ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار حاجی لە ١٦٠ وڵاتی جیھانەوە فەریزەی حەجیان لە کەشێکی گەرمدا ئەنجامدا کە یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئاینی ئیسلام.
حاجیان رۆژی ھەینی سێیەم رۆژی بەردھاویشتنیان لە مینا تەواوکرد و بەھۆیەکانی گواستنەوە روویانکردە مەککە، بە ئەنجامدانی سوڕانەوەی ماڵئاوایی و دەستکردن بە ئامادەکاریی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان.
لە حەجی ئەمساڵدا ٢٤٠ حاجی بەھۆکاری جیاجیا گیانیانلەدەستداو ھەزاران حاجیش بەھۆی پلەکانی گەرماوە باری تەندروستییان تێکچوو، بەڵام ھیچ رووداوێکی پاڵەپەستۆ و گیانلەدەستدانی بەکۆمەڵی حاجیان رووینەدا.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوی شەنگەھای بۆ ھاوکاری ئێران بە رەسمی دەبێتە ئەندامی رێکخراوەکە، کە لەئێستادا رێکخراوی شەنگەھای بۆ ھاوکاری لە چین، روسیا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پێکھاتووە و ھەر لەو کۆبوونەوەیەشدا گفتوگۆ لەسەر بەئەندامبوونی بیلاڕوس دەکرێت لە رێکخراوەکە کە ھاوپەیمانی روسیایە.
رێکخراوی شەنگەھای بۆ ھاوکاری لە ساڵی ٢٠٠١ دامەزراوە بە دەستپێشخەری روسیا و چین و چوار وڵاتی ئاسایی ناوەڕاست، کە بریتین لە تاجیکستان و قرغیزستان و ئۆزبەکستان و کازاخستان، لەساڵی ٢٠١٧ ھندستان و پاکستانیش بوونە ئەندامی رێکخراوەکە، لە ساڵی ٢٠٠٥وە ئێران وەک ئەندامی چاودێر وەرگیراوە، چەند جارێکیش ھەوڵیداوە ببێتە ئەندامی ھەمیشەیی، بەڵام بەھۆی تاجیکستان ھەوڵەکانی شکستیانھێنا.
سانتیاگۆ ئیرازابال سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە رێکخراوی یونسکۆ کشایەوە، ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن داواکارییەکی نوێی پێشکەشکرد بۆئەوەی جارێکی تر وەک ئەندام لە رێکخراوەکە وەربگیرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوی یۆنسکۆدا لە پاریس گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو رێکخراوەکە خرایە دەنگدانەوە و لە ئەنجامدا بە دەنگی بەڵێی ١٣٢ وڵات و دەنگی نەخێری ١٠ وڵات کە ئێران و سوریا و چین و روسیایان تێدابوو، جارێکی تر ئەمریکا بووەوە بە ئەندامی رێکخراوی یونسکۆ و ١٥ وڵاتیش دەنگیان نەدا.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، دادگای تێھەڵچوونەوەی بەریتانیا لە لەندەن، لە دانیشتنێکیدا سەبارەت بە دۆسیەی ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا، بە کۆی دەنگی سێ دادوەر بڕیاریداوە، ناتواندرێت ڕواندا وەک وڵاتێکی سەلامەت ھەژماربکرێت، بەو پێیەش ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا نایاساییە.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچوونەوە، لە ڕواندا مامەڵەیەکی نامرۆڤانە بەرامبەر پەنابەران دەکرێت، بەو پێیەش وڵاتەکە وەک وڵاتێکی سەلامەت بۆ پەنابەر ھەژمارنەکرێت.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا، ھەر پەنابەرێک بە ڕێگەی نایاسایی بگاتە خاکی بەڕیتانیا رەوانەی وڵاتی ڕواندای بکات، سەرەتای ئەمساڵیش دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاریدا پێداچوونەوە بەو بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا بکات.
جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان خەڵک و ھێزە ئەمنییەکان دژی کوشتنی گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی نائیل لە خاڵێکی پشکنین لە پاریس، پێ دەنێتە رۆژی ٢ەوەمەوە، تاکو ئێستاش ١٥٠ کەس لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەکان دەستگیرکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، خۆپیشاندەرەکان لەمیانەی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا ھێرشدەکەنە سەر شوێنە گشتییەکان ، لەنێویاندا قوتابخانە و شارەوانییەکان و ئاگریان تێبەردەدەن.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بە توندی ئیدانەی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەکات و دەشڵێت، شورەییە بۆ لایەنی ناڕازی پەنا دەباتە زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی بۆ دەربڕینی ناڕازییەکانی.
بەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە خاڵێکی پشکنینی ناوچەی لا دیڤانسی شاری پاریس، دوای ئەوەیان رێگەیان پێنەدا تێپەڕببێت، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان شۆفێرێکی گەنج و کارمەندانی خاڵی پشکنینەکە روویداو و گەشەی سەند بۆ بەکارھێنانی چەک، سەرەنجام شۆفێرەکە بە گولەی یەکێک لە کارمەندە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.
ئاژانسی فەرمی سعودییە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ، لە جددەی پایتەختی سعودییە لەلایەن چەکدارێکەوە دەسترێژی گوللـە لە کونسوڵی ئەمریکا کراوە و بەھۆیەوە ھاوڵاتییەکی بە رەگەز نیپاڵی کە یەکێک بووە لە پاسەوانەکانی کونسوڵەکە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە دەرەنجامی رووداوەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کەسی تەقەکەر کوژراوە و لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی ھۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.
ھاوکات، لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە رووداوەکەدا ھیچ ھاوڵاتییەکی ئەمریکی بریندارنەبووە و لەئێستاشدا بۆ ماوەیەکی کاتی کونسوڵەکە داخراوە تاکو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە رووداوەکە.
محەمەد شیاع سودانی، بەبۆنەی ھاتنی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، خوای گەورە ئەم جەژنە بەخێر و دڵنەوایی و سەقامگیری و ئارامی بۆ گەل و خەڵکی خۆشەویستیان لەھەر شوێنک بێت، بگێرێتەوە.
راشیگەیاندووە، ئەم بۆنە پیرۆزە بەدەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی پابەندبوون و ژدبوونیان دووپاتبکەنەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ھەموو کارێک کە بناغەی داھاتوویەکی خۆشگوزەران و ژیانێکی ئازاد و شایستە بۆ ھەموو نەوەکانی گەلی عێراقییان، بەھەموو پێکھاتەکانییەوە دابین بکات.
ھەروەھا سودانی دەشڵێت، بەڵێن بۆ عێراقییە دڵسۆزەکان نوێ دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە خۆڕاگری و کارکردن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەھێز کە لەنێو گەلاندا شانازی پێوە بکەن.
ڤلادیمر پوتن سەرۆکی رووسیا لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی رایگەیاندووە، ئەو پارەیە وەک موچە و پاداشت دراوە بە چەکدارانی ڤاگنەر.
راگەیاندنی ئەو پشتیوانییەی پوتن لە ڤاگنەر لە کاتێکدایە کە پێشتر رەتیان دەکردەوە ھێزێکی لەو شێوەیەیان ھەبێت و بە گروپێکی بەکرێگیراوی نھێنی ناوزەد دەکرا، کە لە چەند وڵاتێکی ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ دەکات.
بەڵام لە دوای ھێرشەکانی سەرئۆکراینەوە ئەو ھێزە بە روونی دەرکەوت، کە وەک باڵێکی سەربازی رووسیا ھێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکرد.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی نۆی مانگی زیلحیجە، چوونی حاجیان بەرەو کێوی عەرەفە دەستیپێکرد و بەردەوامە، سەردانیکاران تاکو خۆرئاوابوون دەمێننەوە و نوێژەکانی نیوەڕۆ و عەسر بە قەسر و جەمع ئەنجام دەدەن.
دەسەڵاتدارانی سعودیە ھەموو پێداویستییەکیان دابینکردووە تاکو ئەو حاجیانەی گرفتی تەندروستی یان جەستەییان ھەیە بگەیەنن بە کێوی عەرەفە، چونکە ھەر کەسێک وەستانی کێوی عەرەفەی لەدەستبچێت حەجی بۆ قبوڵ نابێت کە یەکێکە لە ئەرکانە سەرەکییەکانی حەج.
یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی ڤاگنەرلە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپەکەی خاوەن ئەزموونێکی شەڕکردنی سەرکەوتووە و پێش ئەوەی بڕیارە ھەڵەکان بدرێن، لە ئۆکراین توانیویانە سەرکەوتنی باش بەدەستبھێنن.
وتیشی، مۆسکۆ بڕیاریدابوو لە ١ی تەمموزی ئەمساڵەوە گرووپی ڤاگنەر ھەڵبوەشێنێتەوە، جگە لەوەش ھێزەکانی روسیا بە مووشەک و درۆن بۆردومانی بنکەیەکی ھێزەکانیانی کردووە و ٣٠ سەربازی کوژراون، بۆیەش بڕیاریدا بەپەلە بەرەو شاری روستۆڤ جوڵەبکات.
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەشڵێت، ھێزەکانی کاتێک تەنھا ٢٠٠ کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دووربوون، بۆ راگرتنی خوێن رشتن بڕیاریدا بکشێننەوە، لەوکاتەشدا گەلی روسیا پێشوازی گەرمیان لێکردوون.
بەپێی تۆمارە دەنگییەکە، کە ئاژانسی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١، دۆناڵد ترەمپ تیایدا دەڵێت، بەڵگەنامەیەکی نھێنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تایبەت بە ھێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەلای خۆی ھەڵگرتووە و نایگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری.
ترەمپ لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەشڵێت، بەوپێیەی لەوکاتەدا سەرۆکی ئەمریکایە، دەتوانێت نھێنییەکانی ناو بەڵگەنامەکە ئاشکرابکات، بەڵام ئاشکرای ناکات و لای خۆی دەیپارێزێت.
رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ ، لەسەر ٣٧ تۆمەت لەناویاندا، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی لەوکاتەی سەرۆکی ئەمریکا بووە و ھێشتنەوەی بەڵگەنامە نھێنییەکانی ناو کۆشکی سپی لای خۆی، لە دادگای فیدراڵی لە میامی دادگایکرا، دواتر بە بڕیاری دادگاکە ترەمپ لەبەرامبەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون، بەبێ تاوان لە قەڵەمدرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، رۆژی سێشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی شیرکۆ کە خەڵکی گوندی حەوتاش_ی شاری بانەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران بەسەختی بریندار بووە، بەپێی زانیارییەکان ئەو کۆڵبەرە بەسەختی بریندار بووە رەوانەی ناوەندەکانی تەندروستی بانە کراوە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی ھەنگاو، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا ٤٤ کۆلبەر و کاسبکار لە سنورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بوونە قوربانی، لەو ژمارەیەش ٣٤ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان بووە.
ئەمریکا کاروانێکی تری ھاوکارییەکانی بۆ ئۆکراین راگەیاند، کە بەھاکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، پاتریک رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەوە ٤١مین کاروانی ھاوکارییە کە پێشکەش بە ئۆکراین دەکرێت.
ئەو ھاوکارییەی ئەمریکا دوای یاخیبوونەکەی ڤاگنەر دەێت کە ئەمریکا دووپاتی کردەوە بەردەوام دەبێت لە ھاوکارییکردنی ئۆکراین، بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ ھاوکارییەکان بریتییە لە پەنجا زریپۆشی برادلی، سترایکەر، پێداویستی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و سیستەمی مووشەکی ھایمارس لەخۆدەگرێت.
