دەقی راگەیەنراوەکە...
کاتژمێر ١١:٣٠ی شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی ھەولێری بوردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی ھەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم ھێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتی دەکەینەوە، بەداخەوە ھەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ ھێرشکردنە سەر ھەولێر بەکار دێنن و ھەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر ھیچ کات سەرچاوەی ھەڕەشە نەبووە بۆ سەر ھیچ لایەنێک.
ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی ھەرێم و عێراقە و پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەپەیامێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی سەر ھەولێری کرد و ئاماژەی بەوەشکردوە، ھێرشەکەی ھەولێر بێ پاساوە و شەھید و برینداری لێکەوتووەتەوە، بۆیەش داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات ھەڵوێستی توندی ھەبێت بەرامبەر بەو پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکردووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە سەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.
پەیوەست بە ھەوڵەکانیش بۆ راگرتنی ھێرشەکان، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوەی خستوەتەڕوو، لە رۆژانی داھاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن لە پێناو کۆتاییھێنان بەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان.
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی ھێرشەکەی شاری ھەولێر و ھەموو ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستانی کردوە و پرسە و ھاوخەمی بۆ قوربانییەکان و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان دەربڕیوە .
پارێزگاری سلێمانی داوای کردووە ئەو ھێرشانە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان رابگیرێن، داواشی لە لەلایەنە سیاسییەکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردوە یەکریزی لەنێوخۆدا بھێننە کایەوە و خۆیان لە ھەر لایەنداری و ھەژمونێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدوور بگرن.
دەقی راگەیەندراوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان...
لە پەیامێکدا یەکێتی زانایان ئیدانەی موشەکبارانی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر دەکات، کە بەداخەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان
بەداخەوە شەوی رابردوو لەرێی درۆن و موشەکەوە ھێڕشی زۆرو کوێرانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر شاری ھەولێرو بەھۆیەوە قوربانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتەوەو چەندین ھاوڵاتی سیڤیل شەھیدو بریندار بوون.
ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم موشەکبارانە دەکەین و خوازیارین لە لایەنی پەیوەندیدار بەزوویی رێ لەو جۆرە ھەوڵە تێکدەرانە بگرن، خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئاشتی دەوێ بۆ ھەموو لایەک نەک بە درۆن و موشەک ھەوڵی شێواندنی سەقامگیری و ئارامی ھاوڵاتیانی بە ئامانج بگیرێ، داواش لە وڵاتی ئێران دەکەین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی مافی دراوسێیەتی کوردستان بپارێزێت.
ھەر لێرەشەوە داوا لە سەرجەم وتاربێژانی بەرێزی ئایینی دەکەین لە وتاری ھەینی داھاتوو ئیدانەی ھێڕشەکە بکەن و نزای خێرو سەلامەتی و ئارامی بۆ کوردستان بکەن.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
١٦ی١ی٢٠٢٤
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێرش بۆ سەر هەولێری پایتەخت ناڕەوایەو ئیدانەی بە ئامانجگرتنی خەڵكی سیڤیل دەكەن.
راشیگەیاند، وەكو یەكێتی پێیانوایە هەر كێشەیەكی سیاسی و ئەمنی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێكاندا بەم شێوەیە تاكلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنی هاوبەش، چارەسەر نابن و تەنها ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەكان تێكدەدەن.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، ئەركی سەرشانی حكومەتی فیدراڵییە هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ داكۆكی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیان، پێویستە دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێم و پارتە سیاسیەكانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
هەروەها سەرەخۆشی ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان بەتایبەتی خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بە یەکگرتویی و یەک گوتاری کوردستانی و کاری پێکەوەیی، وەڵامی ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانە بدەنەوە کە ھەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ھاوکات کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت، ئەمە یەکەم جارنیە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، پێشێلی سەروەری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانە.
داواکارە بەرپرسانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم ھەڵوێستی پێویست بگرنە بەر و ڕێگە نەدەن ھەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی کێشەو ململانێی نێوان دەوڵەتان.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی رەسمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان....
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهید بوونی کاک پێشڕەو مەجید-مان بیست لە کارەساتەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێر ، کاک پێشڕەو یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی تەنها بە توانا و ماندوبوونی خۆی پێگەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆر فراوانی لەناو هەرێمی کوردستان پێکهێنابوو ، خزمەتی زۆری خەڵکی دەکرد لە پێناو خۆشکردنی ژیانی مرۆڤ لە رێگای چالاکییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی دەژیا دوور لە هەموو تێوەگلانێک
غەدرێکی زۆر گەورەیە ، لە ژێر ناونیشانی جیا جیا خەڵکی بێ تاوان دەکرێنە ئامانج بۆیە هەرچی زووە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش بەیەکگرتوویی هەموو جهودی سیاسی و دیبلۆماسی خۆیان بەکاربێنن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک و رێگرتن لەم جۆرە تاوانانە
خودا کاک پێشڕەو و شەهیدانی ئەم کارەساتە بەبەر رەحمەتی خۆی بخات و ئارامی بە کەس و کاریان ببەخشی
سەعدی ئەحمەد پیرە
وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
١٦/١/٢٠٢٤
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە داڤۆس لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و ھێرشە مووشەکییەکی سەر پارێزگای ھەولێریان تاوتوێکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندترین شێوەی ئیدانەی ھێرشەکەی سەر ھەولێری کردووە و جەختیلەوەکردەوە، ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان پێشێلکاریی ئاشکرای سەروەری عێراقە، راشیگەیاند، ئەمەریکا و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، ھێرشەکانی سەر ھەرێم بە بە ھەڕەشەی جددی وەردەگرن و رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێم.
ھاوکات، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم جەختیلەوەکردەوە، ھێرشە بێ پاساواکانی سەر ھەرێم، ناڕەوان و چیتر نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ ھەڵوێست بن، لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەشدا، گفتوگۆکرا لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەوڵەکانیان لەگەڵ فەڕەنسا سەرکەوتوو بووە بۆ ئەوەی حەماس و ئیسرائیل بگەنە رێککەوتن لەبارەی رێگەدانی ئیسرائیل بە گەیشتنی ھاریکاریی مرۆیی بەو ناوچانەی غەززە کە زۆر زیانیان بەرکەوتووە لەبەرامبەر پێشکەشکردنی دەرمان بە بارمتە ئیسرائیلییەکان.
وتیشی، یارمەتییەکان بە دوو فڕۆکەکە لە قەتەرەوە دەگەیەنرێنە میسر و پاشان دەگەیەنرێنە غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختیکردووەتەوە لە ھەوڵەکانیان بەردوام دەبن بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی غەززە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان"دەم پارتی" سەبارەت بە ھێرشکانی سەر شاری ھەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئیدانەی ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر دەکەن و لەگەڵ ھەرێمی کوردستانن.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەو ھێرشانەی لە باشوور و رۆژئاوا دەکرێنە سەر خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد، ناگەنە ئامانجی خۆیان.
ھاوکات داوا لە گەلی کورد دەکەن، لە بەرامبەر ئەم ھێرش و لەناوبردنانە، یەکگرتوو بن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامار و موشەکبارانە ناڕەوایەی ھێزەکانی ئێران دەکەن کە شەوی ڕابردوو کردیانە سەر شاری ھەولێر.
راشیگەیاندوە، لە ھێرشەکاندا بەبێ ھیچ پاساو و بنەمایەک خەڵکی سڤیل و بێتاوان کراوەتە ئامانج، بەوھۆیەوە لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە رۆژی سێشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی رادەگەیەنن.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی، ئاوات جەناب وەزیری دارایی ھەرێم لەگەڵ راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە، لە دیدارێکدا باس لە ھەنگاوەکانی تیمی ھاوبەشی ھەردولا کرا بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ھونەری و تەکنیکیەکان لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی ناوەندیی بەتایبەت کێشە دارایی و ئابورییەکان.
وتیشی ھەماھەنگی باش لەنێوان تیمە ھاوبەشەکان و فەرمانگەکانی ھەردولا ھەیە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژمێریاری و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە.
ھاوکات ئاوات جەناب وەزیری دارایی ھەرێم دەڵێت، ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی خستۆتە گەڕ، تا ھەردولا بتوانن بەیەک سیستەمی ژمێریاری کارەکانیان ئەنجام بدەن.
جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ھەر کاتێک بڕە پارەکەی بەغداد گەیشتە ھەرێم دەستدەکەن بە دابەشکردنی مووچە، ئەگەر مووچە دابەشکرا و مامۆستایان لەسەر بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن بەردەوام بوون، ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
دواتر جوتیار عادل روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھیچ ھەڕەشەی لە مامۆستایان نەکردووە و میدیا و سۆشیال میدیاکان لێدوانەکەیان شێواندووە و وەک خۆی بڵاویان نەکردووەتەوە و تیایدا ھیچ ھەڕەشەیەک لە مامۆستایان نەکراوە، بەڵکوو ھەمیشە وتوویانە قەرزاری ھەڵویستی مامۆستا و فەرمانبەران و خۆراگڕییانن لەم قۆناغە داراییە سەختەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، زیاتر لە شەش ھەزار فەرمانبەر کارتی بانکیان لە ڕێی پرۆژەی "ھەژماری من" وەرگرتووەتەوە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەش لە سنوری پارێزگای ھەولێر لە کۆتایدایە و لەماوەی چوار مانگی ڕابردووشدا نزیکەی ١٩٠ھەزار فەرمانبەر بەشداریان تێدا کردووە.
ئاماژەی بەوە شکردووە، لە ئێستادا نزیکەی ٥٠ ئامێری راکێشانی پارە "ئەی تی ئێم" لە شاری ھەولێر ھەن و ژمارەیان لە زیادبووندایە، پێنج بانکی تایبەتیش بەشدارن لە پرۆسەکە و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پەسەند کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ئەو ھەژمارە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دھۆک لە قۆناغی کۆتایدایە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاڵاو کۆسرەت رەسول وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کردو تێیدا باسی لە دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد ، دیدی یەکێتی بۆ حوکمڕانی و چارەسەری کێشەکان خستەڕوو و رایگەیاند، کە ئامانجی یەکێتییە لەپێناو قووت و ژیانی خەڵک و چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچە، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێن.
شاڵاو کۆسرەت رەسول گوتیشی، لە بەرامبەر خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە بەرپرس دەزانێ و ھەوڵدەدات بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنیەتی کارکردن لە قۆناغەکانی داھاتوو، رۆڵی تیمی یەکێتی لە حکومەت.