نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، لەمدواییانەدا ھیچ جۆرە دانوستانێکیان سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێرانییەکان نەکردووە و ھیچکات لە ئەجێندایاندا نەبووە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەوباریەوە بکەن.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و پەیوەندیان لەگەڵ لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن، نێد پرایس رایگەیاند، دەیانەوێت گوێ لە سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، پەیوەندی سەربازیی تاران و مۆسکۆ ھەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئۆکراین و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دیکەش دروستدەکات، بۆیە ھەرچییەک لەدەستیان بێت دەیکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پەیوەندییە و رێگە لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازیی لە ئێرانەوە بۆ روسیا دەگرن.