ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە فڕۆکەخانەی ئەندرۆزی سەربازی پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئیسرائیل و ئوردن رایگەیاند، لەئێستادا لەسەر پلانێک کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە غەززە، جگەلەوەش لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لەناوچەکە لەگفتوگۆدان بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزییەکانی غەززە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەسەر ئیدارەدانی شەڕی غەززە گفتوگۆدەکەن و داوایان لێدەکات ژیانی ھاووڵاتی مەدەنی ئەو کەرتە رەچاوبکەن، وتیشی، وەک ئەمریکا بە یەک چاو لە منداڵانی فەڵەستین و ئیسرائیل دەڕوانن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، چەند ھێرشێک کراوەتە سەر ھێزەکانیان لە ناوچەکە و ئەوانیش بەپێی پێویست وەڵامی ھێرشەکانیان داوەتەوە، ئامادەشن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە.