دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی یەکێک لە ژنە پێشمەرگە تێکۆشەر و خەباتگێڕەکانی کۆڕی خەبات و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی شۆڕش و سەرکردەیەکی کاریگەری کوردستان و عێراق دەکەینەوە. یادی لەدایکبوونی دایکێک دەکەینەوە کە گەنجێتی لە شاخ بەسەربرد و دوای راپەڕینیش باوەشی بۆ منداڵان و گەنجانی کوردستان کردەوە و شەڕی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و لێبووردەیی دەکرد.
ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بەتەنیا دایک نەبوو بۆ ئێمە، بەڵکو بەو رۆشنبیرییە فراوانەی لە مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدەوە وەریگرتبوو وەک مامۆستایەک وانەکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، یەکترقبوڵکردن و دیموکراسی فێردەکردین.
لە ھێرۆ خانەوە فێری ماندوونەناسی و ھەوڵدان بووین لەپێناو ئامانجە باڵاکان و خزمەتکردنی کوردستانەکەمان.
ھێرۆ خان زۆرباش لە گرنگی کایەی رووناکبیری و رۆژنامەنووسی تێگەیشتبوو، ھەربۆیە ھەمیشە پاڵپشت و ھاندەرێکی سەرسەختی ھونەرمەند، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بوو. کارەکانیشی لەو بوارانەدا بۆ ھەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و مێژوو بە شانازییەوە باسی دەکات.
ئەمڕۆ کە یادی خاتوو ھێرۆی دایک و ژنە شۆڕشگێڕ دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین بە پەندوەرگرتن لە مێژووی پڕشانازی ئەو ژنە سەرکردەیە بەردەوامبین لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و پاراستنی یەکێتییەکەی مام. ھاوکار و ھاندەری ھونەرمەند، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بین. گیانی تەبایی و یەکترقبوڵکردن زیندوو بکەینەوە و پێکەوە دەستلەناودەست لەپێناو سەربەرزی کوردستان و خەڵکەکەی کار بکەین.
تەمەنت درێژ و سایەوسێبەرت ھەمیشە بەسەرمانەوە بێت خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد.
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمڕۆ شەممە ١٢ی٦ی٢٠٢١، لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ھانس ئاکربووم کونسوڵی گشتیی ھۆڵندا لە ھەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ یان تین ھۆڤ راوێژکاری سەربازیی لە کونسوڵخانەی ھۆڵندا لە ھەرێم.
لە دیدارەکە لاھور شێخ جەنگی تەئکیدی لە ھەڵوێستەکانی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبوونی ھەردوولا بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان.
ھاوکات ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە بە ڕەچاوکردنی بنەمای ھاوسەنگی، ڕاشیگەیاند: بوونی یەک ھێزی نیشتمانیی پڕچەک و مەشقپێکراو بۆ ئێستا و داھاتووی کوردستان گرنگە و بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکەین. لەو ڕووەشەوە پێزانینی پێشکەش بە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە لەو پێناوەدا ھەنگاوی گرنگیان ناوە.
لە بەشێکی تری دیدارەکدا ئاماژە بە مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی چەکدارانی داعش کرا و جەخت لە بەردەوامی یٔۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە کرایەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی سەرھەڵدانەوەی یٔەو خانە نوستووانەی داعش.
ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی نیگەرانی خۆی دەربڕی بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان کە بەم دواییە لە سەر سنوورەکانی ھەرێم و تورکیا ھاتونەتە ئاراوە، وتیشی: نابێت ڕێگە بدەین سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بخرێتە مەترسییەوە، دووپاتی کردەوە گرتنەبەری شەڕ و ڕێگەی سەربازی کێشەکان چارەسەر ناکات، پشتیوانیی ڕێگەی ئاشتی و زمانی دیالۆگین بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکان. وتیشی یٔێمە ڕامانگەیاندووە کە بە ھەموو شێوەیەک دژی شەڕی براکوژین.
لە کۆتایی دیدارەکەدا ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقی بە گرنگ زانی، بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و بەدیھێنانی ئامانجەکان و وتی: وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھانی ھەموو لایەنە کوردستانییەکان دەدەین بێنە ژێر چەتری لیستی ھاوپەیمانی کوردستان کە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێکھێنراوە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت یەکدەنگیی کورد لە بەغدا بپارێزین و لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە تەواوی مافەکانی گەلی کورد بە دەست بھێنین.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە نیوز رایگەیاند، وەک یەکێتی بڕوامان بە چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە و ئێمە خوازیارین ھەموان لە یەکڕیزدا کۆببنەوە ورێککەونتێکی رەسمیمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانە ھەیە و ئامادەین رێککەوتن لەگەڵ ھەر لایەنێک بکەین لەگەڵ کارنامەی یەکێتی کۆک بێت.
