مارکۆ میندیسینۆ وەزیری رەگەزنامە و کۆچی کەنەدی لە لێدوانێکدا ئاشکرای کردوە، تا کۆتایی ئەم ساڵ ٤٠١ ھەزار کۆچبەر وەردەگرن، ئەوەشی ئاشکرا کردوە، ئەو کۆچبەرانەی لەلایەن وڵاتەکەیەوە پەسەند دەکرێن، مافی مانەوەی ھەمیشەیییان بۆ دەستەبەر دەکەن.


 وەزیرەکەی کەنەدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، ئەو ژمارەی کۆچبەرانەی بۆ ئەم ساڵ دیارییکراون گەورەترین ژمارەی کۆچبەرانە لە ماوەی ساڵێکدا قبوڵ کرابن.


پەیوەست بەو رێگەیەی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە کەنەدا دەیگرنەبەر، رێکخراوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە داواکارییەکان بۆ دروستکردنی ھەماھەنگی بۆ ئەو مەبەستە زۆر کەمن، لەو چوارچێوەیەدا رێکخراوی ھاوکاری لەگەڵ خوازیارانی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە تورکیا کە بە ئەسام ناسراوە رایگەیاندوە، رێکخراوەکەیان ھیچ داواکارییەکی پەنابەرانی بەدەست نەگیشتوە کە داوایان کردبێت لە کەنەدا مافی پەنابەرییان بۆ دەستەبەر بکرێت.


لە لایەکی ترەوە چالاکوانێکی سوری ئاشکرای کردوە، دوابەدوای ئاشکراکردنی وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن کەنەداوە، ئەو رێکخراوانەی لەگەڵ کۆمسیۆنی کۆچبەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە نێویشیاندا رێکخراوی سام ئاشکرای کردوە، بەھیچ شێوەیەک ناویان بۆ ئەو مەبەستە تۆمار نەکردوە، ئەوەشی ئاشکرا کردوە، پێدانی مافی مانەوە بۆ ئەو کەسانەی بە مەبەستی کارکردن دەچنە ئەو وڵاتە جیاوازە لەو داواکارییانەی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرییە.


 بەپێی بەرنامەیەکی حکومەتی کەنەدا لەم ساڵدا ٤٠١ ھەزار کۆچبەر وەردەگیرێن و لە ٢٠٢٢دا ٤١١ ھەزار و لە ٢٠٢٣دا ٤٢١ ھەزار کۆچبەر وەردەگیرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لە پێگەی رەسمی حکومەتی کەنەدادا فۆرمی زانیاریی بڵاو کراوەتەوە.