ڤارۆشا ناوچەیەکی چۆڵکراوی شاری "فاماگۆستا"یە لە بەشە تورکیەکەی قوبرس، بەر لە ھێرشی سوپای تورکیا بۆ شارەکە لە ساڵی ١٩٧٤، ناوچەیەکی گەشتیاریی بەناوبانگ بوو، بەڵام لەو ساڵەوە خەڵکەکەی بە ناچاری شارەکەیان چۆڵکرد و ئێستا سەردانیکردنی قەدەغەیە، بەڵام دوای ٤٧ ساڵ لە چۆڵکردنی شارەکە و داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە، حکومەتی ئەنقەرە پلانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارە مێژوویی و گەشتیارییەی گەڵاڵە کردووە، ئەو پلانەش لە سەردانێکی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەشە تورکیەکەی قوبرس بە ئاشکرا باسی لێوەکرا و نەیارەکانیش دەرکەوتن.


لەو چوارچێوەیەدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی شاری ڤارۆشای خۆرھەڵاتی قوبرسی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، ھەوڵی دانیشتووانی بەشە تورکییەکەی قوبرس بە پشتیوانی تورکیا، بۆ کردنەوەی شارەکە کارێکی ئیستیفزاییە و پێچەوانەی ئەو بەڵینانەیە کە پێشتر دراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی دیالۆگ.


ھاوکات "ژان ئیف لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش ئیدانەی پلانەکەی تورکیای کرد و پشتیووانی وڵاتەکەی بۆ قوبرس دژی پلانەکەی ئەردۆغان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو پرسە لە نەتەوەویەکگرتووەکان تاوتوێ دەکرێت. جگە لە ئەمریکا و فەڕەنسا، یۆنان و قوبرسیش دژایەتی پلانەکەیانکرد و ڕەتیانکردەوە.


پێش داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٧٤، ژمارەی دانیشتووانی شاری ڤارۆشا نزیکەی ٤٠ ھەزار کەس بووە، کە بەھۆی ھێرشی تورکیا و کشانەوەی سوپای یۆنان، تەواوی دانیشتووانەکەی شارەکەیان چۆڵکرد و ئێستا شارەکە بە شاری تارمایی و دێوەزمەکان ناودەبرێت، کە سەرباری چەندین ھەوڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان ھێشتا دانیشتووانەکەی نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەکە.