وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمساڵ ٣٠ کەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون، لەو ژمارەیە حەوت کەسیان بە نەخۆشییەکە گیانیان لەدەستداوە.
ھاوینی ساڵی رابردوو، تای خوێنبەربوون لە عێراق بڵاوبووەوە و نزیکەی ٢٠٠ کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەو ژمارەیە ٣٠ کەسیان لە پارێزگاکانی باشوور گیانیانلەدەستدا.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە، بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیھانی، رێژەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە لە سەرەتای سەری جیھان، دەگاتە ٤٠٪.
وەفدەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لە دیدارێکدا د. خالید شوانی ئەرکەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لە گشت پرسە یاساییەکانی دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵیدا ھەموو ھەوڵێکیان خستۆتەکار تا یاسا سەروەر بێت و مافی وەک یەکی و یەکسانی لە ھەموو یەکە ئیدارییەکاندا بۆ ھەموو لایەک رەچاو بکرێت.
پاشان وەفدەکە لە میانەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە عێراقییەکان پرسی بودجەی گشتی و یاسای ھەڵبژاردنەکان و پتەوکردنی پەیوەندیەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ھاوکات وەفدەکە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە، تەئکیدیانکردەوە لە پێویستی پاراستنی مافی گەلانی عێراق بەپێی بنەما دەستورییەکان و رەچاوکردنی لە داڕشتنی ھەر یاسایەکدا بەتایبەتیش لە پرسی بودجە و یاسای ھەڵبژاردنەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەیکرد بە پێویستی ئاگاداربوون لە رێڕەوی بودجە و لایەنەکانی وەبەرھێنان لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی سامانی گشتی وڵات.
وتیشی، لیژنەکەیان سورە لەسەر بەدواداچوونی سەرجەم بڕگەکانی بودجە تاکو یاساکە لە ئاست خواست وداواکاری ھەمووان و بەپێی دید و تێڕوانینی روون تێپەڕێنرێت.
جەختیشیکردەوە، لەسەر پێداگری لیژنەکەیان بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و پەلەکردن لە پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری.
لای خۆشییەوە، وەزیری پلاندانان دیدی حکومەتی لە ئامادەکردنی بودجەی وەبەرھێنان رونکردنەوە بە جۆرێک فشار لەسەر خەرجییەکان کراوە لەپێناو کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان، وتیشی، ھیچ رێککەوتنێک نییە بۆ وەرگرتنی قەرزی نوێ.
بە وتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی ھەفتەی داھاتوو، پێنج وەزیری دیکە بانگھێشتی لیژنەکەیان دەکرێن و دوو ھەفتەی داھاتوو وێنەکە لەبارەی چەند خاڵێکی گرنگ زیاتر رووندەبێتەوە بەتایبەت لە شایستەی توێژەکان و کۆمەکی پارێزگاکان و قەبارەی کورتھێنانی دارایی.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق، لە کۆبوونەوەیەکیشدا لەگەڵ دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاندووە، لە داھاتوویەکی نزیکدا لیژنە تایبەتەکانیان بە ھاوکاری دەستەی دەستپاکی دەستبە لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەو دۆسێیانەی گەندەڵی لەناو وەزارەتی بەرگری کە بەڵگەی رەسمییان لەسەرە و سەرجەمیشیان ئاراستەی دەستەی دەستپاکی دەکەن.
وتیشی، ھەموو ئەوانەی لە دۆسێی گەندەڵی تێوەگلاون و بە بەڵگەی رەسمی بەسەریاندا ساغ ببێتەوە، لە ھەر پۆست و ئاست و پلە و پایەیەکدا بن و سەر بە ھەر ھێز و لایەنێکی سیاسیش بن، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەی دابەشکردنی سەبەتەکانی خۆراک بەشێوەیەکی رێکوپێک دەستیپێکردووە و توانیویانە لە مانگی رەمەزاندا سەبەتەیەکی خۆراک دابەشبکەن و سەبەتەیەکی خۆراکیش بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشبکەن کە لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پرۆسەی ناردنی ماددەکانی سەبەتەی چوارەمی خۆراک بۆ بریکارەکان دەستیپێکردووە کە زەیت و برنج و شەکر و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنی لەخۆدەگرێت.
