جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ ئاسانکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین بەشە گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.
ساڵی رابردوو جووتیاران ناڕەزاییان دەربڕی دژی ئەوەی گەنمی کەمیان لێوەرگیراوە، کە بڕی ٥٠٠ ھەزا تۆن بۆ بەشی ھەرێم دانرابوو، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ ئاسانکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین بەشە گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت، ئەمڕۆش پڕۆسەی ناو نوسین بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران کۆتایی ھاتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسول وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کردو تێیدا باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد ، دیدی یەکێتی بۆ حوکمڕانی و چارەسەری کێشەکان خستەڕوو و رایگەیاند، کە ئامانجی یەکێتییە لەپێناو قووت و ژیانی خەڵک و چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچە، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێن.
شاڵاو کۆسرەت رەسول گوتیشی، لە بەرامبەر خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە بەرپرس دەزانێ و ھەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنیەتی کارکردن لە قۆناغەکانی داھاتوو، رۆڵی تیمی یەکێتی لە حکومەت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، زیاتر لە شەش ھەزار فەرمانبەر کارتی بانکیان لە ڕێی پرۆژەی "ھەژماری من" وەرگرتووەتەوە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەش لە سنوری پارێزگای ھەولێر لە کۆتایدایە و لەماوەی چوار مانگی ڕابردووشدا نزیکەی ١٩٠ھەزار فەرمانبەر بەشداریان تێدا کردووە.
ئاماژەی بەوە شکردووە، لە ئێستادا نزیکەی ٥٠ ئامێری راکێشانی پارە "ئەی تی ئێم" لە شاری ھەولێر ھەن و ژمارەیان لە زیادبووندایە، پێنج بانکی تایبەتیش بەشدارن لە پرۆسەکە و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پەسەند کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئەو ھەژمارە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دھۆک لە قۆناغی کۆتایدایە.
جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ھەر کاتێک بڕە پارەکەی بەغداد گەیشتە ھەرێم دەستدەکەن بە دابەشکردنی مووچە، ئەگەر مووچە دابەشکرا و مامۆستایان لەسەر بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن بەردەوام بوون، ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
دواتر جوتیار عادل روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھیچ ھەڕەشەی لە مامۆستایان نەکردووە و میدیا و سۆشیال میدیاکان لێدوانەکەیان شێواندووە و وەک خۆی بڵاویان نەکردووەتەوە و تیایدا ھیچ ھەڕەشەیەک لە مامۆستایان نەکراوە، بەڵکوو ھەمیشە وتوویانە قەرزاری ھەڵویستی مامۆستا و فەرمانبەران و خۆراگڕییانن لەم قۆناغە داراییە سەختەدا.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، لە ١١ی ئەم مانگەوە تا ئێستا سوپای تورکیا ٧٣ ھێرشی بۆسەر گوندەکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە.
دەشڵێت، ١٧ جار ھێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر وێستگەی نەوتی سوێدییەی سەر بە ناوچەی دێرک و زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، وێستگەی عەودەش لە ترپەسپی سێ ھێرشی کراوەتەسەر.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سوپای تورکیا حەوت جار ھێرشیان کردووەتە سەر وێستگەکانی سووتەمەنی لە کۆبانێ و عەین عیسا و عامودا و ترپەسپی و قامیشلۆ، بەھۆیانەوە کارەبای شارەکان و ھەزار گوند بڕاوە.
ھەروەھا بێجگە لە بۆردوومانی دەیان ماڵ و گوند، سوپای تورکیا لە ئاسمان و زەمینەوە بەردەوامە لە بۆردوومانی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ھاوکات برایەکی مامۆستا جیھان لە پاڵ بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوەکەیان لەسەر گیانلەدەستدانی خوشکەکەی پەیامێکی ڤیدیۆیش لە ئەمریکاوە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، زیاتر لە دوو مانگە کەیسی مامۆستا جیھان وەک خۆی ماوەتەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم نایانەوێت ھیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەربدەن، بۆیە ئێمەش وەک خانەوادەکەی دەڵێن، کەیسی مامۆستا جیھانمان گەیاندووەتە چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ، لە لێکۆڵینەوە و ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکەی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خانەوادەی مامۆستا جیھان تەھا...