ھاوکات لەگەڵ دابینکردنی ھاوکارییەکان، ئۆکراین ھێرشی پێچەوانەی لە چەند ناوچەیەک دەستپێکردووە.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەنجامی بەدواداچونێکی لەبارەی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی یۆنان بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆچبەرەکان کە ژمارەیان ٧٥٠ کەس بووە، پێنج رۆژ بەبێ ئاو و خۆراک ماونەتەوە و دوو کۆچبەریش بەھۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، دوای رووداوی ژێرئاوکەوتنەکەش ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٠٠ کەسیش بێسەروشوێنن.
یەکێک لە رزگاربووانی رووداوەکەش ھێزی دەریایی یۆنان بە کەمتەرخەم بەرامبەر کۆچبەران تۆمەتباردەکات و باسی لەوەکردوە، دوای ١٠ سەعات لە داوای فریاکەوتن خۆراکیان بە بەلەم بۆ ھێنراوە و خواردنەکەشیان ھەڵداوەتە یەک لای بەلەمەکە، بۆیە ھەموو کۆچبەرەکان بۆ یەک لای بەلەمەکە ڕایانکردووە و دواتر بەلامەکە توشی ناھاوسەنگی بوو، دواتریش کەشتیەکی سەربازی بەلەمەی کۆچبەرەکان رادەکێشێت و زۆر چەپ و راستیان پێدەکات، لەئەنجامیشدا بەلەمەکە ژێرئاوکەوتووە.
گێڕانەوەی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان جیاوازە لە گێڕانەوەی کۆچبەرەکان و دەڵێن، ئەوان ھەوڵی ڕاکێشانی کەشتییەکەیانداوە بەڵام کۆچبەرەکان ڕەتیانکردووەتەوە و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە دەیانەوێت بەردەوام بن لە گەشتەکەیان بۆ ئیتاڵیا، کاتێکیش بەلەمەکە وەرگەڕاوە ئەوان لە نزیکی نەبوون تا ھاوکاریان بن.
سەرۆکی ئۆکراین لە تویتەر بڵاویکردەوە، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ و ئەرێنی ئەنجامدا و باسیان لە پڕۆسەی سەربازیی و رووداوەکانی روسیا کرد.
راشیگەیاند، پێویستە جیھان فشار لە روسیا بکات، بۆ گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتی.
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا لەگەڵ بایدن ھەروەھا گفتوگۆیان لەبارەی ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین و زیادکردنی ھاوکارییە بەرگرییەکانی واشنتۆن بۆ کیێڤ کردووە، بە تایبەت پێدانی چەکی دوورمەودا بە ئۆکراین.
ڤلادیمێر پوتن بۆ یەکەمجار لەدوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو دەرکەوت و لە پەیامێکدا باسی لەوەکرد، ئەوەی سەرەتای ئەم ھەفتەیە روویدا ویستی رۆژئاوا بوو بۆ پێکدادانی سەربازی لە ناوخۆی روسیا، لەو رووداوەشدا ھەندێک کەس تاوانکارییان ئەنجامدا و خیانەتیان بەرامبەر گەل و نیشتمانیان کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، چەکدارانی ڤاگنەر رۆڵەی روسیان و بەشداربوون لە ئازادکردنی بەشێکی وڵاتدا، بەڵام ئەوان لەلایەن کەسانێکەوە بۆ تاوانکاری بەکارھێنران، لەئێستاشدا چەکدارانی ڤاگنەر دەتوانن پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگرییەوە بکەن یاخود بۆ بێلاڕووس کۆچ بکەن.
سەرۆکی روسیا وتیشی، لە رووداوەکانی شەممەی رابردوودا کۆمەڵگەی رووسی بۆ پاراستنی دەستوور و سیستمەکەی بە یەکگرتوویەوە ھەنگاوی نا، بۆ ھەڵوێستی نیشتمانیشیان سوپاسی ھێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت و سەرکردایەتی و چەکدارانی ڤاگنەر دەکات کە بڕیاریاندا رێگربن لە خوێنڕشتن.