رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی" ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، قەیرانی متمانە لە نێوان بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردایەتی سوپاکەیدا ھەیە، ناتانیاھۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزیری بەرگری حکومەتەکەی ئاڵوزە، ئەوەش رێگری دەکات لە کارکردنی ھاوبەشی نێوانیان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، قەیرانی متمانە تەنھا لە ناتانیاھۆ و سوپادا نییە، بەڵکو قەیرانی متمانە لەناو حکومەتیشدا ھەیە لە ئێستادا لانیکەم سێ وەزیری حکومەتی فریاکەوتنی ئیسرائیلی بیر لە دەستلەکارکێشانەوە دەکەنەوە بۆ ئەوەی ناتانیاھۆ ناچار بکەن بەرپرسیارێتی ئەو شکستە ئەمنییە لە ئەستۆ بگرێت.
بەپێی رۆژنامەکە، لە ٧٥٪ی ئیسرائیلییەکان ناتانیاھۆ بە بەرپرسیار دەزانن لە شکستی ئەمنی لە پاراستنی وڵاتەکەیان و شارۆچکەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە.
بۆ ١٧ مین ڕۆژ لەسەریەک بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەک و نەخۆشخانەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە بەردەوامە، تەندروستی غەززەش دەڵێت لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا نزیکەی ٤٠٠ کەس کوژراون کە ١١٧ یان منداڵن.
تا ئێستا ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بۆ چوار ھەزار و ٧٤١ کەس بەرزبووەتەوە، کە زیاتر لە ھەزار و ٨٧٣ منداڵ و ھەزار و ٢٣ یان ژن بوون، ھەروەھا زیاتر لە ١٤ ھەزار کەسیش برینداربوون.
لە کەرتی ڕۆژئاواش، ژمارەی کوژراوان بۆ ٩٢ کەس بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ٦ فەلەستینی بە گولـلەی ھێزەکانی ئیسرائیل لە جەنین، نابلوس و حەبرۆن کوژران.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە ھێرشی زەمینیی بۆسەر کەرتی غەززە دوابخات بۆ ئەوەی کات بەدەستبھێنێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە.
ئەو بەرپرسانە رایانگەیاند، واشنتۆن لەو رێگایەوە دەیەوێت کاتێکی زیاتری دەستبکەوێت بۆ ئامادەکاری بۆ ھەر ھێرشێک دژی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە، چونکە ئەگەر ھەیە ھێرشەکان لە ناوچەکەدا چڕتر ببنەوە ئەگەربێت و ئیسرائیل ھێزەکانی بە تەواوی بگوازێتەوە بۆ غەززە.
بەوتەی بەرپرسەکان، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا داواکەی واشنتۆنی گەیاندووەتە ئیسرائیل بۆ دواخستنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆنگرەکەی قاھیرەدا کە لەسەر دەستپێشخەری عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بەڕێوەچوو، سەرجەم ئامادەبووانی کۆنگرەکە یەکھەڵوێست و کۆک بوون لەسەر پێویستی کۆتایی ھێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان بە دانوستان و گفتوگۆ و کردنەوەی رێڕەوێکی ئارام بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە.
باسی لەوەشکردووە، ئەوەی رێگربووە لە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوی ھاوبەشی کۆتایی کۆنگرەی قاھیرە بۆ ئاشتی، وشەی تیرۆر بووە کە بۆ حەماس بەکاربھێنرێت، چونکە وڵاتانی ئەوروپی بەشداربوو لەو کۆنگرەیە جەختیانکردووەتە لەسەر ئەوەی پێویستە بە حەماس بوترێت گرووپێکی تیرۆریستی، بەڵام بەشێک لە وڵاتانی تری بەشدار لە کۆنگرەکە رازی نەبوون بەو داواکارییە، بۆیە راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆتایی کۆنگرەکە بڵاونەکرایەوە.
"ئیسماعیل خەتیب" وەزیری ھەواڵگری ئێران رایگەیاند، ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری ستراتیژی مەترسیدار لە ھاوکێشە ھەرێمی و جیھانییەکاندا، ھەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەبەر دڵی ئەمریکایە، ھۆشداریشیدا لەوەی ئەو ھەوڵانە ھیچ بەرھەمێکیان نابێت.
وەزیری ھەواڵگری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.
لای خۆشیەوە، پەرلەمانتارێکی ئێرانی ھۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان بکات بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، گەرووی ھورمز دادەخەن.
