لە ماوەی 15 مانگی جەنگدا لە غەززە 13 هەزار و 319 منداڵ كوژراون
کەژان
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
جەنگی 15 مانگەی غەززە چیرۆكی دڵتەزینی بەدوای خۆیداهێنا، بە تایبەت بۆ منداڵان كە بەهۆیەوە زیاتر لە 13 هەزار منداڵ كوژراون.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، شەڕی غەززە بۆ منداڵان كارەساتبار بووە و 13 هەزار و 319 منداڵی فەلەستینی كوژراون.
جەیمس كاریكی جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەم دواییانەدا بە ئەنجومەنی ئاسایشی راگەیاندووە، غەززە بۆ منداڵ مەترسیدارترین شوێنە لە جیهاندا و منداڵانی غەززە ئەم شەڕەیان هەڵنەبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین باجیان داوە.
نوسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، لە كۆی 42 هەزار و 717 تەرمی فەلەستینی كە تا ئێستا لە غەززە دەستنیشان كراون، 13 هەزار و 319 یان منداڵ بوون.
هاوكات سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان، یونیسێف بە پشتبەستن بە زانیاریەكانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئاشكرایكردووە ، 25 هەزار منداڵیش برینداربوون.
هاوکات ئامینە محەمەد، جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، لە چوار مانگی كۆتایی 2024 دا نزیكەی 19 هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراكی توندەوە لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە.
هەروەها راشیگەیاندووە، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی كە لەلایەن كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە غەززە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆكراوەتەوە 25 هەزار منداڵی غەززە تووشی بەدخۆراكی بوون.
نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، لە ماوەی شەڕی 15 مانگەدا هەزاران منداڵیش دایك و باوكیان لەدەستداوە.
یاسەمین شێریف، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سندوقی جیهانیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، 650 هەزار منداڵیش لە غەززە بەهۆی جەنگەوە بێبەشبوون لە خوێندن.
وتیشی، تەواوی سیستەمی پەروەردە پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە بەهۆی ئەو وێرانكارییە زۆرەی لە غەززە روویداوە.
ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاوەدانكردنەوەی غەززە پێویستی بە 15 ساڵ كاركردنی بەردەوام و بڕی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار دەبێت.