جەختیشیکردەوە، بەردەوامی دابەشکردنی ماددە خۆراکییەکان و دابینکردنی چەند ماددەیەکی دیکە بۆ ھاووڵاتیان بەنرخی پاڵپشتییکراو کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخەکان لەبازاڕدا ھەبووە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران فەرمانیکردووە بە ناردنی دوو فڕۆکە بۆ سودان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو ھاووڵاتییە عێراقییانەی لەو وڵاتە بەھۆی شەر ِو پێکدادانەکانەوە گیریانخواردووە.
ھەروەھا سەرۆک وەزیران داوای لە دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان کردووە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بکەن بۆ گەرەنتی سەلامەتی ھاووڵاتییەکانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خاکی وڵات بەزووترین کات.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، ساڵانە حکومەتی عێراق پارەیەکی زۆر بۆ ھاوردەکردنی وزە بەتایبەتیش غاز خەرج دەکات بە بەمەستی بەرھەمھێنانی کارەبا و لە ئێستاشدا ئەو پارەیەی بۆ ھاوردەکردنی غاز خەرج دەکرێت ساڵانە دەگاتە ھەشت تریلیۆن دینار و لە چوارچێوەیەشدا ھێڵی گواستنەوەی غاز لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئێراندا ھەیە.
وتیشی، حکومەتی عێراق لەئێستادا پرۆژەیەکی فراوانی دەستپێکردووە بە مەبەستی گەشەپێدانی وێتگەکانی بەرھەمھێنانی غاز و ھەر کاتێکیش توانای بەرھەمیەَنانی غاز لەو وێستگانە گەیشتە ئەوەی پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، ھاوردەکردنی غاز بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا کۆتایی دێت.
حسێن مەردان جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئەھوارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، جێگەی قبوڵ نییە کە پشکی کەرتی کشتوکاڵ بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی ھاووڵاتیان، تەنھا ١% بێت لە پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
جەختیشی کردەوە، لە پێویستی گرنگیدان بە ھەردوو کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەک چۆن گرنگی بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەدرێت.
وتیشی لیژنەکەیان بە "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، کەرتی کشتوکاڵ دەتوانێت یەک ملیۆن ھەلی کاری تایبەت بڕەخسێنێت، بە تایبەت کە ھەلی کار لە کەرتە حکومییەکان ئەستەمە.
فەرھاد حەمزە محەمەد، سەرۆکی تیمی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکور بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بابەتی نەوت و غاز سیاسەتێکی ناوەندییە و لەکۆتاییدا دەبێت بە ھاوکاری بەغداد بێت و فرۆشتنەکەی لەژێر دەستی عێراق بێت، چونکە سیاسەتی دارایی سیاسەتێکی ناوەندییە، بۆیە لەداھاتوودا سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و غاز لە ھەرێمی کوردستان دەکەونە ژێردەستی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمیش جگە لە رێککەوتن و رادەستکردنی سەرجەم کێڵگەکان ھیچ دەرچەیەکی دیکەی نییە.
سەبارەت بە ھۆکاری سکاڵاکەی کۆمپانیای نەوتی باکوریش وتی، خورمەڵە و کۆرمۆر لە کێڵگە پەرەپێدراوەکانن و لە خورمەڵە ٦٤ بیر و لە کۆرمۆرھەشت بیر لێدراون، بەپێی دەستوریش دەبێت حکومەتی عێراق سەرپەرشتی بکات، بۆیە بە ھی خۆی دەزانێت. وتیشی، زیندوکردنەوەی سکاڵاکان لە ئەنجامی گۆڕانی تەرازووی ھێزە.
سەبارەت بە رادەستکردنی ئەو دوو کیڵگەیەش بە حکومەتی عێراق وتی، بژاردەکانی حکومەتی ھەرێم ئێستا زۆر سنوردارن، بۆیە ھەر دەبێت رێکبکەون لەگەڵ بەغداد، چونکە ناتوانن جارێکی دیکە بە ئارەزووی خۆیان نەوت و غاز ھەناردە بکەن، چونکە ئێستا حکومەتی عێراق باڵادەستە و ھەرێم ھیچ کارتێکی بەدەستەوە نییە کە بتوانێت مەسەلەی نەوت بەلای خۆیدا یەکلابکاتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نوسراویان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران نەکردووە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، تەنھا نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە داوای بودجەی تایبەت و پێداویستییەکانی پڕۆسەکەیان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە رێکارەکان بکەن.
"جومانە غەلای" وتیشی، دوا وادە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ٢٠ی ١٢یە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش رۆژی ٦ی تشرینی دووەمی بۆ ھەڵبژاردنەکە دیاریکردووە و لە کۆی ١٨ پارێزگا ١٥ پارێزگا دەگرێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بۆ ھەڵسەنگاندنی کار و ئەدای رۆژانە، زۆر بە روونی و راشکاوانە قسە لەگەڵ وەزیرەکان دەکەن و دەستوریش دەسەڵاتی بەسەرۆک وەزیران داوە بۆ لابردنی ھەر وەزیرێکی کەمتەرخەم.
وتیشی سازش لەسەر ئەو دەسەڵاتە دەستوریە ناکەن و سورن لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری وەزاری و بۆ ئەو مەبەستەش کاتێکی گونجاو دیاری دەکەن.
سودانی باسی لەوەشکرد، گەورەترین ئاستەنگ و کێشە لە بەردەمیان نەبوونی متمانەی عێراقییەکانە بە حکومەت ئەوەش بەھۆی کەموکوڕی و کێشە و ھەڵەکانی رابردوو بەتایبەتیش پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گەندەڵییەوە بووە.
دەشڵێت، کاری لەپێشینەی حکومەتی ئێستا دابینکردن و جێبەجێکردنی داواکاری و پێداویستییەکانی ھاوڵاتیانە و بۆ بەدەستھێنانەوەی متمانە و بۆ راستکردنەوەی ھەڵەکانیش بەھیچ جۆرێک کات بەفیڕۆ نادەن.
لەبارەی پڕۆژەی بودجەوە، سودانی ئاماژەی بەوەکرد، ھەموان کۆکن لەسەر پەسەندکردنی و ئامادەن لەگەڵ پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی کورتھێنان بکەن، بەمەرجێک کاریگەری لەسەر خەرجییەکان نەکات.
دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، لەم کابینەیەی حکومەتی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، شەڕێکی سەخت و چارەنووسسازیان لەدژی گەندەڵی دەستپێکردووە و زۆربەی ھێز و لایەنەکانیش پشتیوانییان دەکەن و ھەر تۆمەتبارێکی گەندەڵیش کە بە بەڵگەی رەسمی کارە نایاساییەکانی بەسەردا ساغ ببێتەوە، رێگە نادەن بەبێ سزادان دەربازی ببێت لە ھەر پلە و پایەیەکدا بێت.
وتیشی، بەو پێیەی جەنگی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕوبوونەوەی بەرژوەندییە کەسییەکانە، دەزانن ئاستەنگ و کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێت، بەڵام حکومەتی ئێستای عێراق زۆر جددیە لە نەھێشتنی گەندەڵی و بەسزاگەیاندنی گەندەڵکاران، بۆیە دەیانەوێت ئەو جەنگەی دەستیان پێکردووە بیگەیەننە ئەنجام.
مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراقرایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەوەی پێشکەشکراوە، بەدیھێنانی سەقامگیری و پاراستنی لە رێگەی دوو سیاسەتەوە بووە، کە ئەوانیش بریتین لە ئاسانکاری رێکارەکانی حەواڵەی دەرەکی، سنوردارکردنی پێدانی دراوی بیانی و فرۆشتنی تەنھا لە رێگەی دەروازەکان و رێکارە یاساییەکان و میکانیزمەکانی بانکی ئەلکترۆنی.