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٠٠ بەرپرسی حکومەتی ئەمریکا، کە بەشێک موسڵمان و بەشێکیان جوون، نامەیەکیان بۆ حکومەتی وڵاتەکەیان ناردووە و رەخنەیان لە ئیدارەی جۆ بایدن گرتووە لە بەرامبەر پشتگوێخستنی ھاوکاریکردنی فەڵەستین و ھاوکاریکردنی بەرچاووی ئیسرائیل.
لەلایەکی ترەوە، ٣٠ دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە، ھەڕەشەی مانگرتن دەکەن و دەڵێن، ناردنی ھاریکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە، پێچەوانەی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل نییە و داوا دەکەن، ئەمریکا ھاوکاریی بگەیەنێتە خەڵکە مەدەنییەکەی غەززە، لە بەرامبەر ئەو نامەیەدا ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر "قەیرانەکە" سیاسەتێکی ھاوسەنگە، ھەروەھا بارودۆخەکەی بە قورس ناوبرد، کە کاریگەریی لەسەر سلکی دیپلۆماسیی ئەمریکا ھەبووە.
مارتن گریفیتس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان دانوستانەکان بۆ ناردنی کاروانی دووەمی ھاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بەڕێوە دەبات، وتیشی لە ئێستادا دانوستان لەسەر ئەم بابەتە دەکەن، ڕەنگە کاروانێکی دیکە بگەیەننە غەززە، کە ٢٠ بۆ ٣٠ بارھەڵگر لە خۆی دەگرێت.
راشیگەیاند، رێکخراوەکەیان ئامانجیەتی ڕۆژانە ١٠٠ بارھەڵگر یارمەتی مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەح لە میسر بگەیەنرێتە غەززە.
دوێنێ شەممە، ٢٠ بارھەڵگر کە ھاوکارییە مرۆییەکانیان ھەڵگرتبوو، لە دەروازەی ڕەفەحەوە پەڕینەوە بۆ ناو کەرتی غەززە.
جۆناسان کۆنریکۆس، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حزبوڵا لوبنان لە شەڕەوە دەگلێنێت، لوبنان ھیچ شتێک ناباتەوە و ھەموو شتێکیش لەدەستدەدات.
ئەو ھۆشدارییەی سوپای ئیسرائیل بۆ حزبوڵا لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەردانی سنوورەکانی ئیسرائیل-لوبنانی کرد و رایگەیاند، حزبوڵا بڕیاری بەشداریکردنی شەڕیداوە، ئەوەش وادەکات رووبەڕووی تۆڵەیەکی قورس ببێتەوە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سیستمی بەرگری "تاد" و سیستمی بەرگری مووشەکی "پاتریۆت" لە ناوچەکە بڵاودەکەنەوە.
وتیشی ھەروەھا ژمارەیەکی زیاتر لە ھێزەکانیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بڵاوکردنەوەیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی بەپەلەدایە، بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی سەربازییان لەکاتی پێویستیدا ھەبێت.
ئۆستن وتیشی، ئەو رێکارانە ھۆکار دەبن بۆ پاراستنی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و یارمەتیدەری ئیسرائیل دەبن لە بەرگریکردن، ئەگەر پێویستیش بکات ھێزی زیاتر جێگیر دەکەن.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، یواف گالانت وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە پێی وتووە ئەگەر ئەمریکا رازی بێت دەیانەوێت ھێرش و بۆردومانەکانیان بۆسەر بزوتنەوەی حەماس دەستپێکردووە و دەیانەوێت بە یەکجاری لەناوی ببەن، لە ھەمان کاتدا ھێرشەکانیان بۆسەر حزبوڵای لوبنانیش دەست پێبکەن و بنکە و بارەگاکانیان بۆردومان بکەن و لەناویان ببەن.
رۆژنامەکە راشیگەیاندوە، بایدن ئەو داوایەی وەزیری بەرگری ئیسرائیلی رەتکردوەتەوە و وتویەتی، نابێت ئیسرائیل لە یەککاتدا لە دوولاوە شەڕ بکات و جگە لەوەش حزبوڵا زۆر لە حەماس مەترسیدارترە و پێویستە لە ئێستا ئیسرائیل تەنھا وردتر چاوی لەسەر جموجوڵەکانی حزبوڵا بێت.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئازادکردنی دوو بارمتە کە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵە لەگەڵ دایکی و ئەمریکین و دانیشتووی ویلایەتی شیکاگۆن، خۆشحاڵی کردوون و بە بڕیارێکی باشی دەزانن و داواشی لە بزوتنەوەی حەماس کرد بەبێ مەرج سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، چونکە خەڵکی مەدەنی و گەشتیارن.
