وەعد قەدۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاشکرای کرد، پێش مانگێک یەکێک لە ھۆکارەکانی بەردەم تێنەپەڕاندنی یاسای ھەڵبژاردنەکان، مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بۆ کردنەوەی بنکەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دھۆک.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پارتی دیموکراتی کوردستان سوودمەندە لە نەگەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان، چونکە گەرەنتی بەدەستھێنانی دەنگەکانیان دەکات، ھەروەھا رێگەش بە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان لە کەمپەکانی ھەرێمەوە بۆ ناوچەکانیان نادرێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیھانی کرێکارانەوە رایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە کرێکارانی عێراق دەکات و بە رێز و پێزانینەوە لە خەبات و شۆڕشیان لە پێناو بنیاتنان و بوژانەوەدا دەڕوانن.
جەختیشی کردەوە لە پشتیوانیکردنی کرێکارانی عێراق، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و بەشداریکردنیان لە بنیاتنانەوەی سبەینێیەکی باشتر و داھاتوویەکی گەشەکردوو.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، کۆنگرەکە بە سەرپەرشتی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێ,ەدەچێت، کەتێیدا، چەندین توێژینەوەی زانستنی پێشکەش دەکرێن سەبارەت بە کەمبوونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا و چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی.
ناوەڕۆکی کۆنگرەکە تایبەت دەبێت بە ئاو لەپێناو مرۆڤایەتی و سروشت و دیبلۆماسیەتی ئاو و پارێزگاریکردن لە ژینگە و پاراستنی زەوییەکان لەپێناو گەشەپێدان و ئیدارەدانی ئاو و رێگە داھێنەرەکان.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی عێراق لە نوسراوێکدا داوای لە دادگای لێکۆڵینەوە کردووە بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکی پێشوتری دەزگای ھەواڵگری عێراق بکات کە تۆمەتبارکراوە بە کەمتەرخەمی لە رووداوی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسدا.
سکاڵاکە لەلایەن حسێن مونس سەرۆکی فراکسیۆنی حقوقی سەربە حزبوڵای عێراق تۆمارکراوە، تیایدا مستەفا کازمی تۆمەتبار دەکات بە کەمتەرخەمی و شکست لە بەڕێوەبردنی دەزگای ھەواڵگریدا، کە بەوتەی ئەو، بووەتە ھۆی بە ئامانجگرتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس لە ساڵی ٢٠٢٠_دا.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ موسڵ چاوی بە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کەوت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە حەلبوسی کردووە پەلەبکرێت لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە.
سەرۆک کۆمار ھەروەھا داوایکرد موچەی فەرمانبەران بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی لەسەرجەم پارێزگاکاندا دابەشبکرێت.
عودەی عەوادی، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقوون و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لە دژی بڕگەیەک لە رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغداد تۆمارکرد، کە بەپێی زانیارییەکان سکاڵاکە تایبەتە بەو ھەژمارە بانکییەی کە داھاتی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی تێدا دادەنرێت.
عودەی عەوادی رایگەیاند، نا دەستووری و نایاساییە لە بانکێکی ھەرێمی کوردستان داھات فرۆشتنی نەوت دابنرێت، بەڵکو دەبێت ئەو بانکە یان سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق بێت یان سەرجەم داھاتەکە بچێتەوە خەزێنەی گشتیی دەوڵەت و لە بانکی ناوەندی بێت.
عودەی عەوادی، سکاڵاکەی لە دژی سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، کە ئەوان رێککەوتنەکەیان کردووە.
دانەغاز لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەرھەمھێنانی گازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان لە ٪٩.٥ زیادی کردووە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو کە لە ٪٧.٦ زیادی کردبوو.
ئەوەش خراوەتە روو، کە توانای بەرھەمھێنانی وێستگەی گازی خورمەڵە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە تێکڕای رۆژانەی ٥٠ ملیۆن پێ سێجا بووە، بەڵام لە دوای سەرکەوتنی جێبەجێکردنی پرۆژەی فراوانکردن لە وێستگەکەدا توانای بەھەمھێنانی رۆژانەی بۆ ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا زیاد کراوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەیاوەری خانمی یەکەم و وەزیری دەرەوە و وەزیری کارەبا و سەرچاوە ئاوییەکان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمان عێراق و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران، خاکی عێراقییان بەجێھێشت و بەرەو تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرێکەوتن.
ئەم سەردانەی سەرۆککۆمار لەسەر بانگھێشتنامەی فەرمی سەرۆککۆماری ئێرانە و پرسی ئاڵگۆری بازرگانی و وزە و پیوەندیەکانی نێوان ھەردوو وڵات و پرسی ئاو و رەوشی سیاسی ناوچەکەو جیھان بەگشتی تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات لەم سەردانەشدا سەرۆککۆمار و وەفدی یاوەری زنجیرەیەک دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات کە گرنگترینیان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران و رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران دەبێت.
مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لیژنەکەیان کۆبوونەوەکانی چڕ دەکاتەوە لە پێناو پەلەکردن لە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە و بۆ ئەو مەبەستەش پلان و بەرنامەیەکی رێکخراوی داناوە بۆ میوانداریکردنی حکومەت و لایەنەکانی پەیوەست بە بودجە.
کەرعاوی جەختیشی کردەوە، لەسەر پێویستی گۆڕانکاری لە قەبارەی خەرجییەکان لە بودجەدا بەو پێیەی راستەوخۆ کاریگەری ھەیە لەسەر رێژەی کورتھێنان ھەیە و ھەر کاتێک خەرجیی کەمبکرێتەوە کورتھێنانی کەمدەبێتەوە.
سەبارەت بە پلەبەندی نوێی مووچە ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دووپاتیکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی راسپێردراو بە پێی فەرمانی دیوانی ژمارە ٢٤ پەیوەستن بە دۆسیەی پلەبەندی نوێی مووچەخۆران و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لەگەڵ گۆڕینی پلەبەندی مووچەدان و پێیان وایە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدیدەھێنێت و جیاوازی نێوان وەزارەتەکان کەمدەکاتەوە.
ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، گۆتێرێس و ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی گەرەنتی باشکردن و درێژکردنەوەی رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین و روسیایان کردووە، ھەروەھا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی چۆنیەتی باشکردنی رێگاکانی ھەناردەی دانەوێڵەو پەینی روسیا بۆ بازاڕەکانی جیھان.
روسیا دەڵێت، بەھۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی تایبەت بە ئاسانکاری ھەناردەکانی لە دانەوێڵە و پەین، لەدوای ١٨ی ئایارەوە رێگەنادات بە درێژکردنەوەی رێککەوتنی بە ھەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین لە رێگەی دەریای رەشەوە.
لای خۆشییەوە، مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا ئاستەنگی پشکی روسیا لە رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە و پەین دروست دەکەن و بانکەکانیان ھەماھەنگ نین لە پێدانی بەھای بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی روسیا.
بە پێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە کارەکانی ئەنجومەن کراوە لەگەڵ گرنگترین ئەو یاسایانەی خراونەتە بەردەم لیژنەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەر لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەسەندکردنی یاساکان کراوەتەوە، لە نێویاندا یاسای بودجە و چەند یاسایەکی تر کە پەیوەندیدارن بە کەرتی وەبەرھێنان و ئابوری و کشتوکاڵ و ئاسایش و چاودێری کۆمەڵایەتی، پەسەند کردنی چەند بڕیار و رێکەوتنێک کە حکومەت داوای کردون.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ ٣٥٠ ھەزار کەس وەک وانەبێژ و بەھەمیشەیی لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دامەزراندیان دراوە، لە نێو ئەو ژمارەیەشدا ھەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا و ماستەر و دکتۆرای تێدایە و بەپێی پسپۆڕییە جیاوازەکان لە بەرێوەبەرایەتییەکان و دیوانی وەزارەتدا دادەنرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، بۆ دامەزراندنی وانەبێژ پێویستە بەڵێننامەی پشتڕاستکراوی بە ئیمزای خوێدنگاکەی ھەبێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ناوچە دوورەکان و قەزا و ناحیەکان خزمەتی کردبێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی ناوەندی گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداد و ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە.
ئەوەشی راگەیاند، کۆمپانیای سۆمۆ کە ئەرکی وەرگرتن و ھەناردەی نەوتی ھەرێمی پێسپێردراوە، سەرقاڵی ئیمزاکردنی گرێبەستە لەگەڵ کڕیارانی نەوتی ھەرێم، راشیگەیاندووە، ئەو پرۆسەیەش لە چەند رۆژی داھاتودا تەواو دەبێت و ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە.
پێشتر محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە نزیکترین وادەدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە پێگەی ئاگوس میدیا کە دامەزراوەیەکی میدیایی سەربەخۆیە و بارەگاکەی لە لەندەنە رایگەیاند، دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندی بە رێکارە تەکنیکییەکانەوە ھەیە کە چاوەڕێ دەکرێت بەپێی یاسا یەکلابکرێنەوە، چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیەش کاتی زۆری ناوێت.
عەوادی باسی لەوەشکرد، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا بەرپرسەکانی ھەناردەی نەوت دەکات و گفتوگۆکانیش بەپێی سیاسەتی سۆمۆ و نرخی رەسمی نەوت بەڕێوەدەچن.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەغداد دانوستان لەگەڵ حکومەتی تورکیاش دەکات، بەڵام دەسەڵاتدرانی تورکیا داوای ماوەیەکی کەمیان کردووە بۆ پشکنینی بۆرییە نەوتییەکان، تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ھیچ زیانێکیان بەھۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی شەشی شوباتی رابردووەوە بەرنەکەوتووە.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەعات ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٩ی نیسان ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا دەکات.
چاوەڕێ دەکرا دوای پێشووەکانی جەژن، ئەنجومەنی نوێنەران بەخێرایی ھەردوو پڕۆژەیاسای بودجە و لێبوردنی گشتی پەسەند بکات کە یەکەمیان شیعەکان و دووەمیشیان سوننەکان پێداگرییەکی گەورەی لەسەر دەکەن.
بڕیاروایە رۆژی شەممە د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، بە سەردانێکی رەسمیی سەردانی تارانی پایتەختی ئێران بکات و لەلایەن ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێدەکرێت و پاشان ھەردوو سەرۆک کۆدەبنەوە.
سەردانی سەرۆککۆماری عێراق بۆ تاران یەک رۆژ دەخایەنێت و لەسەر بانگھێشتی رەسمیی سەرۆککۆماری ئێرانە، ھاوکات یەکەمین سەردانیەتی بۆ ئێران دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆککۆماری عێراق.