بۆ/ تەواوی خەڵکی کوردستان
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان
تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان
ھەروەک ھەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری ٢٦/١٠/٢٠٢٣ ھەواڵی گیانلەدەستدانی مامۆستا جیھان تەھای دانیشتووی ھەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بە ڕوداوێکی ھاتوچۆی گوماناوی ، ھاوکات لە فەیسبووکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنابێت.
ھەرلەسەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان وئازادیخوازان لە سنوری ھەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام ھەبووە. بەجۆرێک کەئازادی ڕادەربڕین ، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و حکومەت و بەرپرسان ھەروەھا چالاکی و خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف بەھەموو شێوەیەک سنوردار و قەدەغەکراو بووە. بۆ نمونە ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ، تیرۆرکردنی وەدات حسێن ، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا ھۆشیار ئیسماعیل ، زیندانی کردنی شێروان شێروانی ، گوھدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەم دواییانەش ڕێگریکردن لە چالاکی و خۆپێشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنوری ھەولێر دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند ھەفتەیەک دوای ڕوداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیھان بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو .
ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی ھەیە و ھیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیھان تەھا کە لە ھەولێر دەژی لەماوەی ڕابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە لە لەکەمتەرخەمی و بەداوانەچوونی داواکاریەکانی وانەبێژان.
لەبەرئەم ھۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیھان تەھا دەسەڵاتی کوردی لە سنوری ھەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیھان وخەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیھان.
ھەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن کە مامۆستا جیھان تیرۆرکراوە:
١. جیھان شۆفێرێکی باش نیە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەھیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار ، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو ڕێگایەی کە جیھان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە ، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە ھەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی ڕوداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت ودژوارە بگرێتە بەر کە پێشووتر ھەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت بۆی نەڕۆیشتبێ لەکاتێک دا دەیتوانی ھەر لەماڵەکەی خۆی لە ھەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەھا ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
٢. جیھان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی و بە ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەس و کار و دۆست و ھاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی ھەندێ کاری گرنگ و پێویست لە ڕۆژەکانی دواتر دا .ھەر لەھەمان ڕۆژ کاتژمێر ٢:٠٦ ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی ھەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە ، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتژمێر ٤:١٠ ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر ھەڕەشەو فشار قسەدەکات.
٣. بۆ ئۆتۆمبێلێکی ھێندە بچووکی مامۆستا جیھان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کەبەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە ھەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. ھەروەھا وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنھا یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە ھەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت.
٤. لەھەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلەو بارزان ،ئێمە و ھەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لەلوتکەکانی حوکمڕانی دان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن.
نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەل و پەلەکانی مامۆستا جیھان کەپەیوەندی بە ڕوداوەکەوە ھەیە ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.
٥. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان ھەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار ھاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیھان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیھان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان ھێناوە. وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە ، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان ھەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیھان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
٦. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیھان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بەبەرنامە وپلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە ، دەشوترێت کە مامۆستا جیھان دەستێکی شکاوە، ھەروەھا ھیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
٧. بەرگری شارستانی سۆران(حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کەئەم ڕوداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکھاتوون، بەڵام دواتر ھەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیھانە، ھاوکات دەیان پەیجی تریش ھەمان ھەواڵیان بڵاوکردەوەکە قوربانیانی ئەو ڕوداوە لەیەک کەس زیاترە.
٨. بەو پێیەی مامۆستا جیھان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەھێزە و ھیوابەخشە ، خاوەن کۆمەڵێ ھیوا و ئاواتی خۆی بووە. ھەروەھا ھەمیشە ھانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێھیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەھەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرھات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە.
لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیھان.
٩. مامۆستا جیھان زانیویەتی کە ھەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت ، وە خۆشی بە پێ ی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەیو دڵی خۆش بووە بەم ھەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە ھەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاھەنگەکە دەپۆشین.
١٠. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات،گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی ھیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، ھەروەھا کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕوداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیھان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.
ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیھان کە لە یانزە ئەندام پێکھاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان ھەیە کە بەدوا داچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیھان کە لە شاری ھەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەھێزی بە سیاسەتەوە ھەیە.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری نشینگە لە فرۆکەخانەی کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو حەوت کەسە لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری نشینگە لە فرۆکەخانەی کەرکوک دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دووان لەدەستگیرکراوەکان ھەڵگری پاسپۆرتی ساختەی دۆمینیکا بوون، سیانیشیان ڤیزەی ساختەی ئیتاڵیا و ئەڵمانیایان بەکارھێناوە. ھەروەھا دوو ھاوڵاتی سوریش دەستگیرکراون کە بەھەمان شێوە ڤیزەی ساختەی ئیتاڵیایان پێ بووە.
کچە خوێندکارێکی خوێندنگەی روئیەی شاری کەرکوک، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت و بانگەشەی ئەوە دەکات لەلایەن بەڕێوەبەرو مامۆستاکەیەوە توندوتیژی دژی ئەنجامدراوە و قسەی نەشیاوی پێوتراوە و ئەشکەنجەدراوە.
سامان مەجید یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نوسینگەی وەزیری پەروەردە ھاتووەتە سەر خەت و دەستبەجێ پەیوەندییان بە پەروەردەی کەرکوکەوە کردووە و داوایان کردووە فەرمانێکی کارگێڕی بۆ دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری خوێندنگەکە لەپۆستەکەی دەربکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە سبەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی لێدان لەو کچە خوێندکارە دروستبکرێت سەردانی ماڵی خوێندکارەکە و مامۆستا و خۆێندنگاکەش بکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئامەد رایگەیاند، لە بەشێکی زۆری شارەکانی باکووری کوردستان دەم پارتی سندوقی دەنگدانی داناوە و ئەندامانی ئەو پارتە بە دەنگەکانیان کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ھەڵدەبژێرن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لە ھەڵبژاردنەکە دەرفەت دانە بە ئەندامانی پارتەکە تاکو بتوانن خۆیان کاندیدەکان دیاری بکەن.
وتیشی، ئەگەر لە گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە ھیچ کام لە کاندیدەکان ٪٥ی دەنگەکانی بەدەستنەھێنا، ئەوا گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکە لەنێوان ئەو کاندیدانە دەکرێتەوە کە لە گەڕی یەکەم زۆرترین دەنگیان ھێناوە.
بڕیارە مانگی ئازاری ئەمساڵ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەبچێت و لەئێستاوە پارت و لایەنە سیاسییەکان ئامادەکارییەکانیان بۆ ھەڵبژاردنەکە دەستپێکردووە.
ماوەی دوو رۆژە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایەو ژمارەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسە حزبی و حکومییەکان ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی باسیان لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و داعش و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووە.
ھەروەھا لە کۆبونەوەی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر باسیان لەوەکردووە نابێت ھاووڵاتییان، باجی کێشە سیاسییەکان بدەن.
رۆژی ١٣ی ئەم مانگەش سەرۆکی ھەرێک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوەوە و پرسی چارەسەری مووچەی فەرمانبەران و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیان تاوتوێکرد.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، سبەینێ وەفدێکی باڵای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی شاری ھەولێر دەکەن و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم کۆدەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و وەفدەکە پێشنیازەکانی خۆیان تایبەت بەدیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخەنەڕوو، سەرۆکی ھەرێمیش وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنەکە دیاری دەکات.
