خانەوادەی مامۆستا جیهان : کچەکەمان تیرۆرکراوە
کوردسات نیوز
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٣٬٣١٣
ھاوکات برایەکی مامۆستا جیھان لە پاڵ بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوەکەیان لەسەر گیانلەدەستدانی خوشکەکەی پەیامێکی ڤیدیۆیش لە ئەمریکاوە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، زیاتر لە دوو مانگە کەیسی مامۆستا جیھان وەک خۆی ماوەتەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم نایانەوێت ھیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەربدەن، بۆیە ئێمەش وەک خانەوادەکەی دەڵێن، کەیسی مامۆستا جیھانمان گەیاندووەتە چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ، لە لێکۆڵینەوە و ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکەی.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خانەوادەی مامۆستا جیھان تەھا...
بۆ/ تەواوی خەڵکی کوردستان
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان
تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان
ھەروەک ھەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری ٢٦/١٠/٢٠٢٣ ھەواڵی گیانلەدەستدانی مامۆستا جیھان تەھای دانیشتووی ھەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بە ڕوداوێکی ھاتوچۆی گوماناوی ، ھاوکات لە فەیسبووکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنابێت.
ھەرلەسەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان وئازادیخوازان لە سنوری ھەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام ھەبووە. بەجۆرێک کەئازادی ڕادەربڕین ، ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و حکومەت و بەرپرسان ھەروەھا چالاکی و خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف بەھەموو شێوەیەک سنوردار و قەدەغەکراو بووە. بۆ نمونە ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ، تیرۆرکردنی وەدات حسێن ، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا ھۆشیار ئیسماعیل ، زیندانی کردنی شێروان شێروانی ، گوھدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەم دواییانەش ڕێگریکردن لە چالاکی و خۆپێشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنوری ھەولێر دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند ھەفتەیەک دوای ڕوداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیھان بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو .
ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی ھەیە و ھیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیھان تەھا کە لە ھەولێر دەژی لەماوەی ڕابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە لە لەکەمتەرخەمی و بەداوانەچوونی داواکاریەکانی وانەبێژان.
لەبەرئەم ھۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیھان تەھا دەسەڵاتی کوردی لە سنوری ھەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیھان وخەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیھان.
ھەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن کە مامۆستا جیھان تیرۆرکراوە:
١. جیھان شۆفێرێکی باش نیە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەھیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار ، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو ڕێگایەی کە جیھان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە ، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە ھەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی ڕوداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت ودژوارە بگرێتە بەر کە پێشووتر ھەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت بۆی نەڕۆیشتبێ لەکاتێک دا دەیتوانی ھەر لەماڵەکەی خۆی لە ھەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەھا ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
٢. جیھان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی و بە ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەس و کار و دۆست و ھاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی ھەندێ کاری گرنگ و پێویست لە ڕۆژەکانی دواتر دا .ھەر لەھەمان ڕۆژ کاتژمێر ٢:٠٦ ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی ھەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە ، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتژمێر ٤:١٠ ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نوساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر ھەڕەشەو فشار قسەدەکات.
٣. بۆ ئۆتۆمبێلێکی ھێندە بچووکی مامۆستا جیھان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کەبەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە ھەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. ھەروەھا وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنھا یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە ھەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت.
٤. لەھەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلەو بارزان ،ئێمە و ھەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لەلوتکەکانی حوکمڕانی دان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن.
نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەل و پەلەکانی مامۆستا جیھان کەپەیوەندی بە ڕوداوەکەوە ھەیە ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.
٥. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان ھەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار ھاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیھان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیھان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان ھێناوە. وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە ، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان ھەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیھان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
٦. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیھان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بەبەرنامە وپلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە ، دەشوترێت کە مامۆستا جیھان دەستێکی شکاوە، ھەروەھا ھیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
٧. بەرگری شارستانی سۆران(حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کەئەم ڕوداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکھاتوون، بەڵام دواتر ھەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیھانە، ھاوکات دەیان پەیجی تریش ھەمان ھەواڵیان بڵاوکردەوەکە قوربانیانی ئەو ڕوداوە لەیەک کەس زیاترە.
٨. بەو پێیەی مامۆستا جیھان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەھێزە و ھیوابەخشە ، خاوەن کۆمەڵێ ھیوا و ئاواتی خۆی بووە. ھەروەھا ھەمیشە ھانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێھیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەھەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرھات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە.
لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیھان.
٩. مامۆستا جیھان زانیویەتی کە ھەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت ، وە خۆشی بە پێ ی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەیو دڵی خۆش بووە بەم ھەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە ھەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاھەنگەکە دەپۆشین.
١٠. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات،گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی ھیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، ھەروەھا کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕوداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیھان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.
ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیھان کە لە یانزە ئەندام پێکھاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان ھەیە کە بەدوا داچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیھان کە لە شاری ھەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەھێزی بە سیاسەتەوە ھەیە.