تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا لەزاری سەرچاوەکانی ھەواڵگری وڵاتەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ھەواڵگری ئەمریکا زانیاری و بەڵگەی لە بەردەستدایە کە ئێران پلانێکی تایبەتی ئامادەکردووە بۆئەوەی لەرێگەی گرووپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانیەوە بەرەکانی شەڕ لە دژی ئیسرائیل فراوانتر بکات بۆئەوەی سوپای ئەو وڵاتە ھەموو سەرنجێکی تەنھا لەسەر کەرتی غەززە نەبێت و لەو رێگەیەشەوە دەتوانێت ھاوکاری زیاتری حەماس بکات لە بەرەنگاربوونەوەی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەرچەندە ئێران سەرجەم ئەو بەڵگە و زانیارییانەی رەتکردووەتەوە، بەڵام بەنھێنی پلانەکەی داڕشتووە و ھۆکاری رەتکردنەوەکەشی ئەوەیە کە دەترسێت بەھۆی پلانەکانییەوە بۆ ھاوکاری حەماس، ئیسرائیل گورزی کوشندەی لێبوەشێنێت.
ڤۆڵکەر تورک کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەمساڵدا زیاتر لە ٤٦ رۆژنامەنووس لە جیھان لە کاتی کارکردن و روماڵکردنی رووداوەکاندا کوژراون، ھەروەھا ٥٣١ رۆژنامەنووس زیندانی کراون.
وتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان دووچاری توندوتیژی و ھێرش بوونەتەوە، ھێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسانیش قبوڵکراو نییە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل.
بڕیاریشە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار حەسەن نەسروڵا وتارێک پێشکەش بکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەڕێی تەلەفزیۆنەوە دەگوازرێتەوە، وتارەکەشی بە بۆنەی رێوڕەسمێکە بۆ رێزلێنان لەو ئەندامانەی حزبوڵا کەبەھۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
لەگەڵ راگەیاندنی ئەو وتارەی حەسەن نەسروڵا، سنورەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان پشێوی زیاتریان بەخۆوە بینیوە و حزبوڵا بۆردوومانکردنی ١٩ پێگەی ئیسرائیلی لە یەک کاتدا راگەیاندووە.
ئەمڕۆ بلینکن جارێکی دیکە سەردانی ئیسرائیل دەکات و پێشبینی دەکرێت پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە دووپاتبکاتەوە، ھەروەھا فشار لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ گواستنەوەی سەرجەم ئەو ئەمریکییانەی لە غەززە گیریان خواردووە، رێکارەکانیش بۆ کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە مەدەنییەکان و گەیاندنی ھاوکاری زیاتر بۆیان لە غەززە دەخاتەڕوو.
لێپرسراوێکی کۆشکی سپیش وتویەتی، بلینکن ھانی حکومەتی ئیسرائیل دەدات بۆ رێککەوتن لەسەر چەند ئاگربەستێک، بۆ رێگەدان بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان و ئازادکردنی بارمتەکان بەشێوەیەکی سەلامەت.
دوای سەردانەکەشی بۆ ئیسرائیل، بلینکن دەچێتە ئوردن و لەوێش چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و دواتر دەچێتە کیشوەری ئاسیا.
ئەبوعوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس لە تۆمارێکی دەنگیدا ئاماژەی بەوەدا، کەرتی غەززە دەبێتە " نەفرەتی مێژوو" بۆ ئیسرائیل و ھەر سەربازێکی ئیسرائیلیش بچێتە ناو خاکی غەززەوە، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت بە کوژراوی و لە کیسی رەشدا کەرتەکە جێبھێڵێت.
لەبەرامبەردا، دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ھەموو لایەکەوە گەمارۆی کەرتی غەززەیانداوە و چەند ناوچەیەکی باکوری غەززەیان کۆنترۆڵکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەچڕی بۆردومانکردنی کەرتی غەززەیان دەستپێکردووە و دەیان پێگەی سەربازی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، شەڕەکەیان لەگەڵ باڵی سەربازی حەماس گەیشتووەتە قۆناغی روبەڕو و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە غەززە دەستیپێکردووە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە فڕۆکەخانەی ئەندرۆزی سەربازی پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئیسرائیل و ئوردن رایگەیاند، لەئێستادا لەسەر پلانێک کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە غەززە، جگەلەوەش لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لەناوچەکە لەگفتوگۆدان بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزییەکانی غەززە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەسەر ئیدارەدانی شەڕی غەززە گفتوگۆدەکەن و داوایان لێدەکات ژیانی ھاووڵاتی مەدەنی ئەو کەرتە رەچاوبکەن، وتیشی، وەک ئەمریکا بە یەک چاو لە منداڵانی فەڵەستین و ئیسرائیل دەڕوانن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، چەند ھێرشێک کراوەتە سەر ھێزەکانیان لە ناوچەکە و ئەوانیش بەپێی پێویست وەڵامی ھێرشەکانیان داوەتەوە، ئامادەشن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە.