راشیگەیاند، یەکێتی دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال تووشی کێشەی زۆر بوو، کەسایەتییەکی تری وەک سەرۆک مام جەلال دەرناکەوێتەوە، بەڵام لە ئێستادا من و من و لاھور شێخ جەنگی یەکتر تەواو دەکەین و دۆسیەکانمان دابەش نەکردوە و پێکەوە کارەکان رادەپەڕێنین.
وتیشی، بڕوامان بە عێراق و گەلی عێراق ھەیە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ عێراق بەرنامەی خۆی ھەیە و یەکێتی بۆ بەغداد و عێراق پێویستە و لەو بروایەداین کە ئەم ھەڵبژاردنە دوور دەبێت لە دەستوەردان ودۆسیەی ھەڵبژاردن دەبێت لە دەستماندا بێت
ئاشکراشیکرد، پەیوەندیان لەگەڵ ئێران دێرینە و زۆرینەی ھێزە سیاسییەکانی عێراقیش ئەو پەیوەندییەیان ھەیە.
لەبارەی پۆستەکانی عێراقەوە رایگەیاند، دەبێت سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کورد و یەکێتی نیشتیمانی بمێنێتەوە لەو بروایەداین پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەیە.
وتیشی، لە بروایەداین دکتۆر بەرھەم دەتوانێت لەم رەوشە سەختەدا خزمەتی وڵات بکات و ئێمە پشتیوانی لە دکتۆر بەرھەم بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی عێراق دەکەین.
کەسوکاری سزادراوان و دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، پەیوەندییان پێوە کراوە کە سبەینێ سەردانی ئاسایشی گشتی ھەولێر بکەن بە مەبەستی بینینەوەی پێنج سزادراوەکەی بادینان و دەستگیرکراوانی تری بادینان کە ژمارەیان نزیکەی ٧٠ دەستگیرکراو دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوێنێ "رێواز فایەق" سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمان سەردانی سزادراو و دەستگیرکراوانی بادینانیان کردووە و داواشیان لە ئاسایشی گشتی ھەولێر کردووە رێگە بدەن رۆژنامەنوس و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کەسوکاریان ببیننەوە.
ھاوکات، بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەفتەی رابردوو دۆسیەی پێنج سزادراوەکەی بادینان بەمەبەستی راستکردنەوە و کۆتا بڕیاری دادگا ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم کراوەتەوە، پارێزەرانیش داوایان کردووە لیژنەی باڵا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٢٣٩ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و شەش تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٦١٦ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
وەزیری تەندروستی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە شاری سلێمانی کۆبونەوە و دواتر "د. سامان بەرزنجی" وەزیری تەندروستی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا ٢٢ ھەمین راپۆرتی ئەمساڵی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تاوتوێ کردووە و بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە دەردەکەن.
وتیشی، لە ئێستادا لیژنەیەک پێداچوونەوە بە میلاکی وەزارەتدا دەکات و بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان، ڕەشنوسی چەند پرۆژەیاسایەکی تەندروستی ئامادەکراوە و ژمارەیەکی تریش کاری لەسەر دەکرێت.
حەرب لەمیانی لێدوانێکی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رای گەیاند: بافڵ تاڵەبانی لەزۆربەی سیاستمەدارەکانی تر نیشتمانپەوەرترەو بڕوای بەھەمووان ھەیەو بانگەواز بۆ ھەمووان دەکات، پەیوەندییەکانی لەبەغدا لەسەر حسابی ھیچ لایەنێک نییە، ئاماژی بەوەشدا کە نموونەی وەک ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێو کەسایەتییە سیاسییەکاندا کەمە.
روونیشی کردەوە، سەردانەکەی ھاوسەرۆک بۆ بەغدا پێشوازی گەرمی لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عیراقەوە لێکرا، ئاماژەشیدا کە ھاوسەرۆک لەسەر ھەمان رێبازی باوکی کۆچکردووی، سەرۆکی نەتەوە، مام جەلال، بیروباوەڕو روانبینین و ئاواتی بۆ ھەموو عیراقەو گەلی عیراق بەناوەڕاست و باشوورەوە ئەویان لەلا پەسەندەو پێشوازی لەبیروباوەڕەکانی دەکەن و پێشەوایە،ھەروەھا بافڵ تاڵەبانی نموونەی سەرۆک مام جەلالە لەیەکخستنی ھەموو لایەنەکان و خزمەتکردن بە سەرجەم رەنگەکان.
بەپێی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنینی ماڵان لەلایەن پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە لە ناوچەی شەمزینانی سەر بە جۆلەمێرگ چوار سیاسەتمەداری ژن دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان، ھاوسەرۆکی پێشوی ھەدەپەی جۆلەمێرگ و ھاوسەرۆکی ناوچەی ناوەندی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی جۆلەمێرگ و ھاوسەرۆکی ناوچەی شەمزینانی ھەدەپە دەستگیرکراون و دواتر رەوانەی بنکەی ئاسایش کراون و تائێستاش ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ھۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکردوە.
