رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە گوندی دێر بالوتی سەر بە جندرێس لە سنووری کانتۆنی عەفرین دوو ھاووڵاتی کوردی تەمەن ٧١ ساڵ و ٧٤ ساڵیان رفاندووە، ھەروەھا لە گوندەکانی عبێدان و ئوگای لە سنوری بلبلێی سەربە عەفرین دوو ھاووڵاتی دیکەی تەمەن ٥٤ ساڵ و ٢٣ ساڵ رفێندراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستاشدا ئەو کەسانە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
ھاوکات رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە لە گوندێکی سەربە ناوچەی مابەتای عەفرین سێ ھاووڵاتی دیکەی کورد رفێندراون کە یەکێکیان ژنە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، ٤٦٣ ھاووڵاتی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بەپێی ئامارەکەش بەراورد بە مانگی ئاب حاڵەتی دەستگیرکردن بە رێژەی ٧٥٪ زیادیکردووە.
رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ٤٦٣ دەستگیرکراوە، ٢٠٣ ھاووڵاتی کورد و ١٢٢ ھاووڵاتی بلوچ و ٣٢ ھاووڵاتی لوڕ دەستگیرکراون، لەنێو دەستگیرکراوەکانیش ٥١ ژن و ٥٠ منداڵ و ٨ ھاووڵاتی پەیڕەوی ئایینی بەھایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
ھەر لەو مانگەدا چوار خوێندکاری زانکۆ لە شارەکانی سەقز، قوروە، تاران و زەنجان و ھەشت مامۆستاش لە سەقز، دیواندەرە، کرماشان و ئەردەبیل دەستگیرکراون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لە ھەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا کرد و وتی، پێویستە دەستووری نوێ کە تائێستا ٢٠ جار ھەموار کراوەتەوە، مەدەنی بێت و سەرجەم ھاوڵاتیانی تورکیا خۆیانی تێدا ببیننەوە و لەسەر بنەمای تەوافوق و رەزامەندی ھەمووان بێت و شایەنی دەوڵەتێکی وەک تورکیا بێت کە تەمەنی ١٠٠ ساڵە.
بەپێی یاساکانی تورکیا نووسینەوەی دەستووری نوێ لە کۆی ٦٠٠ ئەندامی پەرلەمان پێویستی بە رەزامەندی ٤٠٠ پەرلەمانتارەو بۆئەوەی راپرسیشی لەسەر بکرێت پێویستی بە دەنگی بەڵێی ٣٦٠ پەرلەمانتارە.
لە ئەگەری ھەموارکردنەوەی دەستووردا پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی نەتەوە پەرستی ھاوپەیمانی پێویستیان بە دەنگی ٤٠ پەرلەمانتاری تر دەبێت، چونکە بەدەنگی سەرجەم پەرلەمانتارانی ھەردوو پارتەکە ناتوانن بە زۆرینە پرۆژەی ھەموارکردنەوەی دەستوور پەسەند بکەن.
لە بەرامبەریشدا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار لەسەر گۆڕینی دەستوور رێککەوتوون نیگەرانن لە پرسی ھەموارکردنەوەی دەستوور، چونکە لەسەر چەند پرسێک بەرچاوڕوون نین وەک ناسنامەی دەوڵەت، پێناسەی ھاووڵاتی، مەرجەعیەتی ئیسلامی، حیجاب، لەگەڵ پرسی کورد و دەسەڵاتەکانی سەرۆک و سیستمی حکومڕانی لە نێوان سەرۆکایەتی و پەرلەمانی، دەشڵێن باسی ھیچ کام لە بابەتانە نەکراوە و نازانن چارەنووسیان چۆن دەبێت لە دەستووری نوێی تورکیادا.
ھیشام گونای کە یەکێکە لە دیارترین چاودێرانی سیاسی تورکیا دەڵێت، پێویستە پرسی ھەموارکردنەوەی دەستوور بخرێتە دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو بەڕێوەدەچێت، چونکە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ھەرچەندە لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون، بەڵام ھەردوولایان ئامانجی تایبەت بە خۆیان ھەیە بە تایبەتیش پرسی داننان بە زمانی کوردی وەک زمانی دووەم لە تورکیا و مەرجەعیەتی ئیسلامی کە ئەردۆغان دەیەوێت پۆشینی حیجاب ببێتە دەقێکی دەستووری و ئاینی ئیسلامیش سەرچاوەی داڕشتنەوەی یاساکان بێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت تورکیا دەوڵەتێکی عەلمانی بێت و سیستمی حوکمڕانیش پەرلەمانی بێت و ھەر ھاووڵاتییەکیش خاوەنی ناسنامەی تورکی بوو، ھاوڵاتی رەسەنی تورکیایە و نابێت جیاوازی لە نێوان نەتەوەکاندا ھەبێت کە ئەردۆغان دەیەوێت لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی و نیشتمان ناسنامەی ھاووڵاتی تورکیا دابڕێژێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە وتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی ئایۆوا رایگەیاند، ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بۆ ئەو ھێزانەی ئەمریکا خەرج دەکرێت کە لە چەند وڵاتێک جێگیرکراون و ئەو وڵاتانە دەپارێزن، ئەمەش نەک تەنھا ھیچ سودێکی بۆ ئەمریکا نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستێک مووچەی سەربازانی وڵاتەکەی نەمێنێت و نەتوانن مووچەیان پێبدەن.
وتیشی، بەڵێن دەدات ئەگەر لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی داھاتوودا سەرکەوتوو بێت و ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، تەواوی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە چەند وڵاتێک دەکشێنێتەوە، بەڵام ترەمپ ناوی ھیچ وڵاتێکی نەبرد.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە وتاری دەستپێکردنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی یەکێتی ئیسلامی کە ساڵانە لە تاران بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند، بە درێژایی مێژوو و لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە تائێستا ھیچ کاتێک ئەو وڵاتە نەک تەنھا دۆست و ھاوپەیمانی وڵاتانی ئیسلامی نەبووە، بەڵکو دوژمنێکی سەرسەخەتیان بووە و ھەموو ھەوڵ و پیلانێکی بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی وڵاتانی ئیسلامی و دژایەتیکردنی ئاینی ئیسلام بووە.
وتیشی، پێویستە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی لە جیھاندا ورد و ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و ئێرانیش پێی وایە ھەر جۆرە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل مانای خۆڕادەستکردن و چوونە ژێر دەسەڵات و ھەژموونی ئەو وڵاتەیە و پێویستە ھەموو وڵاتانی ئیسلامی ئیسرائیل بە دووژمن بزانن نەک دۆست و ھاوپەیمان.
بەسام سەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بوونی سوپای تورکیا لە خاکی سوریادا نایاسایی، پێویستە پێش باسکردنی ھەر جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ ئەنقەرە سەرەتا ئەو ھێزانە لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە، ئەگەر ئەوە روونەدات ئەوە ھەموو جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ ئەو وڵاتە رەتدەکرێتەوە.
ھەینی ڕابردوو وەزیری بەرگری تورکیا، ئامادەیی ئەنقەرەی پشتڕاستکردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و ڕایگەیاندبوو، ھەمیشە ئامادەن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، بەڵام داواکارییەکانی لایەنی سوریا شتێک نییە دەستبەجێ قبوڵ بکرێت.
لە ساڵی ٢٠١١ وە لە سەرەتایی سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە سوریا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشق تێکچوو. بەڵام لەم دواییانەدا بەرپرسانی ھەردوو وڵات باسیان لە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کرد.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا و دوای ١١ ساڵ ڕووسیا میوانداری یەکەمین دانوستانی نێوان تورکیا و سوریای لە ئاستی وەزیرانی بەرگریدا کرد.
حکومەتی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە شەش مانگی ئەمساڵدا حەوت ھەزار و٨٦١ پەنابەر لە ئەڵمانیا دیپۆرتکردۆتەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە زۆرینەیان بە رەگەز جۆرجی بوون، ئەوانەی دیکەش ھاوڵاتیانی مەکدۆنی و ئەفغانی بوون.
دەشڵێت، ھەزار و ٦٦٤ ژن و ھەزار و ٣٧٥ منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە ئەڵمانیا مافی پەنابەریان پێ نەدراوە و دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە پرۆژەیەکی زۆر باشیان پێشکەشی یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆئەوەی تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتییەکەن، بەڵام تائێستا پرۆژەکەیان قبوڵ نەکراوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا بێلایەن نییە و چەند وڵاتێک دەستیان بەسەریدا گرتووە کە بەردەوام دژایەتی تورکیا دەکەن لە کاتێکدا تورکیا لە رابردوو و لە ئێستاشدا ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نییە.
وتیشی، سەرجەم داواکاری و مەرج و رێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەندامبوونیان لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێکردووە، بەڵام ئامادەن نین لەپێناو ئەو بە ئەندامبوونەدا سازش بکەن، ئەگەر کۆی پرۆژەکەشیان ھەڵوەشێنرێتەوە ھیچ کێشەیەکیان نییە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی باڵای کۆشکی سپی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، حکومەتی سعودیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا روبەڕووی چەند ھێرشێک بووەتەوە بەتایبەتیش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی و دیارترینیشیان دوو ھێرش بووە لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٩ کە زیانی زۆری بە دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە گەیاندووە و بۆئەمەش دەیەوێت وڵاتێک ھەبێت بەرگری لێبکات و بیپارێزێت.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و حکومەتی ریاز مەرجێکی بۆ ئەمریکا داناوە و دەیەوێت بگەنە رێککەوتنێکی ستراتیژی سەربازیی لە پێناو پاراستنی سعودیە لەلایەن ئەمریکاوە لەھەر ھێرشێک کە بکرێتە سەری و ئەگەر لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ واسنتۆن بگەنە ئەنجام، ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر یەکێک لە بەندکراوەکانی گرتووخانەی رامھرمز کە دەکەوێتە ناوچەیەکی باشووری خۆرئاوای ئێران، شەڕ و پێکدادان لە نێوان بەندکراوەکانی تر و پۆلیس و پاسەوانەکانی ناو گرتووخانەکە دروستبووە و بەندکراوەکان لە زۆربەی بەشەکانی ناو گرتووخانەکە وەک ناڕەزایی دەربڕین ئاگریان کردووەتەوە و بەشێکی زۆری گرتووخانەکە سووتاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە، بەڵام تائێستا بە تەواوی زیانەکان نازانرێن و ھیچ لایەنێکی رەسمی و وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش ھیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا، پاسێکی نەفەر ھەڵگر کە لە ئەنقەرەوە بەرەوە تۆکات لە پارێزگای ئاماسیا بەڕێ کەوتووە، لە نزیک شارۆچکەی مەرزیفۆن، کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە، لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و ٣٠ کەسی تریش برینداربوون.
بەپێی ھەواڵەکە، تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیس و جەندرمە گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شارۆچکەی مەرزیفۆن گواستراونەتەوە.
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا سزا و گەمارۆی زۆریان خستووەتە سەر وڵاتەکەی کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە، چونکە ئەو سزایانە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی سوریا دروستکردووە، لەکاتێکدا دیمەشق دەیەوێت پەیوەندییەکی باش و دۆستانەی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیھان ھەبێت و ھیچ وڵاتێکیش بە دوژمن نازانێت و ھێڵی سوریان نییە.
وتیشی، لەئێستادا بەھۆی ئەو سزایانەوە رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی سوریا زۆر خراپە و وڵاتەکەی بە دەست چەند قەیرانی جیاجیاوە دەناڵێنێت و رۆژ لە دوای رۆژیش لە زیادبووندان.
کۆچی بەکۆمەڵی ئەرمەنییەکان لە قەرەباخ دوای ڕاگەیاندنی ھەڵوەشاندنەوەی کۆماری جودایی قەرەباغ دێت کە لە کۆی دانیشتوانەکەی تەنیا چەند سەد کەسێک ماون کە سەر بە تیمەکانی ئەمبوڵانس و فریاگوزارین و ئەوانیش خۆیان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە ئامادە کردوە.
ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا تیمێکی مرۆیی بۆ ھەڵسەنگاندنی رەوشی ناوچەکە رەوانە دەکەن.
ترسی تۆڵەسەندنەوە لە نێو دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە زۆرینەیان مەسیحییە ھەیە، کە دوای ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ئازەربایجانی زۆرینەی موسڵمان جیابوونەوە و زیاتر لە سێ دەیە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ باکۆدا کردووە، بەتایبەتی لە دوو جەنگی نێوان ساڵی ١٩٨٨دا و ساڵی ١٩٩٤ و لە پاییزی ٢٠٢٠دا.
جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاندوە، دوای ئەوەی لەمانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت نرخی فرۆشتنی نەوتی روسیایان دیاریکرد کە بۆ ھەر بەرمیلێک ٦٠ دۆلار بوو، بەڵام ئەو سزایە سەرکەوتوو نەبوو و لەدوای سەپاندنی ئەو سزایەشەوە تائێستا روسیا بە نرخی رۆژانەی بازاڕەکانی جیھان نەوت و بەرھەمەکانی فرۆشتووە.
وتیشی، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان دەتوانن گۆڕانکاری لەو سزایەی یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوتدا بکەن بە شێوەیەک کاریگەری زۆری لەسەر روسیا ھەبێت و ھەر بەوەشەوە ناوەستن، بەڵکو سزای زیاتریش بەسەر نەوت و سەرچاوەکانی تری داھاتی روسیادا دەسەپێنن.
لە کۆبوونەوەی ئاساییدا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاری لە پێدانی پاکێجێکی ھاوکاری دا بە وڵاتی ئۆکراین، یارمەتییەکە خۆی لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاردا دەبینێتەوە کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری ھاوکاری ئاسایشدا جێگیرکرا کە پێشتر لە ڕەشنوسی بودجەدا بەدەرکرابوو.
بۆ خەرجکردنی ئەم بڕەش پێویستە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی چەک بکات، نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چەک لە کۆگاکانی پێنتاگۆن وەربگرێت.
ھەر لە پرۆژە یاساکەشدا ٢٠ ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ چرکڕدنەوەی چاودێری لەسەر ئەو ھاوکارییانەی کە ئۆکراین لە ئەمریکاوە وەریدەگرێت.
بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ، ھەر بەھۆی لافاو و بارانبارین لە گواتیمالا زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوت و سەدان خانووش رووخان و بەشێکی زۆریان ئاوی لافاو بردوونی.
وەرزی بارانبارینی گواتیمالا لە مانگی ئایاردا دەستپێدەکات و لە مانگی تشرینی دوەمدا کۆتایی دێت، بەپێی ئامارەکان ساڵانە لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەراست سەدان کەس بەھۆی بارانبارینی وەرزی و گۆرانی کەشوھەواوە گیانلەدەستدەدەن و سەدان ھەزاری دیکەش دوچاری زیانی گیانی و ماڵی دەبنەوە.