محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لە تەواوبووندایە و جیاواز لە ساڵانی پێشوو سووربووین لەسەر ئەوەی کە ھەموو بەندەکانی کارنامەی حکومەت و رێکارەکانی جێبەجێکردنی لەخۆ بگرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت، دەتوانین بڵێین ئەمە یەکەمجارە کە بودجە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا بێت، ئەمساڵ کار لەسەر چارەسەر کردنی کێشانە بکەین.
سودانی راشیگەیاند، حکومەتی عێراق پاڵپشتی بانکی ناوەندی دەکات بۆ گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ بەھا رەسمییەکەی، بۆیە حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری ئازایانەی داوە بۆ راستکردنەوەی سیاسەتی ھەڵەی دارایی کە حکومەتی تێستا بە میرات بۆی ماوەتەوە.
میدیاکانی عێراق نوسراوێکی دادوەر زیا جەعفەر جێگری سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی کەرخی بەغدادیان بڵاوکردووەتەوە و بەپێی نووسراوەکە بڕیاری دەستبەرداگرتنی کۆمپانیای پایتەخت بۆ ھاوردەکردن و وەبەرھێنانی خانووبەرەو پیشەسازی ھەڵوەشێنراوەتەوە کە لەلایەن (نور زوھێر جاسم) خاوەندارێتی دەکرێت کە تۆمەتباری سەرەکی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکانی عێراقە.
ھەر بەپێی نوسراوەکە ھۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تۆمەتبارەکە بەشێکی زۆری ئەو پارانەی گەڕاندووەتەوە کە لە کۆی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە دزاروەکە پشکی ئەو بووە، بەڵام سەرجەم سەروەت و سامانەکانی تری لە ژێر دەستبەرداگرتندا دەمێنێتەوە تائەو کاتەی کۆی پارەکە دەگەڕێنێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق رایگەیاند، دەستی دەستی و یاریکردن بە دۆسێی دزیی سەدەوە بەدی دەکرێت و ئەگەر چاودێرییەکی ورد نەکرێت، دوور نییە دۆسێکە بائاسانی دابخرێت بەبێ ئەوەی بگاتە ئەنجام.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە دەرئەنجامی لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکراین و گۆڕانکارییەکانی ژینگە، نرخی خۆراک و وزە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئەوەش وایکردوە، رێژەی ھەڵئاوسان لە جیھاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
رونیشیکردەوە، لە ساڵی رابردوودا لە عێراق تێکڕای ھەڵئاوسان بە کاریگەری لێکەوتە جیھانییەکان و گۆڕانکاری لە بەھای دراو رووی لەبەرزبوونەوە کردووەو بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەیشتۆتە لەسەدا
( شەش بۆ حەوت ).
بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، ئەو جۆرە لە بەرزبوونەوەی ھەڵئاوسان کەڵەکەبونێکی سروشتییە بە درێژایی مانگەکانی رابردوو، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراوی نەختینە لە بازاڕەکاندا.
جەختیشی کردەوە، رێوشوێنی راستەقینە بۆ رێگری لە ھەڵئاوسان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆیی و پاراستنی بەھای دراوی نیشتمانی و سنوردارکردنی ھاوردەکردن.
لیوا عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی خاڵە سنورییەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، بڕیاری ھاتنی سەردانکەران لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ عێراق بەبێ ھیچ کۆت و بەندێک بۆ ماوەی ھەفتەیەک درێژکراوەتەوە.
وتیشی تا ھەفتەیەکی دیکە ھاتنی ھاوڵاتییان لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ عێراق لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە و دەروازەی سەفوانەوە پێویستی بە ڤیزا نابێت.
دوای سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو ٢٥، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد پێشوازی لە ھەڵبژاردەی عێراق کرا و لە گۆڕەپانی ئاھەنگەکانیش لە شاری بەغداد ئاھەنگێکی جەماوەری گەورە بە ئامادەبوونی یاریزانانی ھەڵبژاردەکە بەڕێوەچوو.
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، رۆژی شەممە بە ئامادەبونی سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری ئەنجومەنی وەزیران رێوڕەسمێکی پێشوازی لە یاریزانان سازدەکرێت، خەڵاتی سەرکەوتنیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەپێچەوانەی رێنماییەکانی لایەنە ئەمنییەکانەوە، کەسانێک لەدوای بردنەوەی ھەڵبژاردەی عێراق تەقەی خۆشیان کردووە بەھۆیەوە ٢٤ کەس لەبەغداد و ٣٩ ی دیکە لەپارێزگاکانی دیکە برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان کردووە و ٢٧ تۆمەتباریان لەبەغداد و ٣٨ ی دیکەیان لە پارێزگاکانی دیکە دەستگیرکردووە و دەدرێنە دادگا بۆ ئەوەی سزا بدرێن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە ھاوڵاتییان دەکات ناوی ئەو کەسانەیان پێبدەن کە دوای بردنەوەی ھەڵبژاردەی عێراق تەقەی خۆشیان کردووە.