وتیشی، ١٠ھاووڵاتی تری ئەمریکی تائێستا لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە دەستبەسەرکراون، داواش دەکەین حەماس ھەموویان ئازاد بکات لەگەڵ نزیکەی ١٠٠ بارمتەی تر کە خەڵکی چەندین وڵاتی جیھانن.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە چوار ھەزار و ٣٨٥ کەس کوژراون کە ھەزار و ٧٥٦یان منداڵن و ٩٦٧ کوژارویش ژنن و ١٣ ھەزار و ٥٦١ کەسی تریش برینداربوون و زیاتر لە ھەزار کەسیش بێسەروشێنن کە زۆربەیان منداڵن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو کەرتی تەندروستیش تائێستا ٥١ فەرمانبەری تەندروستی کوژراون و ٨٧ی تریش برینداربوون و حەوت نەخۆشخانە و ٢٥ بنکەی تەندروستیش بەھۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون و لە خەزمەتکردن وەستاون.
ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، لەکاتێکدا ئیسرائیل بە ئاشکرا لە کەرتی غەززە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج بەتایبەتیش ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی کە بەھۆیەوە سەدان ھاووڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، بەڵام ھەندێک لەسەرکردە و سەرۆکی وڵاتان سەردانی ئیسرائیل دەکەن و پیشتیوانی لە ھێرش و بۆردومانەکانی دەکەن و لەلایەکی تریشەوە باسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن.
وتیشی، سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش بۆ ئیسرائیل، پەسەندکردن و رازیبوونە بەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات، کە ئەمەش ھەڵوێستێکی زۆر خراپە و میژوو تۆماری دەکات.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئامادەکارییەکانیان بۆ قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەکەی لەکەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە ھێرشی زەمینی بۆسەر کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلانی فراوانکردنی چالاکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی پەسەندکراون و سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ھێرشی زەمینی.
لای خۆیەوە یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، حزبوڵا بڕیاریداوە ببێتە بەرەیەک لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و بەشداریکردنی لە شەڕی کەرتی غەززە باجێکی قورسی دەبێت.
ھاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل ٦٧٠ کەسی لەکەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە کە ٤٥٠ کەسیان ئەندامی بزوتنەوەی حەماسن.
حکومەتی تورکیا لەگەڵ پێشکەشکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمان، بڕی ئەو پارەیەشی ئاشکراکردووە کە وەک ھاوکاری دەوڵەت بەسەر پارتە سیاسییەکاندا دابەشی دەکات، بەگوێرەی پڕۆژەکەش ساڵی داھاتوو شەش ملیار و ٦٨٢ ملیۆن لیرە بەسەر ئەو پێنج پارتەدا دابەش دەکرێت کە بەربەستی ٧٪ـی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە.
پارەکە بەگوێرەی ئەو دەنگانە دابەشدەکرێت کە پارتە سیاسییەکان لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا بەدەستیانھێناوە و بڕەکەشی بەم جۆرە دەبێت، ئاکپارتی دوو ملیار و ٦٥٨ ملیۆن لیرە وەردەگرێت کە زۆرترین بڕی ھاوکارییە، ھاوکات جەھەپە ملیارێک و ٨٩٢ ملیۆن لیرە وەردەگرێت، مەھەپە ٧٥٢ ملیۆن لیرە و ئی پارتیش ٧٢٢ ملیۆن لیرە وەردەگرێت، پارتی ھەدەپیش ٦٥٨ ملیۆن لیرە لە خەزێنەی دەوڵەت وەردەگرێت.
بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، ھەر حیزبێک لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بتوانێت بەربەستی ٧٪ـی تێپەڕێنێت، مافی ئەوەی دەبێت ساڵانە ھاوکاری لە دەوڵەت وەربگرێت و کاروباری حیزبەکەی پێ بەڕێوەبەرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤۆڵۆدمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئەنجامداوە و تیایدا دوایین پێشھاتەکانی جەنگی ئۆکراین و روسیا و حەماس و ئیسرائیلیان تاوتوێکردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەکردووەتەوە، کە دەکرێت کێشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە میکانیزمی ئاشتییانە چارەسەربکرێت.
ھەروەھا سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاندووە، تورکیا بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە رێگەی ئاشتییانە.