لە ناو گرتوخانەیەکی ئێران گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان بەندکراوان و پۆلیس دروستبوو
کوردسات نیوز
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
٢٥٣
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر یەکێک لە بەندکراوەکانی گرتووخانەی رامھرمز کە دەکەوێتە ناوچەیەکی باشووری خۆرئاوای ئێران، شەڕ و پێکدادان لە نێوان بەندکراوەکانی تر و پۆلیس و پاسەوانەکانی ناو گرتووخانەکە دروستبووە و بەندکراوەکان لە زۆربەی بەشەکانی ناو گرتووخانەکە وەک ناڕەزایی دەربڕین ئاگریان کردووەتەوە و بەشێکی زۆری گرتووخانەکە سووتاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە، بەڵام تائێستا بە تەواوی زیانەکان نازانرێن و ھیچ لایەنێکی رەسمی و وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش ھیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە.