رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن داوای لە  ئیسرائیل کردووە ھێرشی زەمینیی بۆسەر کەرتی غەززە دوابخات بۆ ئەوەی کات بەدەستبھێنێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە.

ئەو بەرپرسانە رایانگەیاند، واشنتۆن لەو رێگایەوە دەیەوێت کاتێکی زیاتری دەستبکەوێت بۆ ئامادەکاری بۆ ھەر ھێرشێک دژی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا لەلایەن گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە، چونکە ئەگەر ھەیە ھێرشەکان لە ناوچەکەدا چڕتر ببنەوە ئەگەربێت و ئیسرائیل ھێزەکانی بە تەواوی بگوازێتەوە بۆ غەززە.

بەوتەی بەرپرسەکان، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا داواکەی واشنتۆنی گەیاندووەتە ئیسرائیل بۆ دواخستنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە.