بەپێی راگەیەنراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەندا بەمەبەستی پشتگیریکردنی ھێزەکانی پاراستنی سنوور و تۆکمەکردنی رێگا و دەروازە سنوورییەکان، رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ دروستکردنی دەروازەکان لەسەر رێگای سنوورەکان.
وەزارەتی دارایی بڕی یەک ملیار دینار دەدات بەوەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەی ھێزەکانی پاراستنی سنوور، بۆ دروستکردنی دەروازەکان لەسەر رێگای سنوورەکان، بەپێی میکانیزمەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
ھەروەھا وەزارەتی نەوت ژمارەیەکی زۆر پێداویستی بۆ تەواوکردنی دەروازەکان، دەدات بەوەزارەتی ناوخۆ.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەمانگی رابردوودا ١٠٣ ملیۆن و ٢٨١ ھەزار و ٤٥٩ بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە و ھەر بەرمیلێک بە بە ٧٤.٦٣٦ دۆلار فرۆشراوە و کۆی داھاتی نەوتیش لە مانگی رابردوودا حەوت ملیار و ٧٠٨ ملیۆن و ٥٥٦ ھەزار دۆلار بووە.
راشیگەیاندووە، مانگی رابردوو لە کێڵەگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ١٠٠ ملیۆن و ٧٣٥ ھەزار و ١٥١ بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە و لە کێڵەگە نەوتییەکانی کەرکوکیشەوە دوو ملیۆن و ٢٢٣ ھەزار و ٣٣٨ بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە کراوە.
محەمەد نوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری ورد بۆیان دەرکەوتووە فەرمانبەرێکی نووسینگەی ئەمیندارێتی گشتی بەغداد و بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارایی و کارگێڕی فەرمانگەی ئاوی بەغداد تۆمەتبارن بە بردنی ١٥٠ ملیار دینار کە لەرێگەی بودجەی تایبەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بەغدادەوە پارەکەیان کۆکردووەتەوە، وتیشی، سەرجەم زانیارییەکانیان رادەستی دەستەی دەستپاکی و دادگاکردووە بۆئەوەی رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی پارەکە بگیرێتەبەر و تۆمەتبارانیش سزا بدرێن.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی عێراقیش ئاشکرایکردووە، بە فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسێکانی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازیاریی لە دیوانی وەقفی سونی و چوار تۆمەتباری تر دەستگیرکراون کە سەرۆکی ئەندازیارانی دیوانی وەقفی سونیشی تێدایە، لەسەر بەھەدەردانی ملیارێک و ٥٧١ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دینار لە پرۆژەکانی تایبەت بە دروستکردنی منارەی مزگەوتەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین کە بۆ ھەر منارەیەک ٥٦ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار تەرخانکراوە.
"عەمید سالار عەبدوڵا"بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی چەند مانگێکی دەفتەری پاسپۆرت لە سەرتاسەری عێراق کەمبوەتەوە، بەوھۆیەشەوە تەنیا پاسپۆرت بۆ ئەو کەسانە دەردەکرێت کە حاڵەتی زۆر پێویستیان ھەیە.
وتیشی، بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە دەرکردنی ژمارەی پاسپۆرت کەمبوەتەوە، لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو بەشی ساڵێک پاسپۆرت بۆ پارێزگاکان رەوانە دەکرا، بەڵام ئێستا ھەفتانە دەفتەری پاسپۆرت رەوانەی شارەکان دەکرێت، چاوەڕوان دەکەن ئەو کێشە تەکنیکیە زوو چارەسەر بکرێت و کێشەی دەرکردنی پاسپۆرت مەێنێت.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مامەڵەی دەرکردنی پاسپۆرت رانەگیراوە، و ھاووڵاتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کارەکانیان رایدەکرێت، بەڵام وەرگرتنەوەی لەئێستادا تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە نەخۆشن و راپۆرتی پزیشکیان ھەیە و لە حاڵەتی زۆر پێویستدان، ئەگەر دەفتەرەکان بگاتە دەستیان، ھاوولاتیانیش ددەتوانن زوتر پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بە فشاری ئەمریکا، "سودانی" ھانای بردووە بۆ ھێزی نوخبەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو بازرگانانە ببێتەوە کە دۆلار بە قاچاغ دەبەنە ئێران.
عەقیل فەتلاوی پەرلەمانتاری شیعە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکییەکان رێنمایی و ھۆشداری توندیان داوە بە "سودانی" سەبارەت بە حەواڵەکردنی دۆلار و دوایانکردووە کە ھەنگاوەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمریکا بێت، ئەگەرنا ھەر ھەڵسوکەوت و ھەنگاوێک دژیان بنێت روخانی حکومەتەکەی لێدەکەوێتەوە.
لێپرسراوێکی باڵای بانکیش لەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکا پەیامێکی روونی داوەتە لێپرسراوانی عێراقی و رایانگەیاندووە کە دەبێت پابەندبن بە پەیڕەوە نوێیەکان، ئەگەرنا بانکی ناوەندی عێراقی روبەڕووی سزا و غەرامە دەبێتەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لە بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتانی ئاسیا و روسیا و ئاماژەی بە گرنگی فراوانکردنی شێوازەکانی ھاریکاری نێوان عێراق و وڵاتەکانیان کرد.
د. لەتیف رەشید باسی لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان کرد و جەختیکردەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا لە ئاستێکی باشدان و ویستێکی ھاوبەش ھەیە بۆ چارەسەری ریشەیی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە پێی دەستوور و یاسا.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق بەرنامەیەکی گشتگیری ھەیە بۆ پەرەپێدانی ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییەکان و بەمنزیکانەش بودجە پەسەنددەکرێت و بەرنامە لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا کە جەخت لە گرنگی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دەکاتەوە، دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانیان کارا کردووەتەوە و محەمەد تەمیم وەزیری پلادانان وەک سەرۆکی دەستەکە دیاریکراوە.
وتیشی، دەستەی باڵای سەرژمێری، کار بۆ دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق دەکات.
بڕیاروابوو مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠، سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پڕۆسەکە دواخرا و تائێستا ئەنجامنەدراوە.
عەلی فەتلاوی سەرکردە لە ھاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، پێویستە حکومەت رێکاری زیاتر و توندتر بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بگرێتەبەر، چونکە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار رووی لە دابەزین کردووە و ھاووڵاتیانیش زەرەرمەندی یەکەمن.
وتیشی، چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەفتانە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی دۆلار.
چوارچێوەی ھەماھەنگی ترسی ھەیە دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، توڕەیی خەڵکی لێبکەوێتەوە و سەربکشێت بۆ ناڕەزایی و خۆپیشاندان، بە تایبەت کە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی ئامادە دەکات.
موعین کازمی بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند، وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان وادەی ناردنی پرۆژەی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣یان دواخستوە، ئەویش بە مەبەستی ھەندێک چاککردنی نوێ لە ھەندێ بڕگە و بەنیدیدا لە ئەنجومەنی وەزیران.
ئەو پەرلەمانتارە لەو بڕوایەدایە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پرۆژەکە تەواو بکرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە داھاتی نەوت نزیک دەبێتەوە لە ١٢٠ تریلیۆن دینار و داھاتی باج و نانەوتیش نزیکەی ١٠ تریلیۆن دینار دەبێت و کورتھێنانیش کەم دەبێت بەوپێیە کۆی بودجەکە زیاتر لە ١٥٠ تریلیۆن دینار نابێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بەخشینی مستەفا غالب موخیف لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و دانانی عەلی موحسین عەلاق لەو پۆستە بە وەکالەت.
ھەر بەرپێی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سالم جواد چەلەبی بەڕێوەبەری بانکی عێراقی بۆ بازرگانی کە بە (TBI) ناسراوە خانەنشین دەکرێت و بیلال حەمدانی لەو پۆستە دادەنرێت.
فیراس موسلیماوی پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەم وەرزەی یاساداناندا چەندین پرۆژەیاسای گرنگ پەسەند دەکرێن لەوانە پرۆژەیاسای بیمەی کۆمەڵایەتی کە مووچەی خانەنشینی و بیمەی تەندروستی کرێکارانی کەرتی تایبەتیش لەخۆدەگرێت.
وتیشی، جوڵەیەکی پەرلەمانی ھەیە بۆئەوەی بڕگەی تایبەت بە تەمەنی خانەنشینی لەناو یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بگۆڕدرێت و لە ٦٣ ساڵەوە بکرێت بە ٦٥ ساڵ، واتە فەرمانبەرێک کە تەمەنی گەیشتە ٦٥ ساڵ خانەنشین بکرێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی گشتی دەروازە سنورییەکان و باج و گومرگ و پێشانگە بارزگانییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی ھۆکارەکانی ناجێگیری بەھای دراوی بیانی لە بازاڕەکانی عێراق و کاریگەری لەسەر ھاووڵاتیان .
لەسەر بنەمای راسپاردەکانی سەرۆک وەزیران و پێشنیازەکانی کۆبوونەوەکە ، چەند بڕیارێک دران بۆ جێگیرکردنی بەھای فرۆش و رێگری لەیاریی پێکردنی و کەمکردنەوەی زیانەکانی سەر ئابوری نیشتمانی.
لەوانەش، کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە بازرگانانی بچوک لە بانکی بازرگانی عێراقی. و پارەدارکردنی بانکی بازرگانی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە بڕە پارەیەکی زیاتر کە دەگاتە ٥٠٠ملیۆن دۆلار بەمەبەستی کردنەوەی سەنەد بۆ بازرگانانی بچوک.
