێت، بەڵام زیانەکانی ھەموو وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
بەھۆی ئەو گەردەلول و لافاوەی نیوزلەندای گرتووەتەوە ئاوی رووبار و دەریاکان زیاتر لە ١١ مەتر بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایکردووە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ماڵ بێ کارەبا بمێنەوە و رێگاکان بگیرێن و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئابوری ئەو وڵاتەش بگات.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی ٢٣٢ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دزی و تاڵانی و قۆڵبڕین لە ناوچەکانی بوومەلەرزە، ٩٧ گومانلێکراو لە ١١ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان دەستگیرکران و ٢٢ گومانلێکراونیان بە مەرج ئازاد کراون.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، لە دوای بوومەلەرزەکان داواکاری گشتیی تورکیا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە رووداوەکانی دزی و تاڵانی و خراپ بەکارھێنانی متمانە بۆ قۆڵبڕین و ھەڵخەڵەتاندن لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
یونسێف دەڵێت ئەو ١٠ پارێزگایەی تورکیا کە بە ھۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە ٤ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار منداڵیان تیایدا دەژی و ناوچە کارەساتبارەکانی سوریاش دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار منداڵیان تیایدا دەژی و ژیانیان رووبەرووی مەترسی بوەتەوە.
جەختیشیکردوەتەوە، زۆرینەی منداڵە رزگاربوەکان، پێویستییان بەوەیە ئاوی پاک و شوێنی حەوانەی گەرم و دەرمان و بودجەی زیاتریان بۆ دابین بکرێت.
یونسێف دەشڵێت، ئەو خێزانانەی منداڵیان ھەیە لە شەقام و مۆڵ و قوتابخانە و مزگەوت و وێستگەی پاس و ژێر پردەکاندا دەخەون، لەگەڵ منداڵەکانیان لە شوێنە کراوەکاندا دەمێننەوە لە ترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزە و زۆری زیانی ماڵ و حاڵیان.