وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، شەممە مانۆڕێکی ئەتۆمی گەورە دەستپێدەکەن و خودی "پوتن" سەرپەرشتی دەکات، کە تیایدا راھێنان و چەندین تاقیکردنەوە لەسەر مووشەکی بالیستی کیشوەر بڕ و مووشەکی جۆری کروز دەکرێت و توانای ئەتۆمی ھەڵدەسەنگێنرێت. 

ئەگەرچی وڵاتانی خۆرئاوا دەڵێن ئەو مانۆڕە بۆ ئەوەیە روسیا توانا و ھێزی ئەتۆمی خۆی پیشان بدات و نوێترین نمایشی ھێزە کە روسیا دەیکات، بەڵام "دیمتری بیسکۆڤ" وتەبێژی کۆشکی کرملین رەتیکردۆتەوە ئەو مانۆڕە پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانەوە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا ھەبێت و دەڵێت، ئەوە تەنھا راھێنانێکی رۆتینییە و شەفافن تیایدا. 

لەلایەکی ترەوە، مانۆڕی ھاوبەشی نێوان روسیا و بێلاڕوس بەردەوامی ھەیە کە تا ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لەگەڵ تەواوبوونی مانۆڕەکەش، بڕیارە ھیچ ھێزێکی روسی لە خاکی بێلاڕوس نەمێنێتەوە. 
لە رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی میونشن، "پوتن" پێشوازی لە "ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ" سەرۆکی بێلاڕوس کرد و ھەڵسەنگاندنیان بۆ ھەماھەنگی سەربازیی و مانۆڕە ھاوبەشەکەیان کردووە. 

مانۆڕەکانی روسیا لەکاتێکدایە کە "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا ھۆشداری داوە لەوەی پێدەچێت روسیا لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا داگیرکارییەکەی بۆ سەر "ئۆکراین" دەستپێبکات، بەڵام "ماریا زاخارۆڤا" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، لێدوانەکانی ئەمریکا لەبارەی داگیرکردنی "ئۆکراین"، ئاماژەیەکە بۆ شکست و لاوازی زانیارییە ھەواڵگیرییەکانیان.