ھەروەھا بڕیاردرا رێگە بدرێت بە ھاوردەکردنی کاڵاو کەلوپەل لە لایەن کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵی و ئاسانکاری بکرێت لە رێکارەکانی ھاوردەو کەمکردنەوەی مەرجەکانی کردنەوەی سەنەد .
بڕیاریشدرا، ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتییە پیشەسازییەکان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری بکەن، کە ھەفتانە دەکرێن بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکان.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا، لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەتەوەیەکگرتوەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، ھەروەک بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا دووپات کرایەوە.
سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە، دوای ماوەیەکی درێژ لە چاوەروانی پێکھێنانی حکومەت بەڵام ئەو حکومەتەی پێکھێنرا دەرەنجامێکی ئەرێنی بەدەست ھێنا.
لە بەرامبەردا نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری سیاسی، پشتیوانییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانی بۆ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا دووپات کردەوە، لە نێویشیاندا بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و کارکردنی ھاوبەش بۆ دۆسیەی ئاوارەکان و دۆسیە مرۆییەکان.
ھەروەک دووپاتی کردەوە کە نەتەوەیەکگرتوەکان ھاوکاری عێراق دەکات لەو ئاڵنگارییانەی لە گۆرانی کەشوھەوا رووبەرووی دەبێتەوە و ھاوکاریی دەکات لە کەمکردنەوەی کاریگەرییان وشکەساڵی و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە دەرئەنجامی لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکراین و گۆڕانکارییەکانی ژینگە، نرخی خۆراک و وزە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، ئەوەش وایکردوە، رێژەی ھەڵئاوسان لە جیھاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
رونیشیکردەوە، لە ساڵی رابردوودا لە عێراق تێکڕای ھەڵئاوسان بە کاریگەری لێکەوتە جیھانییەکان و گۆڕانکاری لە بەھای دراو رووی لەبەرزبوونەوە کردووەو بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەیشتۆتە لەسەدا
( شەش بۆ حەوت ).
بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، ئەو جۆرە لە بەرزبوونەوەی ھەڵئاوسان کەڵەکەبونێکی سروشتییە بە درێژایی مانگەکانی رابردوو، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی دراوی نەختینە لە بازاڕەکاندا.
جەختیشی کردەوە، رێوشوێنی راستەقینە بۆ رێگری لە ھەڵئاوسان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆیی و پاراستنی بەھای دراوی نیشتمانی و سنوردارکردنی ھاوردەکردن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لە تەواوبووندایە و جیاواز لە ساڵانی پێشوو سووربووین لەسەر ئەوەی کە ھەموو بەندەکانی کارنامەی حکومەت و رێکارەکانی جێبەجێکردنی لەخۆ بگرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت، دەتوانین بڵێین ئەمە یەکەمجارە کە بودجە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا بێت، ئەمساڵ کار لەسەر چارەسەر کردنی کێشانە بکەین.
سودانی راشیگەیاند، حکومەتی عێراق پاڵپشتی بانکی ناوەندی دەکات بۆ گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ بەھا رەسمییەکەی، بۆیە حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری ئازایانەی داوە بۆ راستکردنەوەی سیاسەتی ھەڵەی دارایی کە حکومەتی تێستا بە میرات بۆی ماوەتەوە.
میدیاکانی عێراق نوسراوێکی دادوەر زیا جەعفەر جێگری سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی کەرخی بەغدادیان بڵاوکردووەتەوە و بەپێی نووسراوەکە بڕیاری دەستبەرداگرتنی کۆمپانیای پایتەخت بۆ ھاوردەکردن و وەبەرھێنانی خانووبەرەو پیشەسازی ھەڵوەشێنراوەتەوە کە لەلایەن (نور زوھێر جاسم) خاوەندارێتی دەکرێت کە تۆمەتباری سەرەکی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکانی عێراقە.
ھەر بەپێی نوسراوەکە ھۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تۆمەتبارەکە بەشێکی زۆری ئەو پارانەی گەڕاندووەتەوە کە لە کۆی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە دزاروەکە پشکی ئەو بووە، بەڵام سەرجەم سەروەت و سامانەکانی تری لە ژێر دەستبەرداگرتندا دەمێنێتەوە تائەو کاتەی کۆی پارەکە دەگەڕێنێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق رایگەیاند، دەستی دەستی و یاریکردن بە دۆسێی دزیی سەدەوە بەدی دەکرێت و ئەگەر چاودێرییەکی ورد نەکرێت، دوور نییە دۆسێکە بائاسانی دابخرێت بەبێ ئەوەی بگاتە ئەنجام.