راشیگەیاند، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا داوادەکەن سێ مانگ کاتیان پێبدرێت بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی ھەینی لە سنوری قەزای ئامێدی شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە ڕوویدا و وەزارەتی بەرگری تورکیاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێنج سەربازیان لە شەڕەکەدا کوژراون و ھەشتی دیکەشیان برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری سەرلەبەیانی ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی تری سەبارەت بە کوژرانی سەربازەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەھۆی سەختی برینی بریندارەکان، ژمارەی سەربازە کوژراوەکان بەرزبووەتەوە بۆ نۆ سەرباز، چوار سەربازیش بریندارن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئەنجامی رووبەڕووبونەوەکاندا ١٢ گەریلاش کوژراون.
ھاوکات ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە"ش رایگەیاندووە، گەریلاکانیان ھێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی تورکیا لە مەتینا لە سنوری ئامێدی نۆ سەربازی تورکیا کوژراون و ١٧ سەربازیش برینداربوون کە برینی چواریان سەختە.
بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەوروبەری بەنداوی باشوتی لە خۆرھەڵاتی شاری دێریک و ناحیەی تربەسپی بۆردومان کردووە.
ھێزەکانی سوریای یموکرات "ھەسەدە"ش رایگەیاندوە، سوپای تورکیا ٥ جار بۆردومانی ناوچەی زاربێ و وێستگەیەکی نەوتی لە سنوری تربەسپی بۆردومان کردووە، لە عەین عیساش تۆڕی دابەشکردنی کارەبای کردوەتە ئامانج و بەھۆیەوە کارەبای دەیان گوندی سنورەکە بڕاوە، زیانێکی زۆریشی بە ناوچەکە گەیاندووە.
سەرچاوەیەک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت تێبینییەکانی وەفدی حکومەتی ھەرێم بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بخرێتە دەنگدانی دانیشتنەکەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
وتیشی، کۆبوونەوەکانی وەفدی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق بەرھەمدار بووە و ئەگەرێکی زۆرە لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەنگ لەسەر قبوڵکردنی تێبینییەکانی وەفدی ھەرێم بدرێت تایبەت بە ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند پێشنیارێک لە ئارادایە، لەوانە مووچەی موچەخۆرانی ھەرێم بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق مووچەخۆرانی ھەرێمیش لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن و بانکی ناوەندی عێراقیش لقێکی لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە و راستەوخۆ سەرپەرشتی دابەشکردنی مووچە بکات.
خالید شوانی وەزیری دادی عێراقیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھیوادارن بتوانن لە ئەنجومەنی وەزیران یاسای بودجە ھەموار بکەنەوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد، لەگەڵ ھەریەک لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق کۆبووەوە.
لە دیدارەکاندا، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و دوایین پێشھاتەکانی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و عێراق، جەختیشیکرایەوە لە پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق و دوورگرتنی لە کێشەکانی ناوچەکە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی ھەرێم جەختیلەوەکردەوە، کە دەبێت چارەسەرێکی یەکجاری بۆ پری مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدۆزرێتەوە و تێکەڵ بە ململانێکانی دیکە نەکرێت و کێشەکانی نێوان ھەرێم و عێراقیش لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکرێن.
لای خۆیەوە، نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، بەردەوام بوونی کێشەکان لە بەرژەوەندی ھەرێم و بەغداد نییە و چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ئەرکە و دەبێت چارەسەربکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەغداد لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دوایین پێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و دووپاتکردنەوەی ھەڵوێستی نەگۆڕ و بنچینەیی عێراق سەبارەت بەو ئاستەنگیانەی ڕوبەڕووی بەردەوامبوونی سەقامگیری دەبنەوە لەگەڵ پەرۆشی تەواو بۆ سەروەری عێراق لە ھەر بارودۆخێکدا بێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمەکانی بەردەوامبوون بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە و کێشەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بە پێی دەستوور تاوتوێکرا، بۆ دڵنیابوون لەوەی ھاوڵاتیان لە پارێزگاکانی ھەرێم بەدوور بن لە ھەر زیانێک یان لە ئەستۆگرتنی دەرئەنجامەکانی ئەو ئاستەنگیانەی ڕوبەڕووی دۆسییە کارگێڕی و دارایی و ئابوورییەکان دەبنەوە.