قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ قەزای پێنجوێن نەخۆشخانەی ڕاوێژکاریی جەلال مەحمودی کردەوە و دواتریش لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری شارۆچکەکە کۆبووەوە.
لە سەرەتای سەردانەکەیدا بۆ پێنجوێن جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری وەزیری تەندروستی و بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، نەخۆشخانەی ڕاوێژکاری جەلال مەحمودی کردەوە کە لەلایەن بنەماڵەی ناوبراوەوە بە تێچووی زیاتر لە ٢ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار دروست کراوە. قوباد تاڵەبانی سوپاسی بنەماڵەی جەلال مەحمودی کرد بۆ دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیە کە خزمەتێکی بەرچاو بە خەڵکی پێنجوێن و دەوروبەری دەکات.
دواتر جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کۆبووەوە و گوێی لە داواکاری بەرپرسانی ئیداری قەزاکە گرت و باسیان لە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوازییەکان لە پێنجوێن کرد. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ھەوڵی جێبەجێ کردنی بەشێکی ئەم داواکارییانە دەدات لە پێناو باشتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی دەڤەرەکە.
ھەروەھا باسی لەوەش کرد بەم نزیکانە دەسەڵاتەکان شۆڕ دەکرێتەوە بۆ پارێزگا و قەزا و ناحیە و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بەرپرسانی ئیداری قەزا و ناحییەکان دەسەڵاتی خۆیان بەکاربھێنن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بە ھاوڵاتیان.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی "کانیلان"ی سەر بە قەزای "پشدەر"یان کردووە و ٤ کەس شەھیدبوون کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، ھەر بەھۆی بۆردوومانەکە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
بۆردوومانەکانی تورکیا بە شێوەی ڕۆژانە لە ناوچەکانی سنوری ھەرێم بەردەوامە و سەرباری نیگەرانییەکان تورکیا بۆردوومانەکانی رانەگرتووە.
سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە گرنگییەوە باس لە گرنگی سەردانە چەند ڕۆژییەکەی وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی بۆ بەغداد دەکەن و دەڵێن، یەکێتی ڕۆڵی گەورەی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە و ئەمەش درێژکراوەی ئەو مێژووەیە کە یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال لە ڕابردوودا ھەمیشە کلیلی چارەسەر بووە و وڵاتی لە ناکۆکییە قوڵ و کێشە گەورەکان پاراستووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٤٩٧ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دوو تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٥٥٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
ریاز دەڕاڕ ھاوسەرۆکی مەسەدە وتی، بەردەوامی رکابەرییەکانی وڵاتە زلھێزەکان بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانیان بەربەستن لە بەردەم دیارکردنی ئایندەی سوریا و درێژە بە ململانێکان دەدات.
وتیشی، رەتکردنەوەی ھەنگاوەکانی تایبەت بە چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سوریا لە لایەن وڵاتە خاوەن ھەژموونەکانەوە لە سوریا، دەرگای شەڕ و قەیرانەکان بە کراوەیی دەھێڵێتەوە.
دەڕاڕ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکڕیزی ھێزەکانی ئۆپوزسیونی سوریا تاکە چارەسەرە بۆ بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی سوریا.
ئاشکراشیکرد، مەسەدە بۆ ئەو ئامانجە ھەوڵدەدات کۆنگرەیەک بۆ ھێز و کەسایەتییە دیموکراتخوازەکان رێکبخات.
بە میوانداری بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەکاروباری حکومەتی ھەرێم و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبونەوە، ھەردوولا ھاوڕابون کێشەکانی ئێستای ھەرێم و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتری ھەردوولا ھەیە و پێویستە ھەنگاوی جدی و کرداری بنرێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەدوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق کرا و لەسەر بنەمای رەوشی ھەنوکەیی پلانی داھاتوو بۆ پتەوکردن و رێکخستنەوەی کار و ئەجێندای یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆی لەبارەوەکرا، باسیش لەرێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان کرا، پێشنیازیش کرا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ سەرخستنی تەواوی رێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان.
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لەگەڵ ئەندامانی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی جەزیرە و فورات کوبووەوە و رەوشی سیاسی و ئابوری ناوچەکە و میکانیزمی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان تاوتوێکران تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان کە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنێکی نوێش دروست بکرێت.
بڕیاری ھەڵبژاردنە خۆجییەکان لە گۆنگرەی نوێنەرانی ھەرێمی جەزیرە و فورات لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە دەرکرا.
دەقی رونکردنەوەکە...
ڕوونکردنەوەیەک لە قائمقامیەتی قەزای سۆرانەوە
راستی و دروستی رووداوی دۆزینەوەی (سککەی کانزایی) لە گوندی سرێشمەی سەربە ناحیەی خەلیفان لەچەند رۆژی ڕابردوو ، کە بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین زانیاری نا دروست لە ھەواڵ و سوشیال میدیا.. بۆ ئەم مەبەستە بۆ ڕای گشتی ئەو ڕوونکردنەوەیە بڵاودەکەینەوە ..
رێکەوتی ٠٤/٠٦/٢٠٢١ لەلایەن ھاوڵاتییەک لە گوندی سرێشمە بەناوی (ر) لەکاتی کارکردنی لە پارچە زەویەک گۆزەیەک دەردەکەوێت و بەھۆی ئامێری (حەفارە) گۆزە دەشکێت، ھەر لەلایەن ھەمان ھاولاتییەوە پارچە سککە کانزاییەکان کۆ دەکرێنەوە، دوای سێ ڕۆژ پارچە سکەکان کە (٢٠٤) پارچە بوون ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات ..
لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆو ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ بەدواداچوون لەم کەیسە لەلایەن قائمقامیەتی قەزای سۆران لیژنەیەکی لێکۆلینەوە کە پێکھاتبوون لە ھەریەک لە نوێنەرانی (قائمقامیەتی سۆران، ب. ئاسایشی سۆران، ب. پۆلیسی سۆران، ب. شوێنەواری سۆران) لەژێر چاودێری قائمقامی سۆران دروست بوو ، دوای سەردانی مەیدانی و لێکۆلینەوەو بەدوا داچوونێکی زۆر لەلایەن لیژنەوە، کە بەردەوام لە پەیوندی دابوون، بەھاوکاری خەڵکی گوندو ھاوولاتی ناوبراو (٢٦٤) پارچە سککەی کانزایی تریش لەھەمان شوێن دۆزرانەوە، تێکڕای ئەو پارچە سککانە لەژێر دەستی لیژنە دایە (٤٦٨) پارچە سککەی دۆزراوەن و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دەکرێت.
ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران لە ڕێگای کەسانی پسپۆرو شارەزا بەردەوام دەبێت بۆ لێکۆڵینەوەی شوێنی دۆزینەوەی ئاسەواری ناوچەکەو مێژووی ئەو پارچە سککانە..
وێڕای دەست خۆشی بۆ لیژنەو ھاوڵاتی خاوەن زەوی و دانیشتوانی گوندی سرێشمە کە ھاوکاری لیژنەبوون بۆ پاراستنی ئەو پارچە ئاسەوارانەو پاراستنی شوێنەکە. بۆ ڕای گشتیش رایدەگەیەنین تێکڕای ئەو پارچە سککانەی دۆزراونەتەوە ڕادەستی لیژنە کراوە (٤٦٨) پارچەن و بەپێی زانستە سەرەتاییەکان دراوی کۆنن، ھەروەھا ئەو پارچە ڤیدیۆو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە، دوورو نزیک پەیوەندی بەو ڕووداوەوە نیەو شێوەو پێکھاتەشیان جیاوازە .
لە داھاتووشدا زانیاری زیاتر لەسەر مێژووی ئاسەوارو پارچە دۆزراوەکان بە فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بڵاودەکرێنەوە .
لەگەڵ ڕێزماندا ...
قائمقامیەتی قەزای سۆران
١٣/٠٦/٢٠٢١
لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵوەستە لەسەر خراپی ڕەوشی کارەبا و پیسی شار دەکرێت. چاوەڕوانیش دەکرێت لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا پەیامێک ئاڕاستەی حکومەتی عێراق و ئیدارەی خۆجێی کەرکوک بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزاریەکانی شارەکە.
"واین مارۆتۆ" وتەبێژی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بە بڕی ٣ ملیۆن دۆلار چەک و پێداویستی سەربازییان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، جەختیشیکردووەتەوە، پابەندن بە ڕێککەوتن و ھاوکارییەکانیان لەگەڵ ھاوبەشەکانیان لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو چەکانەی ڕادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کراون، لە چوارچێوەی بەرنامەی سندوقی ڕاھێنان و پڕچەککردندان کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دامەزراوە و لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" بۆ ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەر دابینکراوە.
وتەبێژی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی حوزەیراندا ١٣ ئۆپراسیۆنیان لە عێراق و سوریا دژی داعش ئەنجامداوە، ڕێگریشیان لە ٣ کردەوەی تیرۆریستی کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، دوای ئەوەی ڕۆژی ھەینی ھاووڵاتیەک لە گەڕەکی ڕزگاری شاری سلێمانی کوژراو و ئۆتۆمبێلەکەشی دزرا و تاوانباری تاوانەکەش ھەڵھات و ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو خوارووی عێراق بردبوو.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی و بە سەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە ھەماھەنگی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و ھێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ژووری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، دەستبەسەر ناسنامەی تۆمەتبارەکەدا گیراوە کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ی تکریتە.
ھاوکات ھێزەکانی ئاسایش توانیوانە تاوانبارەکە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەشدا بگرن، جەخت لەوەشکراوەتەوە، لە ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەشدا لەسەر زانیارییەکانی ئاسایشی سلێمانی لەلایەن تیمێکی ھاوبەشەوە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا تاوانبارەکە دەستگیر بکەن، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق، بڕیاریداوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەڵام جوتیارانی سنوری پارێزگای دھۆک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، تا ئێستا بەغداد بڕی وەرگرتنی گەنم و نرخی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی پارێزگای دھۆکی دیاری نەکردووە.
ھاوکات جوتیاران چاوەڕوانن حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بدات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" لە ڕانییە، دیالۆگێکی کراوە سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای کوردستان و مەترسییەکان و لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، بڕیارە لەو دیالۆگەدا "کەنەکە" ھەموو ئەو بابەتانە بخاتەڕوو کە مەترسی لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە.
ماوەیەکە نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بە شێوەیەکی گشتی نرخی یەک لیتر بەنزین نزیکەی ٢٠٠ دینار زیادیکردووە، لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکی تریش جیاوازی ھەیە.
شۆفێرانیش بە گشتی و شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی کرێ بە تایبەتی نیگەرانن لە بەرزبوونەوی نرخی بەنزین و نزمی کوالیتییەکەی داواش دەکەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەری ئەو گرفتە بکەن.