نانسی فیزر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە رۆژی ٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە چالاکییەکانی حەماسی لە وڵاتەکەیدا قەدەغەکراوە، چونکە ئەو رێکخراوە کار بۆ رووخاندنی ئیسرائیل دەکات.
وتیشی، حکومەتی وڵاتەکەی چالاکییەکانی فیدراسیۆنی "سامیدون" بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکانیشی قەدەغە کردووە، چونکە ئەو فیدراسیۆنەش پڕوپاگەندەی دژی ئیسرائیل و جوولەکە بڵاودەکاتەوە.
ئەو رێکارە لەکاتێکدایە کە حەماس بە فەرمی لیستی تیرۆری ئەڵمانیادایە و راوێژکاری ئەو وڵاتەش ئاشکرایکردووە کە ئەڵمانیا لە شەڕی غەززەدا بە تەواوی پشتیوانی ئیسرائیل دەکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی وایە ئێستا کاتی راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆییە لە کەرتی غەززە، تا دەرفەت بدرێت بە ھەوڵەکانی تایبەت بە ئازادکردنی ئەو دیلانەی لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.
وتیشی، جگە لە داوای ئاگربەستی مرۆیی، جەخت لەسەر ئەو پێشنیازە دەکاتەوە کە پێشتریش ھەوڵی بۆ داوە و بریتییە لە دروستکردنی دو دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان.
پێشتریش کۆشکی سپی بەمەبەستی گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان داوای ئاگربەستێکی مرۆیی کردبوو، بەڵام رەتیکردبووەوە گفتوگۆ لەسەر راگرتنی ھێرشەکان بکات بەھۆکاری ئەوەی ئەو پێشنیازە لە بەرژەوەندی حەماس دایە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاماری کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٩ ھەزار و ٦٢ کوژراو کە لەنێوانیاندا سێ ھەزار و ٧٦٠ منداڵ و دوو ھەزار و ٣٢٦ ژن ھەیە و و ٣٢ ھەزار کەسیش بریندار بوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیاتر لە دوو ھەزار راپۆڕتیان لەسەر حاڵەتی بێسەروشوێنبوونی دانیشتووی غەززە پێگەیشتووە، کە لەئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل چارەنووسیان نادیارە.
لای خۆیەوە، رێکخراوی مرۆیی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دەروازەی رەفەح بۆ گەیاندنی بریندارانی غەززە بە میسڕ کراوەتەوە، بەڵام بەھۆی گەمارۆ و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە نەتواندراوە بە رێژەی پێویست بریندارانی غەززە بگەیەندرێنە میسڕ بۆ چارەسەر و ھێشتا ٢٠ ھەزار بریندار لە کەرتی غەززدا ھەن.
جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ھیچ پلان و نیەتێکیان نییە بۆ بڵاوکردنەوەی ھێزی سەربازی ئەمریکی، یاخود ھێزی ئاشتی پارێز لە غەززە، نە لە ئێستا و نە لە داھاتووشدا.
وتیشی، ئەمریکا پێیوایە بزووتنەوەی حەماس بەشدارنابێت لە حکومەتی داھاتووی کەرتی غەززە، کاتێک ئەو جەنگە لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی دێت، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیشیان رەوشی غەززە دوای کۆتایھاتنی جەنگ تاوتوێ دەکەن.
جۆن کیربی ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا ئێستا بە کاتێکی گونجاو نازانێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی گشتی، بەڵام گرنگە شەڕ رابگیرێت بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی ھێرشە زەمینییەکەیاندا، نۆ سەربازیان لە باکوری کەرتی غەززە کوژراون، ھەروەھا ناو و تەمەنی ئەو سەربازانە و شوێنی نیشتەجێبوونیان بڵاوکردووەتەوە.
ھاوکات بە پێی ئامارێک کە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر باشوری ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر تائێستا، ٣٢٦ سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
بە پێی رۆژنامەی "جیروزلیم پۆست"ی ئیسرائیلیش، چوار سەربازی دیکەیان بە سەختی برینداربوون، کە دووانیان سەر بە کەتیبەی ٧٧ن و یەکێکیان سەر بە کەتیبەی تسابارە و سەربازێکی دیکەش کە برینداربووە، سەر بە کەتیبەی "روتم"ە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ٢٦ رۆژی ھێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە ١١ ھەزار شوێنی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
لای خۆیەوە حەماس رایگەیاند، ھەرچەندە سوپای ئیسرائیل لەچەندین بەرەوە ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، لە بەرامبەریشدا ھێزەکانیان لەناو غەززە دەیان ھێرشی موشەکییان کردوەتەسەر سوپای ئیسرائیل و دوژمنەکانیان تائێستا ھیچ ئامانجێکیان بەدەستنەھێناوە.
وەزارەتی تەندروستیش لە غەززەش دەڵێت، رۆژی سێشەممە بە شەش بۆمب ھێرشکراوەتە سەر کامپی جبالیا کە کێشی ھەر بۆمبێک یەک تۆن بووە، بەوھۆیەش ٤٠٠ کەس کوژراون و بریندار بوون.
ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنوسانیان راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە گۆڕانکارییەکانی غەززە و سوریا و عێراق کردووە و داوای راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.
دەشڵێن، پێویستە وڵاتانی جیھان ھەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ راگرتنی ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر خەڵکی غەززە دەکرێت.
لە ھەنگاوێکدا کە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لێکۆڵینەوەیان لەسەرکردووە و لەلایەن چەندین کۆمپانیاوە پشتگیری دەکرێت، ئەڵمانیا تاوتوێی سیستمێکی نوێی کارکردن دەکات، کە رۆژانی کار لە ھەفتەیەکدا بۆ چوار رۆژ کەم بکاتەوە.
ئەو ھەنگاوە لە ئەڵمانیا لەکاتێکدایە کە ھەڕەشەکان بۆ داڕمانی ئابوری زۆرە و ھانی خاوەن کارەکان دەدات بە ھۆشیارتر مامەڵە بکەن.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤یشەوە، ٥٠ کۆمپانیای جیاواز لەڕووی کار و قەبارە و تواناوە، ئەزموونی کەمکردنەوەی کاتی کارکردن دەکەن بۆ ماوەی شەش مانگ، بەو مەرجەی پارێزگاری لە توانای بەرھەمھێنان بکەن.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، کۆی گشتی کوژراوان لە سەرەتای بۆردومان و ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ھەشت ھەزار و ٧٩٦ کەس، کە لەنێویاندا سێ ھەزار و ٦٤٨ منداڵ و دوو ھەزار و ٢٩٠ ژن ھەیە، ھەروەھا ٢٢ ھەزار و ٢١٩ کەسیش برینداربوون.
ھەر بەپێی ئامارەکە، ٢٠٣٠ بانگەواز بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا گەیشتووەتە تەندروستی غەززە، ھەروەھا ١٣٢ کارمەندی تیمی تەندروستی کوژراون و ١٦ نەخۆشخانەش بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و نەمانی سوتەمەنی، ناتوانن ھیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەن.
تەندروستی غەززە راشیگەیاند، لە کەمپی جەبالیا کۆمەڵکوژییەکی دیکە روویداوە، دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی لە مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی روویدا.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەسەرەتای ھێرشەکانەوە تائێستا ١١ ھەزار شوێنیان لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، لەسەرەتای شەڕی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینەوە تائێستا ھەزار و ٤٠٠ ئامێری جەنگی ئاسمانی ئۆکراینیان خستووەتە خوارەوە کە ٣٧ فڕۆکەی جەنگی و شەش مووشەکی ئەتاکمس بوون و ھەمووشیان دروستکراوی ئەمریکان و وەک ھاوکاری دراون بە سوپای ئۆکراین، ئەمەش نیشانەی بەھێزی و پێشکەوتوویی سیستمی بەرگری ئاسمانی روسیایە.
وتیشی، ئەگەر ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئێف١٦ بداتە ھێزی ئاسمانی ئۆکراین، ھەموویان تێکدەشکێنن و دەیانخەنە خوارەوە.
ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری روسیا لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا لەماوەی ٢٠ رۆژی داھاتوودا ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف١٦ رەوانەی ئۆکراین دەکات بۆئەوەی لە ھێرشەکانیاندا بۆسەر سوپای روسیا بەکاریان بھێنن.