میدیاکانی عێراق لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە نھێنی سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی وڵاتەکەی بە تایبەتیش لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی مقاوەمەی ئیسلامی کە سەرپەرشتی ھێرشەکانی سەر ھێزەکانی ئەمریکا دەکەن، چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان باسیان لەوەشکردووە، سەردانەکەی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغداد دوو رۆژی خایاندووە، کۆبوونەوەکانیش بە مەبەستی راگرتنی ھێرشەکانی ئەو گروپانە بووە بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەتایبەتیش دوای ھێرشەکەی سەر تاوەری ٢٢ی ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنورەکانی نێوان سوریا و ئوردن لە چەند رۆژی رابردوودا.
ستیڤن ھیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند، دۆخی ئەمنی عێراق بە قۆناغێکی نوێدا تێدەپەڕێت و باشترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و ئەو دۆخەش گونجاوە بۆ بنیاتنانی داھاتوو و وەبەرھێنان لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەندەڵێ لە سەرجەم وڵاتانی جیھاندا ھەیە، بەڵام لە عێراق بووە بە دیاردەیەکی دیار و قوڵ ئەمەش گرفتی نەبوونی متمانە لەلای ھاووڵاتیان دروست دەکات و حکومەتی عێراق ھەوڵی ئەوەی داوە رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و بەریتانیاش ھەوڵی ئەوەی داوە کە یارمەتی عێراق بدات بەتایبەت لە بواری سپیکردنەوەی پارە و دەستگیرکردنی گەندەڵکاراندا.
وتیش، بەریتانیا چوەتە قۆناغی ھاوبەشەوە لەگەڵ عێراق لەندەن دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغداد بەرەوپێش بەرێت و فراوانی بکات نەک تەنیا لەسەر ئاستی ئەمنی، بەڵکو لەسەر ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی وەکو ژینگە و ئابووری.
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران لە سبەینێ ١ی شوباتەوە لە عێراق و پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دەستپێدەکاتەوە و تا ٢٠ی شوبات بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانەش ناویان تۆماردەکرێت کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٦ن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە داتاکانیان لە تۆماری دەنگدەراندا نییە.
بڕیار وابوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥ی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت، بەڵام کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق رایگەیاندبوو، ناتوانن پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەن و پێویستە لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێمدا کۆببنەوە وادەیەک دیاریبکەن.
سەرەتای پانێڵەکە، کە حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت و زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا و ژمارەیەک لە لێپرسراو و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەیبون و د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختیکردەوە، ئایندەی وزە لایەنێکی بنچینەیی بایەخپێدانی وڵاتان پێکدەھێنێت و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش بەھۆی گرنگییەکەی لە ئێستا و لە داھاتوی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوتدا، کاری لەسەردەکەن.
دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار
"بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان و برایانی ئامادەبوی بەڕێز....
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
بەیانیتان باش
بەخێربێن بۆ کۆشکی بەغداد
سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبونتان لەم چالاکییە گرنگەدا، کە بە زنجیرەیەک چالاکی پەیوەست بە ئایندە دەستمانپێکردوە، وەک ژینگە، سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ، پیشەسازی، فێرکردن، تەندروستی، رۆشنبیری و ئابووری. کە لەڕێگەیەوە سەرنج دەخەینەسەر درێژەدان بە کارلێکی نێوان بۆچوونی شارەزایان لە لایەک و ئەوانەی بەرپرسیارن لە داڕشتنی سیاسەتی پلاندانانی ستراتیژیی گشتی.
ئایندەی وزە لایەنێکی بنەڕەتی بایەخپێدانی وڵاتان پێکدەھێنێت و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش کاریان لەسەردەکەن بەھۆی گرنگییەکەی لە ئێستا و داھاتووی ئەو وڵاتانەدا، ھەروەک پەیوەندی بە وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوتیشەوە ھەیە.
وەک تێبینی دەکەین، ھەوڵەکانی جیھان لەمڕۆدا بە ئاراستەی پاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە و ژیانە، ئەم ھەوڵانەش لەپێناو پەرەپێدانی تواناکانی کارکردنە بە وزەی نوێبوەوە و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی سووتەمەنی بەردینە تا ئەوپەڕی بتوانرێت. ھەموو ئەم بایەخپێدانانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە پرسەکانی وزە و سوتەمەنیەوە ھەیە. ھەموو ئەم کێشە و ئاڵنگاریانە بابەتێکە، کە شایەنی کاری زۆر جددی و بەرھەمدارە لەلایەن ئێمەوە بۆ بەرژەوەندی ئایندەی ئابوری و کشتوکاڵی و پیشەسازی وڵات.
عێراق پابەندە بە زۆرێک لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کە پەیوەندییان بە ژینگە و پاراستنیەوە ھەیە، پێش ئەوەش پەرۆشی خۆمان بۆ بەھێزکردنی ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە دووپاتدەکەینەوە، ھەروەھا ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقدا، پەرۆشییەکی گەورەمان ھەیە بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و پەرەپێدانی کار لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەک ببێتەھۆی ئەوەی لە بنەڕەتەوە پشتبەستن بە نەوت بۆ بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، کەمبکاتەوە.
ئەرکی توێژەران و شارەزایان بریتییە لە ئامادەکردنی پلان و ئامانجەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەرەپێدانی کارەکانیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت، کە ھەوڵدەدات پێشکەوتن لەم بوارانەدا بەدەستبھێنێت.
لەوە زیاتر درێژە بە بابەتەکە نادەم، بۆئەوەی دەرفەت بە وەزیرە بەڕێزەکان و پسپۆڕەکانی ئەم بوارە بدەم بیرۆکەی فراوانتر بخەنەڕو، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم راسپاردەی گرنگ و کاریگەر لە بواری پسپۆڕیتاندا ئامادەبکەن.
زۆر سوپاس بۆ قبوڵکردنی بانگھێشتنامەکەمان و بەشداریکردن لەم چالاکییەدا. ھەروەک لە سەرۆکایەتی کۆمار بڕیارمان داوە بەردەوام بین لە رێکخستنی سیمینار و پێشکەشکردنی راسپاردە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاریی ئابوری و زانستی.
دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت".
پاشان بەڕێز حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە ئاڵنگاریەکانی بەردەم وڵات کرد بەھۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەواوە، جەختی لەوە کردەوە، کە وەزارەتی نەوت لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بەرھەمھێنانی بۆ دوو ھێندە واتە بۆ (٤.٧) ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد کردوە، بەجۆرێک عێراق لەو ماوەیەدا یەک لەسەر پێنجی ئەو زیادبوونە جیھانییەی لە بەرھەمھێناندا بەدەستھاتووە، پێکدەھێنێت.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکاندا ئاماژە بە پەسندکردنی سوتەمەنی نوێبوەوە وەک یەکێک لە پایەکانی گۆڕانکاری کراوە، کە پێشتر و ساڵانێکە لە دیدگای نیشتمانی و وەزاریمان بۆ پیشەسازی غاز ئامادەیە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دۆسێی وزەی عێراقی لە لێواری قۆناغێکی گرنگدایە، کە تێیدا پێویستە ستراتیژیەتێکی یەکگرتوو بۆ گۆڕینی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی دابنێین، بۆئەوەی گۆڕانکارییەکە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق و خۆشگوزەرانی وڵاتەکەمان.
دواتر وەزیری کارەبا وتەیەکی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە، کە عێراق بە یەکێک لە پایە بنچینەییەکانی وزە دادەنرێت، ئاماژەی بەوەشدا خاوەندارێتی دەوڵەت بۆ سەرچاوەکانی وزە، بەتایبەتی کارەبا، کاریگەری لەسەر خێرایی خولانەوەی چەرخی ئابوری نیشتمانی ھەیە، جگە لەو سودە ئابووری و سیاسیانەی پشتگیری لە سەقامگیری دەکەن.
ھەروەک رونیکردەوە، وەزارەتی کارەبا لەڕێگەی پلانەکانییەوە کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا بەوپێیەی یەکێکە لە پێکھاتە گرنگەکانی ئاسایشی وزە لە عێراق و یەکێکە لە پایەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕووی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارکردن لە دابینکردنی کارەبا.
دواتر بەڕێز د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم پانێڵە لە بارودۆخێکی جیھانیی ناوازە و خێراتربوونی روداوە ئەمنییەکاندا بەڕێوەدەچێت، کە ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت و بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری جیھانی بەگشتی و لەسەر دۆسێی وزە و ئایندەی بە تایبەتی.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار رونیکردەوە، ئایندەی وزە لە وڵاتەکەماندا زۆر پێویستی بە ھەنگاوی زانستی و پراکتیکی ھەیە، کە ھاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو روداوانەی لە جیھاندا بە گشتی و لە ناوچەکەمان و وڵاتەکەماندا بە تایبەتی دێنە پێش، ھەروەھا پێویستی بە چەندین دیالۆگ ھەیە، کە جددی و متمانەپێکراو و بەرپرسیارانە بن و ھەماھەنگی تەواویش بکرێت لەگەڵ ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتییەکانیانەوە، بۆ پێشخستنی دۆسیەیەک، کە بە گرنگترین دۆسیە دادەنرێت و کاریگەری لەسەر ئابوری و سیاسەت و ژیانی ھاووڵاتی ھەیە.
ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە دۆسێی وزە لە پێش ھەموو دۆسیەکانی دیکەوەیە، بەھۆی گرنگییە سیاسی و ئابورییە گەورەکانی بۆ ئێستای وڵات و ئایندەی نەوەکانی، بۆئەوەی عێراق بتوانێت جێگەی شیاوی خۆی بگرێتەوە و رۆڵی سەرەکی ھەبێت لە ناوچەکەدا. لەم روانگەیەشەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار راسپاردەی دەرکردوە بۆ رێکخستنی سیمینار و وۆرک شۆپ بۆ پەرەپێدانی کاری دامەزراوە و فەرمانگەکانی دەوڵەت.
دواتر پانێڵێک بە سەرپەرشتی بەڕێز سەگڤان موراد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچو، کە تێیدا د.عەبدولباقی خەلەف عەلی راوێژکاری وەزیری نەوت توێژینەوەیەکی بەناونیشانی (نەخشەڕێگای نیشتمانی بۆ گۆڕینی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان) پێشکەشکرد، ھەروەھا توێژینەوەیەکی دیکەی د.عەبدولحەمزە عەبود راوێژکاری وەزیری کارەبا بەناونیشانی (پلانی وەزارەتی کارەبا ٢٠٢٣-٢٠٢٧، پێداویستیەکانی جێبەجێکردن و ئاڵنگاریەکانی ئاسایشی وزە) پێشکەشکرا.
لە میانی پانێڵەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پرسی وزە لە عێراق و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و رێگاکانی روبەڕوبونەوەی و ئەو میکانیزمانەی بۆ پاراستنی وزە پەیڕەودەکرێن.
لە کۆتایی پانێڵەکەشدا، بەڕێوەبەری پلاندانان و گەشەپێدان لە سەرۆکایەتی کۆمار دوپاتیکردەوە، دەرئەنجامەکانی پانێڵەکە و ئەو پێشنیارانەی پێشکەشکران، دەگۆڕدرێن بۆ راسپاردە و پێشنیار و لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەنێردرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی ئاگاداربون و سودوەرگرتن و گۆڕینی بۆ بەرنامەی پراکتیکیی پاڵپشت، کە رێگاکان بۆ پراکتیزەکردنی نمونەیی کارادەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین پێشھاتە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکانی وڵات تاووتوێکران و سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدیھێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان لەڕێگای سەرخستنی بەرنامە و پرۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرھێنان لە وڵاتدا، بەدیھاتون.
ھەروەھا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی و دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو فەرمانبەرانی دیکە، لەم چوارچێوەیەشدا کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی لەسەر رەوشی ژیان و ئابوری و باری کۆمەڵایەتی رونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە دابەشنەکردنی موچە بوەھۆی داخستنی خوێندنگەکان و بێبەشبونی خوێندکاران لە خوێندن.
سەرۆککۆمار گرنگی بەردەوامبوونی راوێژ و ھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولای بەپێی دەستور و یاسا دوپاتکردەوە، بەتایبەت سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا و گرتنەبەری دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان. ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیش کرد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستور بەتایبەتی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران و قەرەبوکردنەوەی ھاووڵاتیانی زەرەرمەند، لەم روانگەیەشەوە تیشکی خستەسەر گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بەشێوەیەکی پراکتیکی. ھەروەک سەرۆککۆمار داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد تێڕوانین و پێشنیارەکانیان لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بخەنەڕوو.
سەبارەت بە پەلامارەکانیش بۆسەر ژمارەیەک شار و ناوچەی ھەرێمی کوردستان، سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات کردەوە و رایگەیاند، پێویستە کاری ھاوبەش لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بکرێت بۆ رێگەگرتن لەو پێشێلکارییانە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەقامگیریی ناوخۆیی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
ھاوکات باسی لە گرنگی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی ھەڵوەشاوە کرد، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان ھەیە، ھەروەھا ھانی پەرلەمانتارانی دا دۆسێی بەپارێزگابونی ھەڵەبجە بخەنە ناو دانیشتنەکانی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تا دەنگی لەسەربدرێت.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە پشکی ھەرێم لە بودجەدا کرا و گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکانی ناو پەرلەمان بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، دوپاتکرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوە، ئەو ھەوڵانەی خستەڕو، کە لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دراون بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و شارەکانی ھەرێم و پێویستی رێزگرتن لە سیادەی وڵات، سەرەڕای داوای عێراق بۆئەوەی ئەو بابەتە بخرێتە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.
ھەروەھا باسی لەدوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی کرد.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری داد باسی لە پێکھێنانی چەند لیژنەیەکی دارایی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی قەرەبوکردنەوەی ئەو جوتیارە کوردانەی زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست کرد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ زەوییە جێناکۆکەکان بەگوێرەی یاسا و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
بەپێی ئەو زانیاری ماڵپەری زە ئینتەرسێپتی ئەمریکی بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) سەرجەم ھێزەکانی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆئەوەی ئەگەر ھەرکاتێک بڕیاریاندا بۆ ھاوکاریکردنی ئیسرائیل بەشداری شەڕی غەززە بکەن، ئەو ھێزانە لە عێراقەوە بگوازرێنەوە بۆ تەلئەبیب.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕیارەی پنتاگۆن لە کاتێکدایە تائێستا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری نەداوە ھێزەکانی وڵاتەکەی لە شەڕی کەرتی غەززە پشتیوانی سوپای ئیسرائیل بکەن.
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێک لەبارەی سزادانی بانکەکانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە پاساوی سپیکردنەوەی پارە سزا بەسەر بانکەکانی عێراقدا دەسەپێنێت و ئەمەش ناڕەوایە، چونکە سەپاندنی سزا بەسەر بانکەکان دەبێتە ھۆی پەکخستنی ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندی عێراق لەپێناو سەقامگیری بەھای دۆلار جێبەجێیاندەکات.
راشیگەیاندووە، داوا لە حکومەت و بانکی ناوەندی دەکەن رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر، بۆ رزگاربوون لە ھەژموونی دۆلار لەرێگەی ھەمەجۆرکردنی یەدەگی نەختینە لە دراوی بیانی و پێشنیازیشکردووە وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند بکرێت بەوەی بە دراوە بیانییەکانی تر نەوت بفرۆشێت.
مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، بەپێی ماددەیەکی یاسایی کە بریتییە لە ماددەیەکی یاسایی کە باس لەوە دەکات ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە سەرووی ٧٠ دۆلار، ئەوا ٣٠٪ی زیادەی ئەو داھاتە دەدرێتە بە پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیادەی داھاتی نەوت لە سەرووی ٧٠ دۆلارەوە سێ ملیار دۆلار بووە، کە پێویست بوو دوو ملیاری بۆ پارێزگای بەسرە بێت و یەک ملیار دۆلارەکەی تریش دابەشبکرێت بەسەر پارێزگاکانی کەرکوک، بەغداد، میسان و زیقار و واست و نەینەوا، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ئەو ماددە یاساییەی جێبەجێنەکردووە، بۆیە لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.
لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کە بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، پرۆژەیاسای ھاریکاریی یاسایی پەسەندکرا و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەڵوەشاوەی شۆڕش کرا.
ھەر لە دانیشتنەکەدا، بورھان ناسر محەمەد وەک شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی، بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی یاسایی خوارد و دواتریش دانیشتنەکە بۆ رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو ھەڵگیرا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا لە ناوماڵی سوننە رێککەوتنی سیاسی نەکراوە لەسەر کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و شوێنگرەوەی حەلبوسی. چوارچێوەی ھەماھەنگیش دەڵێت، دەبێت کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کەسێکی ھاوسەنگ و نیشتمانپەروەر و دەستپاک بێت.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو بانکی ھودا بەشداری لە ھیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بانکی ناوەندیدا نەکردووە، لەگەڵ ئەوەدا بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بەو بانکە.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ھودا دەتوانێت جگە لە دۆلاری ئەمریکی مەمەڵە بە دراوە بیانییەکانی ترەوە بکات.
دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی ھودای عێراقی و حەمەد موسەوی خاوەنی بانکەکەی خستە لیستی سزاکانیەوە و ئاماژەی بەوەدا بانکی ناوبراو سەرچاوەی سەرەکی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە و زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری بەشێوەی نایاسایی بردووەتە دەرەوەی عێراق.
عەمید مەنسورعەلی، سکرتێری لیژنەی نیشتیمانی ھێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە ئاماژەی بەوەکردووە، پۆبجی و ژمارەیەک یاری تری ئەلیکترۆنی بوونەتە ھۆکارێک بۆ بردنەوەی دەرەوەی ساڵانە ملیارێک دۆلار، جگە لەوەش ھاندان بۆ توندوتیژی و بەکارھێنانی چەکیان تێدایە ئەوەش مەترسییە لەسەر ئاسایشی وڵات.
باسی لەوەشکردووە، بۆیە لیژنەکەیان لەگەڵ دەستەی راگەیاندنی عێراق کار دەکات بۆ قەدەغەکردن و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئەو یارییانە یان دانانی رێکارێک کە نەبێتەھۆی تێکدانی ھەڵسوکەوتی گەنجان و ھاندانیان بۆ توندوتیژی.
براین نێڵسۆن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق کۆبووەتەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو رێککارانەی لەم دواییانەدا ئەمریکا گرتوویەیتەبەر و بەرامبەر سیستەمی دارایی عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن کردووە بۆ رێگریکردن لە ئەندامبوونی کەسانی لەیاسادەرچوو، تیرۆر و رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ھەردوو سیستەمی دارایی عێراق و ئەمریکا و ھاوکات پابەندکردنی بانکە عێراقییەکان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
جەختیشیکردووەتەوە، سزادانی بانکەکان بۆ ئەوەیە رێگری بکرێت لە خراپ بەکارھێنانی سیستمی دارایی عێراق.
رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، سزای بەسەر بانکی ھودای عێراقی سەپاند و سەرۆکی جێبەجێکاری بانکەکەشی، بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە سزادا.
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوو سیناریۆ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەن ھەیە کە یەکێکیان بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی ١٣ی ئەم مانگە بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەوەی حەلبوسی، بۆئەوەی دەرگا بۆ کاندیدی نوێ بکرێتەوە و جارێکی دیکە دەنگیان لەسەر بدرێتەوە.
سیناریۆی دووەمیش، ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەو دانیشتنە بە یاسایی دابنێت و دوای ئەوەش دانیشتنێکی دیکە بەڕێوەبچێت بۆ ئەو دوو کاندیدەی لە قۆناغی یەکەمی دەنگداندا سەرکەوتنیان بەدەستھێنا، کە بریتین لە شەعلان کەریم بە ١٥٢ دەنگ و سالم عیساوی بە ٩٧ دەنگ بۆئەوەی یەکێکیان ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە.
ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر سپیکردنەوەی پارە ڕێوشوێنی توندی بەرامبەر بانکی ھودای عێراقی گرتووەبەر و پێشنیازی کردووە رێگری بکرێت لە زیادبوونی ئەو بانکە بۆ سیستمی دارایی ئەمریکا، ھاوکات بە دامەزراوەیەکی دارایی سەرەکی بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ناوی بردووە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی ئێران و گروپە چەکدارەکانی عێراق، سزای بەسەر حەمەد موسەوی سەرۆکی بانکە عێراقییەکەدا سەپاندوو.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، گرتەبەنەری ڕێوشوێنەکان و کارە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، کەرتی دارایی لە وڵاتەکە بەرەو پێش دەبات.
کازم تەوکی ئەندامی لیژنەکە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، ئەندامانی لیژنەکەیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و سەرۆکی کوتلەکان لە ھەوڵدان بۆ کۆتاییھێنان بە ئاستەنگەکانی بەردەم یاسای نەوت و غاز و تێپەڕاندنی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران.
وتیشی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ھەنگاوەکانی بۆ کۆتایھێنان بەو یاسایە بەردەوامە و دەیەوێت بگاتە رەشنوسێک کە سەرجەم لایەنەکان لەسەری کۆک بن.
کازم تەوکی دەشڵێت، لایەنە کوردییەکان جدی نین لەسەر یەکلاکردنەوەی یاسای نەوت و غاز و ئاستەنگ لەبەردەم یاساکە دروست دەکەن، کە پێویستی بە رەزامەندی سیاسی ھەیە، بەر لەوەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
زیاء ناسری راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوێتی، بەپێی ماددەی ١١٠ی دەستوری عێراق، سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی تەنھا پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵەوە ھەیە و ھەرێمەکان نابێت دەستوەردانی تێدا بکەن.
داواشی لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، ھەماھەنگ بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و بابەتانەی پەیوەستن بە گوزەران و خزمەتگوزاری ھەرێمەکەوە ھەیە، بابەتی نوێنەرایەتیکردنیش بۆ حکومەتی عێراق بەجێبھێڵێت.