حەسەن زەین عابدین قایمقامی خورماتوو بە کوردسات نیوز رایگەیاند، لە نێوان سێگۆشەی خورماتوو-عوزێم-تکریت، سێ شوانکار کە سەر بە ھۆزی شەمەرن، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوە رفێندراون، کە گوومان دەکرێت چەکدارانی تیرۆریستی داعش بن و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە لە گوندی قەڵای ناوچەی داودە، دوو شوانکاری کورد لە بۆشایی نێوان ھێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراق لەلایان داعشەوە رفێندران، کە تاکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندەکەدا، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە "ئۆدیلە رینۆ باسۆ" سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکی ئەوروپی، بەتایبەت سەبارەت بە ھەمەچەشنکردنی ئابوری و زامنکردنی سەقامگیرییەکەی، ھەروەھا رەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابوری بەردەوام کە گرنگە بۆ ئاسانکارییکردن لە رایکردنی کاروبارەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرھێنانی کاریگەر. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی ویست و توانا و وزەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانێکی نیشتمانی.
سەرۆک کۆمار داوای ھاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ پاراستنی جووڵەی بازرگانی خۆراکی جیھانی و رێگریکردن لە پەککەوتنی بە شێوەی زنجیرەیی، بە شێوەیەک کە ئاسایشی خۆراکی جیھانی پەرەپێبدات.
لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە بایەخەوە باسی لە پەیوەندی بانکی ئەوروپی لەگەڵ عێراق کرد و سەرکەوتنی ھەوڵەکانی عێراقی بۆ بەدیھێنانی چاکسازیی ئابوری بەرزنرخاند.
ھەر لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە خاتوو "نەگلا بودین" سەرۆک وەزیرانی تونس. لەو دیدارەشدا، باس لە پەرەپێدانی ھاریکاری و چالاکی گەشتیاری ھەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە دامەزراوە گرنگەکانی گەشتیاری لە عێراق و تونس کرا، ھەروەھا پێشھاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێکرا.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند عێراق بە قۆناغێکی پێشکەوتن و گەشەسەندندا تێدەپەڕێت و پڕۆژەی ستراتیژی و گەشەپێدان ھەیە بە مەبەستی باشترکردنی بواری خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەیی بۆ عێراقییەکان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی کردووەتەوە لە گرنگی پەلەکردن لە پەسەندکردنی بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەستە بە ژمارەیەک لە پرس و تەوەرەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی، ھاوکاری حکومەتیش دەکات لە جێبەجێکردنی بەرنامە و ستراتیژییەکانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
پێشتریش لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە ٩٥%ی رەشنوسی پڕۆژەیاساکە کۆتایی ھاتووە، بەڵام چەند تێبینی و وردەکارییەک ھەیە کە رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دواخستووە، کە بڕەکەی ١٤٠ ترلیۆن دینارە و ٨٠ ترلیۆن بودجەی بەکاربردن و ٦٠ ترلیۆن بۆ بودجەی وەبەرھێنان دیاریکراوە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بانکی ئەوروپی کردەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە ھەمەچەشنکردنی ئابووری و بەرزکردنەوەی سەقامگیرییەکەی، ھەروەھا ڕەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری بەردەوام و دابینکردنی ژینگەیەکی باش بۆ وەبەرھێنانی کاریگەر.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی ئیرادەیە، و توانا و وزەی ھەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانێکی نیشتمانی گشتگیر، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە پێشخستنی گەشەپێدانی ناوخۆیی بەردەوام لەڕێگەی بنیاتنانی ھاوبەشی ستراتیژیی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دەدرێت.
لە بەرامبەردا سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان شانازیی بانکەکەی بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ عێراق دەربڕی و ستایشی سەرکەوتنی ھەوڵەکانی عێراقی بۆ بەدیھێنانی چاکسازیی ئابووری کرد، ھەروەھا جەختی لەسەر پەرۆشی بانکی ئەوروپا کردەوە بۆ پەرەپێدانی ھاریکاری ھاوبەش لە ئاستە جیاجیاکاندا.