وتیشی، سیاسەتە گشتییەکانی حکومەت و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە بواری گومرگ و باجی بازرگانی ئاستەنگییەکانی بەردەم جموجۆڵی بازرگانی دەرەکییەکان لابردووە، بووەتە ھۆی چالاککردنی بازرگانییە بچوکەکان تاکو بتوانن بەبێ نێوەندگیر و ھێزی قۆرخکار راستەوخۆ لە دەرەوە ھاوردەی کاڵا بکەن.
ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، ھەموو بازرگانان و بەتایبەت بازرگانانی بچوک، دەتوانن لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە دۆلار بەدەستبھێنن و پێدانی دۆلاری نەختیینە لەگەڵ رێکارەکانی سەکۆی ئەلکترۆنی رێکخراوە.
وتیشی، دەستەبەربوونی دۆلاری نەختینە لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە وایکردووە بەھای دۆلار لەبەرامبەر دینار لە بازاڕدا دابەزێت، لەبەرئەوەی دۆلار ھاوشێوەی ھەر کاڵایەک خواستی کڕیاران پڕدەکاتەوە، ھەر کاتێک لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە بەشی خواستی کڕیاران دۆلار دەستبەربوو ھیچ ھۆکارێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بازرگانان دۆلار بکڕن.
راوێژکاری بانکی ناوەندی ھیوای خواست، فرۆشتن تەنھا بەدینار بێت چونکە دراوی وڵاتە و ھیچ ھۆکارێکیش نیە بۆ پەیوەستبوون بە نرخێکی دیاریکراو، لەبەرئەوەی دۆلار بەردەستە بۆ ھەموو ئەوانەی داوای دەکەن وەک بازرگاکان و ئەوانەشی بۆ گەشت و چارەسەری نەخۆشی و خوێندن دەچنە دەرەوەی وڵات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق و "حسێن ئەمیر عەبدولاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانیان ئاڕاستەی یەکتر کردووە.
ھاوکات بیروڕاکانیان سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تاران و بەغداد و پێشھاتەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و روبەڕوبوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کرد.
ھەر لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، دڵخۆشە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز و راشیگەیاند، بەمنزیکانە "د.لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق بە سەردانێکی رەسمی دەچێتە تاران.
مانگی رابردوو، "ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران لەڕێی "محەمەد ئال سادق" باڵیۆزی ئێرن لە عێراق بانگھێشتنامەی رەسمی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق نارد بۆ سەردانکردنی تاران، سەرۆک کۆماری عێراقیش رایگەیاندبوو کە بەزووترین کات سەردانەکە ئەنجام دەدات.
موھەنەد خەزرەجی، ئەندامی فراکسیۆنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی پێداگرن لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەو رەشنوسەی ئێستای، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ژمارەیەک گۆڕانکاری سنوردار لە پڕۆژەکەدا بکرێت بەجۆرێک لەگەڵ یاسا و دەستوردا بگونجێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ھەندێک لایەن دەیانەوێت پەسەندکردنی بودجە پەک بخەن بۆ مەبەستی کەسی و حزبی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانن کە بودجەکە بۆ سێ ساڵە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیدا تێدا جێگە کراوەتەوە، کە دەتوانێت ژێرخان و ئابوری وڵات بە تەواوی ببوژێنێتەوە.
پەرلەمانتارەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، ئەوان لەرێگەی پەسەندکردنی بودجەوە دەرفەت دەدەن بە حکومەتەکەی سودانی تاوەکو کارنامەکەی جێبەجێ بکات، بەتایبەت کە پڕۆژەی بودجە لە ئاست خواستی ھاوڵاتیانە و بودجەیەکە بۆ بوژانەوەی ئابوری وڵات.