ئەمریكا رێگە بە ئۆكراین دەدات مووشەكی دوورمەودای وڵاتەكەی لە دژی روسیا بەكاربهێنێت
هەژار
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٣٥
دوای بڕیارێكی بایدن شەڕی نێوان روسیا و ئۆكراین پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە و مەترسی جەنگی سێیەمی جیهانی لێدەكرێت، كوڕەكەی ترەمپیش چەند ناوەندێ سەربازیی وڵاتەكەی بەو هەوڵە تۆمەتبار دەكات و روسیاش دەڵێت ئەو بڕیارەی بایدن دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهان.
پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری لێپرسراوانی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردووەتەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا سێ رۆژ لەمەوبەر ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینی ئاگاداركردووەتەوە رێگەی پێدەدات بۆ بەكارهێنانی موشەكی دوورمەودای ئەمریكی بۆ هێرشكردنەسەر قوڵایی خاكی روسیا.
وتیشی، پاڵنەڕی ئەو بڕیارەی ئەمریكا ئاگاداركردنەوەیە بۆ كۆریای باكور كە هێزی زیاتر رەوانەی روسیا نەكات بۆ بەشداریكردن لەشەڕی نێوان كیێڤ و مۆسكۆ كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی كێشە و ناكۆكییەكان.
لێپرسراوانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەشكردوە، ئەگەر هێزەكانی كۆریای باكور لە كۆرسك بكرێنە ئامانج، رەنگە پیۆنگ یانگ پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكات لەبارەی ناردنی هێزی زیاتر بۆ روسیا و بەو شێوەیەش شكست بە هێرشەكانی روسیا دەهێنرێت بۆسەر ئۆكراین.
لە بەرامبەریشدا لیۆنید سلۆتسكی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی روسیا كە بە (دۆما) رایگەیاند، هێرشكردنەسەر قوڵایی خاكی روسیا بە مووشەكی دوورمەودای ئەمریكی لەلایەن ئەمریكاوە، شەڕ و ئاڵۆزییەكان فراوانتر و مەترسیدارتر دەكات و رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانی.
وتیشی، ئیدارەی ئێستای ترەمپ كار بۆ ئەوە دەكات كێشە و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر فراوان بكات كە بۆ ئیدارەی ترەمپی بەجێدەهێڵێت، جەختیشیكردووەتەوە، هەرچەندە تائێستا كۆشكی سپی زانیاری رەسمی لەبارەی رێگەپێدان بە ئۆكراین بڵاونەكردووەتەوە بۆ هێرشكردنەسەر قوڵایی خاكی روسیا، بەڵام بایدن دەیەوێت مێژوویەك بە ناوی مێژووی خوێناوی جۆ بایدن بنووسێتەوە.
دۆناڵد جۆن كوڕی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاش رایگەیاندووە، كۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەكان و كۆمپانیا پیشەسازییە بەرگرییەكانی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان رۆڵێكی خراپ دەگێڕن و بوونەتە مەترسی لەسەر ئاسایش و ئارامی جیهان و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن جەنگێكی گەورەی جیهانیی هەڵبگیرسێنن پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوودا بەڕەسمی وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكار ببێت.
ئەو لێدوانەی كوڕەكەی ترەمپ لە كە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چەندین جار بەڵێنیداوە دوای بەرەسمی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا، هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ ئۆكراین كەم بكاتەوە و هەوڵی كۆتایی هێنان بە شەڕ بدات بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە.