ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، ھەموو بازرگانان و بەتایبەت بازرگانانی بچوک، دەتوانن لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە دۆلار بەدەستبھێنن و پێدانی دۆلاری نەختیینە لەگەڵ رێکارەکانی سەکۆی ئەلکترۆنی رێکخراوە.

وتیشی، دەستەبەربوونی دۆلاری نەختینە لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە وایکردووە بەھای دۆلار لەبەرامبەر دینار لە بازاڕدا دابەزێت، لەبەرئەوەی دۆلار ھاوشێوەی ھەر کاڵایەک خواستی کڕیاران پڕدەکاتەوە، ھەر کاتێک لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە بەشی خواستی کڕیاران دۆلار دەستبەربوو ھیچ ھۆکارێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی بازرگانان دۆلار بکڕن.

راوێژکاری بانکی ناوەندی ھیوای خواست، فرۆشتن تەنھا بەدینار بێت چونکە دراوی وڵاتە و ھیچ ھۆکارێکیش نیە بۆ پەیوەستبوون بە نرخێکی دیاریکراو، لەبەرئەوەی دۆلار بەردەستە بۆ ھەموو ئەوانەی داوای دەکەن وەک بازرگاکان و ئەوانەشی بۆ گەشت و چارەسەری نەخۆشی و خوێندن دەچنە دەرەوەی وڵات.