سەرۆک کۆماری عێراق لە شوێنی مانەوەی لە داڤۆس چاوی کەوت بە سوڵتان ئەحمەد بن سەلمان سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کۆمپانیای دوبەی بۆ بەندەرە جیھانییەکان و سوھێل بەنا ئەندامی کۆمپانیاکە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا.
لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بە پاشەکشێی ژێرخانی ئابوری عێراق لە دەرئەنجامی جەنگ و ململانێکان و پێداگری حکومەتی ئێستای دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان لە سایەی سەقامگیری ئەمنی و ئابوری.
رونیشیکردەوە، بوارێکی زۆری کارکردن و دەرفەتێکی بێشومار ھەیە بۆ ئەو وەبەرھێنەرانەی دەیانەوێت لە عێراق کاربکەن، لەو ڕوەوە دووپاتیکردەوە، عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ پێشەنگی کارەکان، بەو پێیەی خاوەنی وزە و توانایەکی گەورەیە بەراورد بە وڵاتانی تر.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، عێراق دەخوازێت ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا جیاوازەکان بەھێز بکات بۆ پەرەپێدانی کاری وەبەرھێنان و بازرگانی و بونیادنانی ھاوبەشی ستراتیژی و کاراکردنی رۆڵی ئابوری، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس بۆ رەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان.
لای خۆشییەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای دوبەی بۆ بەندەرە جیھانییەکان، خواستی خۆی پیشاندا بۆ دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی گەورە لەو شوێنانەی دەرفەتی وەبەرھێنان ھەیە، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە پێشکەوتنەکانی عێراق بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان کە نمونەییە و دەکرێت چاوی لێبکرێت.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشھاتە سیاسی و ئە منییەکانی عێراق تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە گرنگی یەکخستنی ھەوڵ و دیدگاکان بۆ وەستان بەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەرووی عێراقیەکان دەبێتەوە، ھاوکات باس لە ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرا و تەئکیدکرایەوە لە گرنگیدان بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک کە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی ھەرێم کاری لە پێشینە بێت لە ھەموو ئاستە جیاجیاکاندا، بەتایبەت بڕیارەکانی حکومەت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بژێوی و ژیانی ھاونیشتمانیان ھەیە.
د. لەتیف رەشید بە پێویستی زانی بەرژەوەندی نیشتمانی بخرێتە سەروو ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و چارەسەری یەکلاکەرەوەیان بۆ بدۆزرێتەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسا، ھەروەک جەختیکردەوە لە گرنگی پەسەندکردنی پڕۆژەی یاسای نەوت و گاز بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ھێنانەکایەی شەفافیەت لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لەنێوان عێراقییەکاندا.
لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم جەختیکردەوە لە سەر پێویستی ھێنانەکایەی دیالۆگی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھێزە سیاسییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە یەکڕیزی نێوان عێراقیەکان بپارێزێت و خواستەکانیان بەدیبێنێت.
"سۆزان مەنسور"بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانکارییان بەسەرداھاتووە، لە دانیشتنی ئەمرۆدا جارێکی تر دەنگ لە سەر لیژنە ھەمیشەییەکان درایەوە.
وتیشی، تائێستا دەنگدان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکان نەکراوە، ھیچ وادەەیک بۆ دەنگدان لەسەر ئەو دەستەیە دیاریی نەکراوە، بۆچونی جیاواز لەسەر دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکان نەدراوە.
رایگەیاند، پێویستە پێش ھاتنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، دەنگدان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتییەکان تەواو بکرێت.
یوسف نەوفلی ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنان رایگەیاند، ماوەی ٢٦ ساڵە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق کراوە و بۆ ئەنجامدانی لە قۆناغی داھاتوودا پێویستە توێژینەوەی نوێ بکرێت و پێداویستییەکانی بۆ دەستبەربکرێت لەپێناو دەرخستنی ژمارەی راستەقینەی دانیشتوان.
وتیشی، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی سەر ژمێری کراوە و پارەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاستەنگی دروستکردووە و پێویستە بەر لە ئەنجامدانی ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ بە شێوازی ئەلکترۆنی و بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامبدات، بەو پێیەی پرۆسەکە گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت دابەشکردنی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان پارێزگاکاندا.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی چوارشەممە دواخراوە، بەبێ ئەوەی ھۆکاری دواخستنەکە روون بکرێتەوە.
دوێنێش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە کارنەمەکەیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ سێ پرۆژەیاسا و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ دوو پرۆژەیاسا و دەنگدانیش لەسەر بە ئەندامبوونی چەند پەرلەمانتارێک لە لیژنە ھەمیشەییەکاندا لەخۆگرت.