دەستەی دەستپاکی ھەرێم رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، ھەموو وەزارەتەکان راسپێردراون لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران بکەن و لە ئێستاشدا پرۆسەی وردبینیکردن لە وەزارەتەکان بەردەوامە، ھەر فەرمانبەرێک بە نایاسایی پلەی بەرز کرابێتەوە، پلەکەی لێوەردەگیرێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی دەستەی دەستپاکی، ھەر کاتێک وردبینیکردن لە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو کرا، لیژنەی باڵای چاکسازی بڕیار لەسەر پلە نایاساییەکان دەدات.
ئۆرلیک شانون باڵێوزی کەنەدا لە عێراق سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و قایمقامی شارەکە کۆبووەوە.
ھەر لەو سەردانەدا بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، باڵیۆزی کەندا لە عێراق لەبارەی لەشکرکێشی و ھێرشەکانی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی وڵاتەکەی رایگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەگەڵ حکومەتی عێرق دژی ھەر مەترسییەک دەوەستن کە لەسەر سەروەری عێراق ھەبێت.
ئەحمەد تورک لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە فشاری دەسەلاتدارانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدارانی کورد لە باکوری کوردستان کردو رایگەیاند، بەرەیەکی نەتەوەپەرست تورکیا بەرێوە دەبات ، ئەو بەرەیە بۆ ئەوەی کورد ھەناسە وەرنەگرێت ھەموو جۆرە فشارو توندوتیژییەک بەکاردەھێنێت،بەڵام لەو باوەڕەدایە کە تەمەنی ئەو سیاسەتە زۆر درێژ نابێت.
ھەروەھا تورک، ئاماژە بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە باکوری کوردستان کردو رایگەیاند, دەسەلاتدارانی تورکیا ویستیان بەو پرۆسەیە گەلی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربھێنن، بەڵام ئەو سیاسەتە سەری نەگرت و دەنگەکانی کورد لە سەدا ١٠ بۆ سەدا ١٣ بەرزبۆوە، ئەوەش وایکرد دەسەڵاتدارانی تورکیا کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەری بھێنن.
لە بارەی لەشکرکێشی تورکیاش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ئەحمەد تورک جەختی کردەوە، لەشکرکێشی تورکیا ناگاتە ھیچ ئەنجامێک.
"لوقمان شێروانی" لێپرسراوی فەرمانگەی ھۆشیاری و راگەیاندن لە دەستەی ژینگە راگەیاند، دەستەکەیان لە رۆژیی پێنج شەممەوە بە ھاوکاری فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەنجومەنی وەزیران ھەڵمەتێکیان بە ناونیشانی "بە فیڕۆی مەدە" بۆ ماوەی ١٥ رۆژ دەستپێکردووە و ئامانج لە ھەڵمەتەکەش پاراستن و زیادەرەوی نەکردنە لە بەکارھێنانی ئاو لەلایەن ھاوڵاتیانەوە.
وتیشی، ئەمساڵ بەھۆی کەمبارانی و گرتنەوەی سەچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، گرفتی کەمی ئاوی بۆ ھەرێم دروست دەبێت، ھەر بۆیە داوا لە سەرجەم کەناڵ و وێب میدیاکانی تریش دەکەن ھاوکاربن لە ھۆشیارکردنەوەی زیاتری ھاوڵاتیان.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەموو دەروازە سنورییەکانی ھەرێم و فڕۆکەخانەکان بەسیستمی ئەلیکترۆنی بەیەکەوە بەستراونەتەوە، کە چوار دەروازەی وشکانی و دوو دەروازەی ئاسمانییە لە بەرنامەشدا ھەیە، ھەندێک دەروازەی تری بازرگانی بخرێنە ناو سیستمەکەوە.
وتیشی، ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە رێگرە لە بەردەم ھەموو دەستوەردانێک، چونکە سیستمەکە مەرکەزییە و خۆی بەڕێوەدەبات و رێگە لە ھەموو یاریکردنێک دەگرێت و داھاتی ھەموو دەروازەکان راستەوخۆ دەنێرێنە بانکەکان، پێداچونەوەی داھاتی ھەموو دەروازەکانیش مانگانە دەنێردرێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری.
عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە لە سەر داوای ئێران گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق و ئێران ھەیە بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق رەزامەندی دەرنەبڕیوە.
سەبارەت بە کردنەوەی ڤیزای گەشتیاریش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لیژنەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان داوایانکردوە ڤیزای گەشتیاری لە نێوان عێراق و ئێران دەستپێبکاتەوە، بەڵام بە ھۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێران رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕیوە.