ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پرسی موچە و ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و سەرژمێری گشتی تاوتوێدەكات. 

بەپێی كارنامەكە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە سێ بڕگە پێكهاتووە كە لە بڕگەی یەكەمدا، تاوتوێی خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عیراق دەكرێت كە بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگكەدا ئەنجامبدرێت.

بڕگەی دووەمیش، تایبەتە بە تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەوبارەیەوە.

هەروەها لە تەوەری سێیەمدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی دۆخی دارایی و موچە و ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و ئەو رێكارە نوێیانەی وەزارەتی دارایی عیراق لەبارەی موچەی مانگی ١٠ەوە دەكات.