دەقی پیرۆزباییەکە...
کوردساتی ئازیز …
لەبەرامبەر بەدەستھێنانی نازناوی براوەی خەڵاتەکانی گــــڵۆباڵ ئیکۆنۆمیکسی بەریتانی بۆ باشترین خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی لەسەر ئاستی عێراق، پیرۆزباییتان لێ ئەکەم.
بەھۆی سەرکەوتنی ھەوڵەکانی وێبسایتی ‘کوردبین’ەوە، دەزگای میدیایی کوردسات دەمانباتە ئاستێکی بەرزتری چاوەڕوانیمان لەم سەکۆ میدیاییە پڕ بینەرە، لەبەرەوپێشچوون و خۆ نوێ کردنەوە و خزمەتکردن بەو بینەرانەی متمانەی خۆیان و خێزانەکانیان پێ بەخشیون.
ئەم خەڵاتە دەچێتە سەر کاروانی شانازییەکانمان بە کوردسات-ەوە وەک میدیایەکی راستگۆ و سەنگین و پابەند بەپێودانگەکانی کۆمەڵ.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خانەوادەی سەربەرز و تێکۆشەری دێرین، حسێن حەسەن فەقێ سلێمان
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاوی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (حسێن حەسەن فەقێ سلێمان) برای شەھیدی فەرماندە (سدیق حەسەن)مان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن.
لەخوای گەورە داواکارم ھەڤاڵی کۆچکردوومان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ژووری ھەڵبژاردنی گۆڕان بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کە لە سەرەتاکانی ئەم مانگە ئەنجامدرا، بزووتنەوەی گۆڕان لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە، دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی خۆی دەبەستێت.
راشیگەیاند، کۆنفرانسەکە بە دروشمی " گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکان" لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ئەنجامدەدرێت.
دەقی پرسەنامەکە...
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەیەم کە رۆڵێکی دیار و بەرچاویان گێڕاوە لەمێژووی خەباتی گەلەکەمان.
خاتوو گەشاو محەمەد یەکێک بوو لە دادوەرە بەئەزموون و دیارەکانی کورد، ساڵانێکی زۆر لە دادگاکان خزمەتی کرد و ھەوڵی زۆر لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا داوە.
خوای گەورە بە بەھەشتی بەرینی شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو حاکم گەشاو مەریوانی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (حاکم گەشاو مەریوانی) نیگەران و دڵگران بووم.
حاکم گەشاو یەکێک بوو لەو دادوەرانەی کە ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە چەسپاندنی یاساو دادوەرێکی چالاکی دادگای سلێمانی و پاڵپشتی پرسی ژنان و مافەکانیان بوو. جگە لەوەش لەبنەماڵەیاڵەیەکی تێکۆشەری گەلەکەمانە و خوشکی شەھید دڵشاد مەریوانی بوو، کۆچکردنی مایەی نیگەرانی ھەموومانە.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی لەئێوە و خانەوادە تێکۆشەرەکەتان دەکەم، خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگەی بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، بە توندی ئیدانەی ھێرشە "پڕتوندوتیژی و بێماناکان"ی ئەم دواییەی ئێران دژی ھاوڵاتیانی مەدەنیی ھەرێمی کوردستان و ھێرشە درۆنیە بەردەوامەکانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکات و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیەکانیش دەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئیدانەی پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق لە لایەن ئێرانەوە دەکات و جەختیش دەکاتەوە کە لەو ھێرشەدا ھیچ ناوەندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیانیان بەرنەکەوتوون.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆنگرەی داڤۆس رایگەیاند، ماوەیەک لەمەوبەر بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی باڵای عێراق سەردانی ئەنقەرەیان کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان.
وتیشی، گفتوگۆکان باشبوون، ھیچ کێشەیەک لە بەندەر و بۆرییەکەدا نییە، ئامادەییان دەربڕیوە دەست بە ھەناردەی نەوت بکەنەوە، ئەوەی ماوەتەوە و چارەسەرنەکراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقدایە.
ھاوکات جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم لە داڤۆس کۆبونەوە، لە تەوەرێکدا باسیان لە ھەناردەی نەوتی ھەرێم کردووە، بۆ پشتیوانیی سەقامگیری و سەرچاوەی بژێوی لە ھەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە مووچەی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری سلێمانی، بە قەزا و ناحیەکانەوە دابەش دەکرێت.
پێشتریش عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو لە سنوری ھەولێر و دھۆک دابەش دەکرێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ تۆڕی ھەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا، ھەر کاتێک ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و ئەمریکا ھەبێت عێراق باجەکەی دەدات و خاکی وڵاتەکە دەبێتە شوێنی ململانێکانی ئەو دوو وڵاتە، ئێستاش کە ململانێکان کەوتووەتە نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە ھەر عێراق باجەکەی دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێران یان نایەوێت یان ناتوانێت ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بۆیە لە بەرامبەردا بۆ شوێنگرەوەی ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێت و لەو چوارچێوەیەشدا شاری ھەولێری بۆردومانکردووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە توندی ئیدانەی بۆردومانی ھێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ڕابردووی ئێرانی بۆ سەر ھەولێر کرد و وتیشی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێوێشوێنی پێویستیان لەبارەی ھێرشەکەوە گرتووەبەر.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ماڵپەڕی کوردبینی دەزگای میدیایی کوردسات بوو بە براوەی خەڵاتەکانی گــــڵۆباڵ ئیکۆنۆمیکسی بەریتانی بۆ باشترین خزمەتگوزاری ڤیدیۆیی لەسەر ئاستی عێراق، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە شاری دوبەی، دەزگای میدیایی کوردسات ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
کوردبین یەکێکە لە ماڵپەڕەکانی دەزگای میدیایی کوردسات، کە سەرجەم بەرنامە و دراما و فیلم و دۆکیۆمێنتاری و کلیپ و کۆنسێرتەکانی تایبەت بە کوردساتی تێدا دادەنرێت و ھاووڵاتیان دەتوانن لەو رێگەیەوە بینەریانبن.
دامەزراوەی خەڵاتەکانی ئابوریی جیھانی کە دامەزراوەیەکی بەریتانییە و بارەگاکەی لە لەندەنە، ساڵانە ئەو پێگە و پلاتفۆرمانەی کە کارەکانیان جیاوازە و سەردانکارانی بەئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان دەگات، خەڵات دەکات.
ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردووش لە راپرسییەکدا، کەناڵی کوردسات لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، بە پڕبینەرترین کەناڵی گشتی دیاریکرا.
پاپای ڤاتیکان لە چاوپێکەوتنی ھەفتانەیدا، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکانی بۆردوومانەکەی ھەولێر کردووە و دوپاتیکردووەتەوە کە نابێت پەیوەندی نێوان وڵاتە دراوسێکان لەو جۆرە کردەوانەی تێدا بێت، بەڵکو دەبێت ئاڵۆزییەکان لەڕێی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.
داواشی لەسەرجەم لایەنەکان کردووە خۆیان بەدووربگرن لە ھەر ھەنگاوێک، کە ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات .
فەیسەڵ نائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدراڵ کێشەی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەر دەکات و رێوشوێنی پێویستی یاسایی لەوبارەیەوە دەگرێتەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو، بەڕوونی لە یاسای بودجەدا باس لە شایستە داراییەکانی پارێزگاکان و مووچەی فەرمانبەران کراوە و جگە لە پارێزگاکانی ھەرێم، ھەر پارێزگایەک کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەبێت دەتوانێت داوا بەرزبکاتەوە و حکومەتی فیدراڵ راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، ھەر پارێزگایەکی عێراق مافی خۆیەتی داوای جیاکردنەوەی شایستەداراییەکانی پارێزگاکەی لە مووچەی فەرمانبەرانی بکات.
سەکار سورچی وتەبێیژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گوایە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ١٠ ملیۆن دینار وەکو ھاوکاری دەدەنە کەسوکاری ئەو خێزانانەی کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەو ھەواڵە دوورە لەڕاستی.
وتیشی حکومەتی ھەرێم لەساڵی ٢٠٢٠دا بڕیاریدابوو ھەر کەسێک لە کاتی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا گیانلەدەستبدات ٥ ملیۆن دیناری وەکو ھاوکاری پێدراوە، بەڵام ھیچ ھاوکارییەک لەبارەی پێدانی پارەی لەلایەن عێراقەوە بۆ کەسوکاری قوربانیانی کۆرۆنا نییە .
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، کە لە ١٦ی ئەم مانگە دەرکراوە، وەزیری دارایی عێراق ھاوشێوەی سەرجەم دامودەزگاکانی تری دەوڵەت داوای لە وەزارەتی دارایی ھەرێم کردووە لیستی خەرجی موچەی فەرمانبەران مانگانە بۆ مانگی کانونی دووەم و مانگەکانی دواتر بدەنە فەرمانگەی ژمێرکاری وەزارەت یان گەنجینەی پارێزگاکان بەمەبەستی تەمویلکردنی مووچە.
لە بەشێکی تری نوسراوەکەشدا ھاتووە، رەوانەکردنی لیستی مووچە بەوشێوەیە دەبێت، تا ئەوکاتەی خشتەی نوێی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ لە ھەردوو ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران پەسەند دەکرێت.
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، کۆی گشتی داھات تا مانگی تشرینی دووەم گەیشتووەتە ١٢١ ترلیۆن و ٢١٤ ملیار و ٩٠٧ ملیۆن و ٨٧ ھەزار دینار، کە لە کۆی ئەو داھاتە، ١١٢ ترلیۆن و ٦٦٥ ملیار و یەک ملیۆن و ٤٠٢ ھەزار دیناری لەڕێگەی نەوتەوە بووە، بەو شێوەیەش نەوت سەرچاوەی سەرەکی داھاتی عێراق بووە و رێژەی لەسەدا ٩٣ی داھاتی پێکھێناوە، ھەروەھا کۆی گشتی داھاتە نانەوتییەکان گەیشتووەتە ٥٤٩ ملیار و ٥٠٤ ملیۆن و ٩٣١ ھەزار دینار.
ھەر بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی گشتی خەرجی و سلفەکان لە ماوەی ١١ مانگدا گەیشتووەتە ٩٨ ترلیۆن و ٧٢٧ ملیار و ٧٤٥ ملیۆن و ٤١٩ ھەزار دینار.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ھەرێم لەمیانی پێشوازیکردن لە بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان وتی، لەسەر ناوەرۆکی ھەمواری یاسای بودجە لەگەڵ بەغداد گەیشتونەتە رێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترینکاتدا ئەنجومەنی وەزیران ھەموارەکە پەسەند بکات، ھیواشی خواست لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت.
دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچووی دەرھێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق ھاتۆتە ئاراوە، ئومێدیشی خواست لەئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ بەغداد لەسەر دۆسیەی نەوت بگەنە رێکەوتن.
لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ھەست بەو فشارو کاریگەرییانە دەکەن کە لەسەر ئابووری ھەرێم و مووچەخۆران ھەیەو ھەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ھەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر.